به‌رپرسێكی پێشوی ئه‌مریكا: واشنتن و له‌نده‌ن نایانه‌وێت ئه‌م جه‌نگه‌ی ئۆكرانیا كۆتایی پێبێت

12:02 - 18/09/2022

2481جار خوێندراوەتەوە

روسیا، ئه‌مریكا و ئۆكرانیا

خه‌ندان-

به‌رپرسێكی پێشو له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، واشنتن و له‌نده‌ن سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م جه‌نگه‌ به‌ كۆتایی نه‌گات و ئۆكرانیاش له‌م نێوه‌نده‌دا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ روسیا دانوستان نه‌كات، ده‌شڵێت، "ئه‌مریكا و بریتانیا وابیر ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی روسیا تێكبشكێنن".

به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی News Unrolled، كریسچن وینتن، به‌رپرسی پێشو له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاندوه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و شانشینی یه‌كگرتوی بریتانیا نایانه‌وێت ئاشتی بۆ ئۆكرانیا بگه‌ڕێته‌وه‌ و ناشیانه‌وێت ئه‌م جه‌نگه‌ كۆتایی پێبێت.

جێگەی داخە كه‌ له‌و بڕوایه‌دا نیم بەم زوانە قەیرانه‌كان کۆتایییان پێبێت
وتیشی، "جێگەی داخە كه‌ له‌و بڕوایه‌دا نیم بەم زوانە قەیرانه‌كان کۆتایییان پێبێت، ئۆکرانیا دەتوانێت لەگەڵ ڕوسیا دەست بە دانوستان بکات و ئه‌م خوێن رشتنه‌ لێره‌دابوه‌ستێنێت،  بەڵام دڵنیام لەوەی کە واشنتن و له‌نده‌ن نایانه‌وێت ئه‌م جه‌نگه‌ ڕابوه‌ستێت".
وابیر ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی روسیا تێكبشكێنن
ئه‌و به‌رپرسه‌ باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هیچ گرنگ نیه‌ به‌لای ئه‌مریكا و بریتانیاوه‌ كه‌ چه‌نكه‌س له‌م جه‌نگه‌دا ده‌كوژرێن، ئه‌وه‌ی به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان بیرده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی روسیا وێران بكه‌ن و له‌ڕوی سه‌ربازیشه‌وه‌ تێكیبشكێنن".
به‌ كشانه‌وه‌ی ئۆكرانیا له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی نزیك له‌ سنوره‌كانی روسیا بارودۆخه‌كه‌ هێمن ده‌بێته‌وه‌
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئۆکرانیا هەندێک ناوچە جێبهێڵێت کە لە ڕوی نەتەوەییەوە ڕووسین و به‌ روسی ده‌دوێن، ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی به‌رقه‌رارببێت ئه‌گه‌رنا روسیا له‌مه‌ی ئێستا زیاتر خوێنی ئۆكرانیایه‌كان ده‌ڕژێنێت".