قوباد تاڵه‌بانی: پارێزگاری له‌ مافه‌كانی ژنان ده‌كه‌ین و له‌م خه‌باته‌شمان سه‌ركه‌وتو ده‌بین

06:53 - 17/09/2022

919جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان ئه‌نجامده‌ده‌ن به‌رده‌وامن و كه‌مته‌رخه‌م نه‌بون، له‌م خه‌باته‌شدا بۆ داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ژنان سه‌ركه‌وتو ده‌بن.

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ خه‌ندان رایگه‌یاند، "شوێنكه‌وتنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر ئافره‌تان ئه‌نجامده‌ده‌ن پڕۆسه‌یه‌كی تایبه‌ت و خه‌باتێكی به‌رده‌وامه‌، به‌هۆی لێدوانه‌كانیشمه‌وه‌ رێكخراوێكی ئێجگار زۆر هاتونه‌ته‌سه‌ر هێڵ له‌ پێناو داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ژنان، دڵنیام له‌م نێوه‌نده‌دا به‌ته‌نیا نیم".

دڵنیام له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان ئه‌نجامده‌ده‌ن ته‌نها نیم
وتیشی، "دڵنیام له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنانى ئه‌نجامده‌ده‌ن ته‌نها نیم و رێكخراوه‌كانی داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ژنان ئه‌وه‌یان بۆ دوپاتكردومه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ شوێنكه‌وتنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی ده‌ستیان له‌ ئه‌نجامدانی توندوتیژی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنان سارد نه‌بوینه‌ته‌وه‌ و كه‌مته‌رخه‌میش نین".
مافی ژنه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی شاخ به‌ گێڕانه‌وه‌ی موچه‌كانیان پارێزگاری لێكراوه‌
سه‌باره‌ت به‌ پێدانی ماف به‌ ژنان له‌ئێستادا و به‌راورد به‌ رابردو، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم باسی له‌وه‌كرد، "له‌ كۆتا دیداری یه‌كێتیی، یه‌كێك له‌ داواكارییه‌كانی ژنه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی شاخ ئه‌وه‌ بو كه‌ موچه‌كانیان  بۆ ببه‌سترێته‌وه‌، ئه‌و كاره‌ش له‌ئێستادا ئه‌نجامدراوه‌، یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان هه‌میشه‌ پێشه‌نگبوه‌ له‌وه‌ی داكۆكی له‌ مافه‌كانی ژنان بكات و رێگربێت له‌وه‌ی روبه‌ڕوی توندوتیژی ببنه‌وه‌".
له‌ ناو یه‌كێتی و خودی سه‌رۆكی یه‌كێتیش داكۆكی له‌ مافه‌كانی ژنان كراوه‌
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "له‌ناو یه‌كێتیدا ده‌یان سه‌ركرده‌ی به‌ڕێز بونی هه‌یه‌ كه‌ پشتیوانی له‌ داوا ره‌واكانی ژنان ده‌كه‌ن و له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌شدا یه‌كێك له‌ داواكانی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتی ئه‌وه‌بو، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی زیاد بكرێت، ئه‌وا ده‌بێت به‌ ژنان زیادبكرێت".
داوام له‌ دادوه‌ره‌كان كردوه‌ كه‌ زانیاریی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ نهێنی و پارێزراوی بهێڵنه‌وه‌ كه‌ روبه‌ڕوی توندوتیژی بونه‌ته‌وه‌
له‌باره‌ی پرسی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و ناتوانن بیگه‌یه‌ننه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند، "داوا له‌ ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت ئازابن، پێیان ده‌ڵێین ئه‌وان ته‌نیا نین و ئێمه‌ له‌ خزمه‌تی ئه‌و خانمانه‌دا ده‌بین كه‌ روبه‌ڕوی توندوتیژی ده‌بنه‌وه‌ و تا پێمان بكرێت ده‌یانپارێزین، ته‌نانه‌ت له‌ په‌رله‌مانیش گۆڕانكاری له‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان كراوه‌ و زیاتر لایه‌نگیری و پارێزگاری له‌و ژنانه‌ ده‌كات كه‌ روبه‌ڕوی توندوتیژی و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بنه‌وه‌، به‌جۆرێك زانیارییه‌ نهێنیه‌كانی ئه‌و كه‌یسانه‌ ده‌بێت پارێزراوتر بن، داواشم له‌ دادوه‌ره‌كان كردوه‌ كه‌ زانیاریی و كه‌یسی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ نهێنی و پارێزراوی بهێڵنه‌وه‌".
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تاوان و توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان ئه‌نجامده‌ده‌ن له‌ ناو خێزانه‌كاندا روڕه‌ش ده‌كرێن
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "پێموایه‌ رۆژێك ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تاوان و توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان ئه‌نجامده‌ده‌ن له‌ ناو خێزانه‌كاندا روڕه‌ش ده‌كرێن، له‌م خه‌باته‌ هه‌ر سه‌رده‌كه‌وین و ئه‌م كرده‌وانه‌ش له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا ره‌تده‌كرێنه‌وه‌ و گشت دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تیش له‌ پێناو پاراستنی مرۆڤایه‌تیدا ده‌بن".