بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی دوسایدی سپیلک- خەلیفان دادەنرێت

11:39 - 15/09/2022

2564جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بەردی بناغەی دوسایدی سپیلک- خەلیفان لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانرا، مەسرور بارزانییش لە وتارێکدا رایگەیاند، بایەخی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری ئەو ناوچەیە دەدەن و پڕۆژەی دیکەیان بۆ سیدەکان و مێرگەسۆریش دەبێت.

 داواکارین زێدەڕۆیی نەکرێتەسەر لێواری رێگاکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی دانانی بەردی بناغەی دوسایدی سپیلک- خەلیفان وتارێکی پێکەشکرد و ئاماژەی بەوەشكرد، هیوادارە پڕۆژەکە لەکۆتایی خۆیدا تەواوبکرێت و داواکاریشە زێدەڕۆیی نەکرێتەسەر لێواری رێگاکان و شۆفێرانیش رێنماییەکانی هاتوچۆ جێبەجێ بکەن. 

لە هەمو ناوچەکانی کوردستان ئەم پڕۆژانەمان جێبەجێکردوە

ئەوەشی خستەڕو، "کابینەی نۆیەم گرنگی زۆری بە دروستکردنی رێگاوبان داوە، لە هەمو ناوچەکانی کوردستانیش ئەم پڕۆژانەمان جێبەجێکردوە."

بە گوژمەی 64 ملیار و 234 ملیۆن و 265 هەزار دیناری عێراقی جێبەجێ دەکرێت

پڕۆژەی دیزاینکردن و دوسایدکردنی رێگای سپیلک - خەلیفان بە درێژایی 8.5 کیلۆمەترە، لەسەر بودجەی تایبەتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە پاڵپشتی سەرۆکاتی ئەنجومەنی وەزیران بە گوژمەی 64 ملیار و 234 ملیۆن و 265 هەزار دیناری عێراقی جێبەجێ دەکرێت.

ماوەی پڕۆژەکە 600 رۆژە

ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 600 رۆژە، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، بە بەکارهێنانی توانا و ئامێرە پێشکەوتوەکانی لە ماوەیەکی زۆر کورتردا پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات.

پڕۆژەی دوسایدی سپیلک – خەلیفا، بە ئەندەرپاسی دۆڵی ئالانە – خەلیفان - سپیلک  کۆتایی دێت.

گرنگییەکی بەرچاوی دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران

رێگای سپیلک – خەلیفان، بەشێکە لە رێگای سەرەکی هەولێر – سۆران، کە هەولێر بە دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەرانەوە دەبەستێتەوە، بە دوسایدکردنی رێگاکە جگە لەوەی ئاسانکاری دەبێت بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان، لە هەمانکاتدا گرنگی دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران – تەمەرچینەوە.