خه‌ندان- هەڤاڵ محەمەد
كاردۆ محه‌مه‌د، رێكخه‌ری ژوری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، زۆرینه‌ی گۆڕان هاوڕان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه ئه‌م شێوازی كاركردنه گۆڕانی گه‌یاندوه‌ته "بنه‌به‌ست و شكست" و پێویسته ئه‌م شێوازی به‌ڕێوه‌بردنه كۆتایی پێبێت، ده‌شڵێت، "گۆڕان پێویستی به سه‌ركردایه‌تییه‌كی ئازا هه‌یه كه بڕیار و گوتاری هه‌بێت، پێویستی به سه‌ركردایه‌تییه‌ك هه‌یه كه جۆرێك له هێزی تیابێت و پشت ئه‌ستور بێت به عه‌قلی جه‌ماعی، كه ئێمه فه‌راغمان له‌و ڕوه‌وه هه‌یه".
كاردۆ محه‌مه‌د كه هاوكات ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌ی تیمی گۆڕان له حكومه‌ت و بڕیاره‌كانی بزوتنه‌وه‌كه په‌یوه‌ست به بونی گۆڕان له حكومه‌ت و ئه‌گه‌ری كشانه‌وه به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "تیمی گۆڕان له حكومه‌ت دو مانگ جارێك كۆده‌بێته‌وه، به‌ڵام كۆبونه‌وه‌ی دوێنێ له دوای ئه‌م دۆخه دێت كه گۆڕان تێی كه‌وتوه و وه‌كو قۆناغێك دایناوه بۆ خۆڕێكخستنه‌وه به‌تایبه‌ت هۆكاره بابه‌تی و زاتییه‌كان كه بونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی گۆڕان بگاته ئه‌م قۆناغه، پێویسته گۆڕان گوتار و ستراتیجێكی نوێ و به كارنامه‌یه‌كی نوێ خۆی بونیاتبنێته‌وه و ناسنامه‌ی خۆی بپارێزێت، هه‌مو ئۆرگانه‌كانی گۆڕان وه‌كو حكومه‌ت، په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نه هه‌ڵبژێردراوه‌كان باسی سێكوچكه‌ی رێكخستن، حكومه‌ت و په‌رله‌مانمان كرد".
ئه‌م شێوازی كاركردنه گۆڕانی گه‌یاندوه‌ته بنه‌به‌ست و شكست
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، زۆرینه‌ی گۆڕان هاوڕان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه ئه‌م شێوازی كاركردنه گۆڕانی گه‌یاندوه‌ته "بنه‌به‌ست و شكست" و پێویسته ئه‌م شێوازی به‌ڕێوه‌بردنه كۆتایی پێبێت، كه ده‌توانرێت گۆڕان له پڕۆسه‌ی سیاسی وه‌كو هێزێكی سیاسی جیاواز له نه‌ریتخوازه‌كان لێبێت، "ده‌مانه‌وێت گۆڕانكاری بكه‌ین به‌مانای گۆڕانكاری له سیسته‌م به شێوازێك كه پێویستی به چاكسازی بنه‌ڕه‌تی بێت به‌شێوازێك كه دامه‌زراوه‌كانی كوردستان دامه‌زراوه‌ی بنه‌ڕه‌تی بن و سه‌روه‌ری یاسا هه‌بێت، بنچینه‌كانی نیشتیمانی له یه‌كگرتنی هێزی پێشمه‌رگه و داهات و به‌ڕێوه‌به‌ردنه پارێزراوبێت".
