خەندان-
بە بەشداری زیاتر لە 1000 وەبەرهێنەر، خاوەنکار و کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی لە نۆ وڵاتانی جیهانەوە، ئەمڕۆ شەممە گەورەترین کۆڕبەند و پێشانگا بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابوری لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، پارێزگاری سلێمانییش رایدەگەیەنێت، کۆڕبەندەکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ زیاتر بوژانەوە و پەرەپێدانی کەرتی وەبەرهێنان لە پارێزگاکەیان و هەرێمی کوردستان بەگشتی.
کۆڕبەندەکە دەبێت بە پردێکی فراوانتر و بەرزتر لەبواری وەبەرهێنان
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، کۆڕبەندی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابوری کە ئەمڕۆ لە سلێمانی بە بەشداری بەرپرسانی باڵای حکومەت و دەیان کۆمپانیا و بازرگان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەڕێوەدەچێت، دەبێت بە پردێکی فراوانتر و بەرزتر لەبواری وەبەرهێنان لەرێگەی رەخساندنی دەرفەت و ئەو زەمینەسازییانەی لە سلێمانی کراون.
هەوڵدەدەین وەبەرهێنەران دەست بە پڕۆژەکانیان بکەن
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو هەلومەرجە نوێیەدا کە سلێمانی، هەرێمی کوردستان و ناوچەی پێدا تێدەپەڕێت، کوردستان ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیترە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە و ئەوەش وادەکات دەرفەتی وەبەرهێنان لێرە گونجاوتر بێت، بۆیە هەوڵدەدەن لە ئاستی وەبەرهێنانی نیشتیمانی و دەرەکیش وەبەرهێنەران دەست بە پڕۆژەکانیان بکەن، کۆڕبەندەکەش دەرفەتێک دەبێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بتوانن پێشنیاز و بوچونەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن.
بەشداربوان دەتوانن پێشنیاز و بۆچونی خۆیان ئامادە بکەن
پارێزگاری سلێمانی وتیشی، لە یەکەمین کۆڕبەندی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابوری سلێمانی بەشداربوان دەتوانن پێشنیاز و بۆچونی خۆیان ئامادە بکەن و هەمو هەوڵێکیش دەدەن بۆ سەرکەوتنی کۆڕبەندەکە و گرنگیدان بە راسپاردەکانی.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستبەکارەکانی دەکات و ماوەی دو رۆژ دەخایەنێت
کۆڕبەند و پێشانگا بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابوری لە سلێمانی لەژێر چاودێری و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، کونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستبەکارەکانی دەکات و ماوەی دو رۆژ دەخایەنێت.