هەواڵی ئەمڕۆ

یەکێتی ئەوروپا رەوانەکردنی 7.5 مليار یۆرۆ بۆ هەنگاریا هەڵدەپەسێرێت

04:31 - 18/09/2022

3282جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆمسیۆنی ئەوروپا کە باڵاترین دەستەی جێبەجێکردنی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپایە رایگەیاند، بەهۆی پاشەکشەی دیموکراسی و خراپبەکارهێنانی هاوکارییەکانی ئەوروپا، بڕیاردراوە رەوانەکردنی 7.5 مليار یۆرۆ هاوکاری بۆ هەنگاریا رابگیرێت.

 کۆمسیۆنی ئەوروپا رەوانەکردنی 7.5 مليار یۆرۆ هاوکاری بۆ ئەو وڵاتە هەڵپەسارد 

کۆمسیۆنی ئەوروپا لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، سەرەرای داواکارییەکانی هەنگاریا بۆ هاوکاریی یەکێتی ئەوروپا بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی قەیرانی وڵاتەکەی، بەڵام کۆمسیۆنی ئەوروپا رەوانەکردنی 7.5 مليار یۆرۆ هاوکاری بۆ ئەو وڵاتەی هەڵپەسارد.

بڕیاری کۆتایی راگرتنی هاوکارییەکان پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا هەیە

ئاماژەی بەوەشکردوە، دەبێت هەنگاریا تا مانگی تشرینی دوەمی ئەمساڵ نیگەرانییەکانی ئەوروپا لەبارەی پاشەکشەی دیموکراسی و خراپبەکارهێنانی هاوکارییەکان بڕەوێنێتەوە، بەپێچەوانەوە بڕیاری کۆتایی راگرتنی هاوکارییەکان پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا هەیە کە 27 دەوڵەتن و گریمانە دەکەن بە تەواوی رابگیرێن.

سەرۆکی وەزیرانی هەنگاریان تۆمەتبار دەکات بە لاوازکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان

ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە یەکێتی ئەوروپا، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکی وەزیرانی هەنگاریا تۆمەتبار دەکات بە لاوازکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی دەزگاکانی راگەیاندن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت مافی کەمینەکان، بەڵام ناوبراو کە لە ساڵی 2010ەوە پۆستی سەرۆک وەزیرانی هەنگاریای وەرگرتوە، ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.

نیشانەکردن

ئەوروپا