ئێستاش لێكه‌وته‌كانی دوئیداره‌یی و كێشه‌ی دابه‌شكردنی پاره و دابه‌شكردنی هێز و هه‌ژمونی حزب زاڵه
كاردۆ محه‌مه‌د باسی له‌وه‌شكرد، "ئێستاش لێكه‌وته‌كانی دوئیداره‌یی و كێشه‌ی دابه‌شكردنی پاره و دابه‌شكردنی هێز و هه‌ژمونی حزب له هه‌رێمی كوردستان زاڵه، چۆن ده‌توانرێت چاكسازی بكرێت؟ له كۆبونه‌وه‌ی تیمی حكومه‌تدا باسی ئه‌وه‌كراو ده‌بێت گۆڕان یه‌كه‌م هه‌نگاو خۆی رێكبخاته‌وه و پاشان هه‌ڵوێست بنوێنێت بۆ هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه ده‌بێته ته‌رجومه‌كردنی گوتاره نوێكه‌ی".
زۆرینه كۆكبون له‌سه‌ر شكستی ئه‌و شێوازه‌ی كه تا ئێستا گۆڕانمان پێبه‌ڕێوه‌بردوه
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "هه‌مو گۆڕان كۆكه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له رابردودا باجی داوه، هه‌رهه‌نگاوێكی سیاسی یان رێككه‌وتنێك كه هه‌یه كاتێك جێبه‌جێ نابێت و باجی ئه‌وه‌ده‌ده‌یت حه‌تمه‌ن ئه‌وه باجێكه كه ئێمه دامان له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی خۆمان كه هه‌ڵه‌مان كرد، ئێمه پێشتریش له جڤاتی نیشتیمانی گفتوگۆمان له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌رانه كردوه و باسمان له هۆكاره‌كانی پاشه‌كشه‌ی گۆڕان كردوه، له كۆبونه‌وه‌ی تیمی حكومه‌ت ناتوانرێت بڕیاربدرێت ته‌نها ره‌ئی ده‌درێت، چونكه جڤات بڕیاربه‌ده‌سته، به‌ڵام به‌گشتی زۆرینه كۆكبون له‌سه‌ر شكستی ئه‌و شێوازه‌ی كه تا ئێستا گۆڕانمان پێبه‌ڕێوه‌بردوه".
كاراكته‌ری زۆرباشمان هه‌یه به‌ڵام كاتێك ده‌سه‌ڵاتی نابێت و ناتوانێت ئاڵوگۆڕ بكات پێویسته بڕیاربده‌ین
كاردۆ محه‌مه‌د وتیشی، "شكستی گۆڕان شه‌خسی نیه، به‌ڵكو كاراكته‌ری زۆر باشمان هه‌یه و وێنه‌ی زۆر جوانی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مانه له‌چوارچێوه‌ی كاری شه‌خسیه و ئێمه باسی په‌یام و گوتار و ستراتیجی هێزه سیاسیه‌كه ده‌كه‌ین، بۆیه كاتێكه كه رێككه‌وتنه‌كه‌مان جێبه‌جێ ناكرێت پێویسته بڕیاربده‌ین، ئێمه كاراكته‌ری زۆرباشمان هه‌یه به‌ڵام كاتێك ده‌سه‌ڵاتی نابێت و ناتوانێت ئاڵوگۆڕ بكات و كاتێك به دامه‌زراوه‌یی حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ناچێت پێویسته بڕیاربده‌ین و ئه‌و كێشانه به شه‌خس چاره‌سه‌ر ناكرێت".
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا تیمی گۆڕان له حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بوه؟، رێكخه‌ری ژوری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وتی، "باسی كۆبونه‌وه‌كه‌ی تیمی حكومه‌تت بۆ ده‌كه‌م كه باسی پێشێلكاری له رێككه‌وتنه‌كان كرا، وێڕای ئه‌وه‌ش باسی ئه‌و باجه كرا كه گۆڕان داویه‌تی له‌سه‌ر ئه‌وبابه‌ته، ئێمه وه‌كو هێزێكی سیاسی ئامانجمان هه‌یه، ئایا توانیومانه ئامانجه‌كه به‌دیبهێنین؟ ئه‌مه پرسیار دروستده‌كات چۆن ئه‌مه ده‌گۆڕین و ئیتر كۆتایی به باج دان بهێنین؟".
بڕیاردرا كه ژوری یاسایی، ژوری توێژینه‌وه و ژوری حكومه‌ت گه‌ڵاڵه‌ی پڕۆژه‌یه‌ك بكه‌ن
په‌یوه‌ست به بڕیاری كشانه‌وه یان مانه‌وه له حكومه‌ت، كاردۆ محه‌مه‌د وتی، "كاتێك له جڤاتی نیشتیمانی گفتوگۆكرا له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی گۆڕان له ئه‌نجامی گفتوگۆكردنه‌كه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بڕیاردرا كه ژوری یاسایی، ژوری توێژینه‌وه و ژوری حكومه‌ت گه‌ڵاڵه‌ی پڕۆژه‌یه‌ك بكه‌ن له‌سه‌ر لایه‌نی ئیجابی و سلبی بڕیاره‌كه، دوێنێ ژوری یاسایی وتی ئێمه ته‌واومان كردوه ئه‌و بابه‌ته و داومانه به ژوری توێژینه‌وه و چاوه‌ڕوانی ئه‌وان ده‌كه‌ین، باسی ئه‌وه نه‌كرا كه پێیان باشه بكشێنه‌وه یان نا به‌ڵكو باسی لایه‌نی ئیجابی و سلبی و باجدان له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه كرا، ئایا كشانه‌وه یان نه‌كشانه‌وه چ كاریگه‌ریه‌كی هه‌یه؟".
هه‌ر حزبێكی سیاسی كه توشی شكست و قه‌یران ده‌بێت بۆ بیناكردنه‌وه‌ی بۆچونی جیاواز دروستده‌بێت
كاردۆ محه‌مه‌د وه‌ڵامی ئه‌و ره‌خنانه‌ی دایه‌وه كه ده‌وترێت "گۆڕان ئێستا دره‌نگ بڕیارده‌دات، به‌پێچه‌وانه‌ی گۆڕانی سه‌رده‌می نه‌وشیروان مسته‌فاوه"ه‌وه وتی، "هه‌ر حزبێكی سیاسی كه توشی شكست و قه‌یران ده‌بێت بۆ بیناكردنه‌وه‌ی بۆچونی جیاواز دروستده‌بێت، ئه‌وه ته‌بیعه‌تی پڕۆسه‌ی سیاسییه و ئه‌و ناكۆكییه‌ی كه هه‌یه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت، له وڵاتانی ئێمه‌ش سه‌ركردایه‌تی زۆر گرنگه، گۆڕان كه هێزێكی نوێ بوه و به‌رنامه‌كه‌ی و خه‌بات و هێنانه پێشه‌وه‌ی گه‌نجان نوێ بوه، پێویستی به سه‌ركردایه‌تییه‌كی ئازا هه‌یه و پێویستی به سه‌ركردایه‌تییه‌ك هه‌یه كه بڕیار و گوتاری هه‌بێت، پێویستی به سه‌ركردایه‌تییه‌ك هه‌یه كه جۆرێك له هێزی تیابێت، چونكه كاریزما له پڕۆسه‌یه‌كی هه‌ڵوێست و بڕیارداندا دروستده‌بێت، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تییه‌كی وات هه‌بێت و پشت ئه‌ستور بێت به عه‌قلی جه‌ماعی، كه ئێمه فه‌راغمان له‌و ڕوه‌وه هه‌یه به‌ڕاستی".
زۆرجار بڕیاره‌كان له پڕۆسه‌ی ململانێ و كێشه‌كان مردار ده‌بنه‌وه
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان په‌یوه‌ست به هه‌ڵنه‌بژاردنی سه‌ركردایه‌تی گۆڕان له‌دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن، رونیكرده‌وه، "زۆرجار بڕیاره‌كان له پڕۆسه‌ی ململانێ و كێشه‌كان مردار ده‌بنه‌وه، چونكه گرنگه له‌كاتی خۆی هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كان بدرێن، هه‌مو هه‌ڵوێستێك زه‌مه‌نی خۆی هه‌یه، ره‌نگه به‌یانی بیده‌یت ئه‌و به‌هایه‌ی ئه‌مڕۆی نابێت و دوێنێش بتدایه ره‌نگه زوربوبێت، بۆیه سه‌ركردایه‌تی پێویسته كات و زه‌مه‌نه‌كه‌ی له‌به‌رچاو بێت ئه‌گه‌رنا هه‌مو كارته‌كان به‌هایان نامێنێت ئه‌گه‌ر به‌كاریشبهێنرێت، له‌ناو گۆڕانیشدا پڕۆسه‌ی بڕیار گرفتی تێدابوه".
ده‌بو له دوای هه‌ڵبژاردن راسته‌وخۆ سه‌ركردایه‌تی نوێ هه‌ڵبژێردرێت
ئه‌وه‌شی وت، "ده‌بو له دوای هه‌ڵبژاردن كه گۆڕان ده‌نگی نه‌هێنا و ئه‌ندامانی خانه ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه به‌رپرسیارێتیان هه‌ڵگرت، ده‌بو راسته‌وخۆ سه‌ركردایه‌تی نوێ هه‌ڵبژێردرێت، چونكه له فه‌راغی نه‌بونی سه‌ركردایه‌تی ئه‌م كه‌سایه‌تیانه‌ی كه ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه خۆیان كاره‌كانیان كرد، ده‌بو هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئه‌گه‌ر متمانه به‌وانیش بدرایه‌ته‌وه هه‌رده‌بو هه‌ڵبژاردن بكرێت بۆ سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ، ئێمه ئه‌وه‌مان به‌سته‌وه به كۆنفرانسه‌وه، كه ئێستا به‌شی زۆری پێداویستیه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندن و راپۆرته‌كان ته‌واوبوه به‌ڵام ده‌مێنێته‌وه كه كه‌ی بڕیاری لێده‌ده‌ین، پێموایه باشترین وێستگه‌یه بۆ ره‌وایه‌تیدان به هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك كه بمانه‌وێت بیكه‌ین".
كاراكته‌ره‌كانی گۆڕان بۆیه حزبه ته‌قلیدیه‌كانیان به‌جێهێشت و جوڵانه‌وه‌یه‌كی نوێیان دروستكرد بۆئه‌وه‌بو جیاوازبن له حزبه‌كانی دیكه
له‌باره‌ی كاریگه‌ی لایه‌نه‌كانی ناوخۆی هه‌رێم و ده‌ره‌وه له‌سه‌ر گۆڕان، به‌تایبه‌تی كاریگه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان، كاردۆ محه‌مه‌د ده‌ڵێت، "ئه‌گه‌ر سه‌یری ناوچه‌كه بكه‌یت، به‌شی زۆری هێزه‌كان كه له‌ناوچه‌كه‌دان له‌ژێر كاریگه‌ری هه‌رێمی یان ده‌ره‌وه‌ن، وزه و تواناش له‌وان وه‌رده‌گرن و توانیویانه پارێزگاری له وجودی خۆشیان بكه‌ن، من هه‌میشه وه‌رگرتنی تێڕوانییه‌كان وه‌كو گشتی گۆڕان وه‌رده‌گرم نه‌ك تاك، چونكه له‌ناو كۆمه‌ڵێك هێلكه‌دا هێلكه‌ی پیس هه‌یه، به‌ڵام باسی بڕیار و دامه‌زراوه‌كانی گۆڕان ده‌كه‌ین، كاراكته‌ره‌كانی گۆڕان بۆیه حزبه ته‌قلیدیه‌كانیان به‌جێهێشت و جوڵانه‌وه‌یه‌كی نوێیان دروستكرد بۆئه‌وه‌بو جیاوازبن له حزبه‌كانی دیكه، ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر پۆست و ئیمتیازاته بۆ ئێمه كه ده‌یان ساڵه له‌ناو حه‌ره‌كه‌كانه‌دا بوین هه‌مانبو، به‌ڵام ئێمه ویستومانه جوڵانه‌وه‌یه‌كی جیاواز دروستبكه‌ین".
ئه‌قڵییه‌تی نه‌ریتخوازی و هه‌لومه‌رج و فاكته‌ره‌كانی زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ چوارچێوه‌ی نه‌ریتخوازی به‌ڵێ ئێستا هه‌یه
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا پێتوانیه كه گۆڕان ئێستا بوه‌ته حزبێكی ته‌قلیدی هاوشێوه‌ی حزبه‌كانی دیكه؟ كاردۆ محه‌مه‌د ده‌ڵێت، "ئه‌قڵییه‌تی نه‌ریتخوازی و هه‌لومه‌رج و فاكته‌ره‌كانی زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ چوارچێوه‌ی نه‌ریتخوازی به‌ڵێ ئێستا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه له به‌ربه‌ره‌كانێدایه، هێزێكی گه‌وره‌یه له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تی، جه‌ماوه‌ری، رۆشنبیری و فاكته‌ری لۆژیكی هه‌مویان كارده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ت بۆ دۆخه ته‌قلیدییه‌كه، گۆڕانیش ئه‌م گورزه‌ی پێكه‌وتوه كه توشی گرفتی كردوه، به‌ڵام باس له كاكڵه‌كه‌ی ده‌كه‌م كه ئێستا به‌رگریكاری سه‌رسه‌ختی ئه‌وه‌یه كه پارێزگاری له پڕه‌نسیپه‌كانی گۆڕان له چوارچێوه‌ی گۆڕان به‌شێوه‌یه‌ك بكات كه ناسنامه‌ی خۆی هه‌بێت كه هێزێكی جیاوازه چ بۆ ده‌ره‌وه كه پابه‌ندنیه به ململانێكانی ده‌ره‌وه چ بۆ ناوه‌وه‌ش كه له‌ژێر كاریگه‌ری هیچ حزبێكی ته‌قلیدی نه‌بوه و نه ده‌شبێت، چونكه ئه‌وكاته گۆڕان نامێنێت، كاتێك وه‌كو ئه‌وانی لێدێت زه‌روره‌تی گۆڕان نامێنێت".
ئه‌وان جگه له‌وه‌ی كه كوڕی كاك نه‌وشیروانن وه‌كو هه‌ر كه‌سێكی تر به‌شێكن له گۆڕان
په‌یوه‌ست به رۆڵی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ناو بزتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، كاردۆ محه‌مه‌د ده‌ڵێت، "ئه‌وان جگه له‌وه‌ی كه كوڕی كاك نه‌وشیروانن وه‌كو هه‌ر كه‌سێكی تر به‌شێكن له گۆڕان، به‌ڵام تا ئێستا به فه‌رمی ته‌داخولیان نه‌كردوه، ئێمه هه‌میشه ته‌ئكیدمان كردوه‌ته‌وه و وتومانه گۆڕان یه‌كێك له خاڵه گه‌شه‌كان و جیاوازییه‌كانی بابه‌تی ته‌وریسی سیاسییه، به‌ڵام وتومانه وه‌كو هه‌مو گه‌نجێكی تر حه‌قی خۆیان له پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ناو گۆڕاندا هه‌یه و به‌شداربن و ئه‌گه‌ر له كۆنفرانس متمانه‌یان وه‌رگرت، ئه‌وا رێز له‌و متمانه‌یه وه‌رده‌گیرێت، تا ئێستاش جگه له راوێژ و چۆنێتی پاڵپشتیكردنی گۆڕان هیچ ته‌داخولێكی فه‌رمیان نه‌بوە".