وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: بابه‌تی دو ئیداره‌یی ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نیه‌

06:12 - 17/09/2022

3027جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی حكومه‌تی كوردستان رایگه‌یاند، ده‌ستیان به‌هه‌نگاوه‌كانی به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی دابه‌شكردنی موچه‌ كردوه‌، بابه‌تی دو ئیداره‌ییش هیچ بنه‌مایه‌كی نیه‌، حكومه‌تی هه‌رێمیش پاڵپشتی ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌سنوری سلێمانی ده‌كات.

جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ په‌راوێزی ئه‌مڕۆ کۆڕبەندی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابوری له‌ سلێمانی، كه‌ په‌یامنێری خه‌ندان ئاماده‌ی بو رایگه‌یاند، "باسكردن له‌ دو ئیداره‌یی، هیچ بنه‌مایه‌كی نیه‌ و ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نیه‌".

له‌ئێستادا ده‌ستمانكردوه‌ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی پێدانی موچه‌ به‌ خانه‌نشینان

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی دابه‌شكردنی موچه‌، جوتیار عادل وتی، "سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی پێدانی موچه‌، له‌ئێستادا ده‌ستمانپێكردوه‌ بۆ خانه‌نشینان، به‌ڵام پێویستی به‌ سیستمی بانكی و كۆمه‌ڵێك رێكار هه‌یه‌".

داهات و خه‌رجی حكومه‌تمان بۆ هه‌مولایه‌ك راگه‌یاندوه‌

له‌باره‌ی لێدوانه‌كه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ كه‌ رایگه‌یاندبو، 22 ملیار دیناری هه‌رێمی كوردستان دیار نه‌ماوه‌، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرایكرد، "داهات و خه‌رجی حكومه‌تمان بۆ هه‌مولایه‌ك راگه‌یاندوه‌ و بابه‌تی 22 ملیار دینار بۆ كه‌سبی سیاسی به‌كاردێت و هیچ بنه‌مایه‌كی نیه‌".

ئێمه‌ 100% پاڵپشتی هه‌نگاوه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی ده‌كه‌ین

له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌سنوری سلێمانی و هه‌وڵه‌كانی بۆ رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری داموده‌زگاكان، جوتیار عادل رایگه‌یاند، "ئێمه‌ 100% پاڵپشتی هه‌نگاوه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی ده‌كه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌رێم بۆ ساڵی 2023، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم وتی، "پرۆژه‌یاسای بودجه‌ په‌یوه‌ندی به‌ رێكه‌وتنی ئێمه‌ و به‌غداوه‌ هه‌یه‌، نازانین داهاته‌كه‌مان چه‌نده‌، له‌سه‌ر بنه‌مای رێكه‌وتنی كۆتایی له‌گه‌ڵ به‌غدا، پرۆژه‌یاسای بودجه‌ ئاماده‌ بكرێت".

نیشانەکردن

حکومەتی هەرێم