هەواڵی ئەمڕۆ

به‌یجین هۆشداری ده‌داته‌ واشنتن

06:36 - 15/09/2022

2433جار خوێندراوەتەوە

ماو نینگ، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین

خه‌ندان-

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ هۆشداریدایه‌ ئه‌مریكا و رایگه‌یاند، پێویسته‌ ئه‌مریكا پابه‌ندی یه‌كڕیزی خاكی چین بێت و چیدیكه‌ تایوان نابێت ببێته‌ كارتێكی فشار و دژ به‌ وڵاته‌كه‌یان به‌كاربهێنێت و ده‌شڵێت، "ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا یاسای هاوكاریكردنی تایوان جێبه‌جێبكات، پێشهاتی چاوه‌ڕوان نه‌كراو روده‌دات".

چین گشت رێكارێكی توند له‌ پێناو یه‌كریزی خاكی وڵاته‌كه‌ی ده‌گرێته‌به‌ر
ماو نینگ، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پێویسته‌ واشنتن له‌ به‌كارهێنانی تایوان وه‌ك كارتێكی فشار بۆسه‌ر چین ده‌ست هه‌ڵبگرێت، چونكه‌ چین له‌و باره‌یه‌وه‌ گشت رێكارێكی توند له‌ پێناو یه‌كریزی خاكی وڵاته‌كه‌ی ده‌گرێته‌به‌ر.
چیدیكه‌ پێویست نییه‌ ئه‌مریكا پاڵپشتی تایوان بۆ سه‌ربه‌خۆ بونی بكات
وتیشی، "چین به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك هۆشداری داوه‌ته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا تا رێز له‌ یه‌ك پارچه‌یی خاكی وڵاته‌كه‌مان بگرێت و چیدیكه‌ پاڵپشتی تایوان بۆ سه‌ربه‌خۆی نه‌كات و هه‌روه‌ها وه‌ك كارتێكی فشار بۆ به‌گژداچونه‌وه‌ی چین به‌كاری نه‌هێنێت".
ته‌واوی هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كان بۆ یه‌كڕیزی خاكی وڵاته‌كه‌مان ده‌گرینه‌به‌ر
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین باسی له‌وه‌شكردوه‌، "له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ ته‌واوی رێكاره‌ ده‌ستوریی و یاساییه‌كان به‌رامبه‌ر یه‌ك ریزی و یه‌ك پارچه‌یی خاكی وڵاته‌كه‌مان ده‌گرینه‌به‌ر، ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌نگاوێك له‌ پێناو پاراستن و پارێزگاریكردن له‌ وڵاته‌كه‌مان".
ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا یاسای هاوكاریكردنی تایوان جێبه‌جێبكات پێشهاتی چاوه‌ڕوان نه‌كراو روده‌دات
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی یاسای هاوكاری كردنی تایوان جێبه‌جێبكات ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و وڵاته‌كه‌مان ده‌بێت و پێشهاتی چاوه‌ڕوان نه‌كراویش دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌رپرسیاری یه‌كه‌م ده‌بێت".

ئه‌م لێدوانانه‌ی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئیداره‌كه‌ی جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بڕیاریدا بڕی چوار ملیار و 500 هه‌زار دۆلار وه‌ك هاوكاری بۆ تایوان دابین كردوه‌ و ئه‌و هاوكاریه‌شی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نزیكه‌ی 4 ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت.

نیشانەکردن

چین تایوان ئەمریکا