هەواڵی ئەمڕۆ

فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە

09:56 - 19/09/2022

2720جار خوێندراوەتەوە

کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی کوردستان

خەندان-

فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە بەمەبەستی وەرگرتنی هەڵوێستێکی هاوبەش دوای کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمان لە 6ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێش رایدەگەیەنێت، بڕیاری مانەوە یان دەستلەکارکێشانەوەیان دوای کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان بڕیارێکی تاکە کەسی نابێت و حزبەکانیان بڕیاری کۆتایی لەسەر پرسەکە دەدەن. 

وەک فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن کۆدەبینەوە 

کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، وەک فراکسیۆنەکانی (نەوەی نوێ، کۆمەڵ، یەکگرتو و ئازادی) بڕیارە لە داهاتویەکی نزیک کۆببنەوە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی هەڵوێستی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە دوای 6-11-2022ەوە کە خولی پێنجەمی پەرلەمان کۆتاییدێت.

هەوڵ دەدەین کۆدەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن و فراکسیۆنەکانی دیکەش دروستبکەین

ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا وادەی ئەو کۆبونەوەیە دیارینەکراوە بەڵام هەوڵدەدەن لەسەر ئەو بابەتە کۆدەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن و فراکسیۆنەکانی دیکەش دروستبکەن، تاوەکو چارەنوسی  خولی پێنجەمی پەرلەمان لە دوای چوار ساڵ و دواکەوتنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن یەکلایی بکرێتەوە.

فراکسیۆنەکەمان پابەندی هەر بڕیارێک دەبێت کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەریدەکات

پەیوەست بە هەڵوێستی جوڵانەوەی نەوەی نوێش لەسەر مانەوە یان دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن دوای 6-11-2022، کاوە عەبدولقادر وتی، جوڵانەوەکەیان لەسەر ئەو بابەتە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی خۆی نەداوە و بۆ ئەو پرسە گفتوگۆ لەگەڵ فراکسیۆنەکان بەردەوامی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا فراکسیۆنەکەیان پابەندی هەر بڕیارێک دەبێت کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەریدەکات.