لە شارێکی هەرێم زاوایەک هاوسەرەکەی، خەسو و خەزوری بە چەقۆ بریندار دەکات

05:28 - 18/09/2022

3446جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە سلێمانی زاوایەک هاوسەرەکەی، خەسو و خەزوری بە چەقۆ بریندار کرد و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزانیش رایگەیاند، تۆمەتبارەکەش لەلایەن بەرامبەرەکانییەوە بریندارکراوە و دواتر لە نەخۆشخانە دەستگیرکراوە.

بە چەقۆ هەریەک لە هاوسەرەکەی، خەسو و خەزوری بریندار کردوە
ڕاز فریا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، دوێنێ شەممە هێزەکانیان ئاگادار کراونەتەوە  زاوایەک کە تەمەنی 21 ساڵە، هەڵیکوتاوەتەسەر ماڵی خەزوری و بە چەقۆ هەریەک لە هاوسەرەکەی، خەسو و خەزوری بریندار کردوە.
تۆمەتبارەکەش لەلایەن کەسانی بەرامبەرەوە بریندار کراوە
ئاماژەی بەوەشکرد، روداوەکە لە گەڕەکی ئاوارەکانی تانجەرۆ لە سلێمانی رویداوە و زاواکەش لەلایەن ماڵی خەزورییەوە بریندارکراوە، دوای روداوەکەش زاواکە چوەتە نەخۆشخانە بەمەبەستی چارەسەکردنی برینەکەی و لەو کاتەدا لەلایەن هێزەکانیان دەستگیرکراوە.
دۆخی تەندروستی هەرچوار کەسەکە جێگیرە
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان ئەوەشی خستەڕو، لەئێستادا دۆخی تەندروستی هەرچوار کەسەکە جێگیرە و لێکۆڵینەوەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لەسەر دۆسییەکە بەردەوامی هەیە.