هەواڵی ئەمڕۆ

خه‌ندان زانیاری نوێ له‌باره‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 9ی فه‌رمانبه‌ران بڵاوده‌كاته‌وه‌

09:13 - 15/09/2022

44360جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، هه‌فته‌ی داهاتو موچه‌ی پێنج وه‌زاره‌ت و هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ و خانه‌نشینانی سه‌ربازی دابه‌شده‌كرێت و كۆتایی به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (ئاب/8)ی 2022 ده‌هێندرێت، پاشانیش له‌ 25ی مانگه‌وه‌ ئاماده‌كاریه‌كان بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی ئه‌یلول/9 ی 2022 ده‌ستپێده‌كات.

به‌گوێره‌ی خشته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری كه‌ 1ی ئه‌م مانگه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (ئاب/8)ی 2022 به‌رده‌وامی هه‌یه‌، رۆژی 18ی (ئه‌یلول/9) موچه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی (ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن، رۆشنبیری و لاوان، كاره‌با)، رۆژی 19ی مانگیش موچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی (خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار) دابه‌شبكرێت.

 رۆژی 20ی ئه‌م مانگه‌ موچه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دابه‌شده‌كرێت
هه‌ر به‌گوێره‌ی خشته‌كه‌، رۆژی 20ی ئه‌م مانگه‌ موچه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دابه‌شده‌كرێت، رۆژانی 21 و 22ی مانگیش ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی خانه‌نشینی سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت.
له‌ئێستادا هه‌نگاوه‌كان بۆ ئاماده‌كردنی لیستی موچه‌ی مانگی (ئه‌یلول/9)ی 2022 ده‌ستیپێكردوه‌
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ گه‌نجینه‌كانی سلێمانی به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، له‌ئێستادا هه‌نگاوه‌كان بۆ ئاماده‌كردنی لیستی موچه‌ی مانگی (ئه‌یلول/9)ی 2022ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان ده‌ستیپێكردوه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌ 24 و 25ی مانگه‌وه‌ ئاماده‌كاریه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكرد، بۆ موچه‌ی مانگی (ئه‌یلول/9)ش هاوشێوه‌ی مانگه‌كانی رابردو، له‌ سه‌ره‌تای مانگ دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌تی داراییش، له‌ڕۆژانی 2-4ی (تشرینی یه‌كه‌م/10) ده‌ست به‌دابه‌شكردنی ده‌كرێت.

نیشانەکردن

موچە