جەعفەر ئیمینکی: پارتی رازی بوە هەڵبژاردنی پەرلەمان فرەبازنەیی بێت

11:15 - 15/09/2022

4273جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، حزبەکەی بە داواکاری لایەنەکانی هەرێمی کوردستان رازی بوە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی فرەبازنەیی، بەڵام دیاریکردنی شێوازەکەی ماوە و دەبێت رێککەوتن لەبارەی وردەکارییەکانیش بکرێت.

جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە دیدارێکی زانکۆی لوبنانی- فڕەنسی لە هەولێر کرد و ئاماژەی بەوەشكرد، لێکتێگەیشتن لەبارەی شیوازی هەڵبژاردن لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە، بەڵام دەبێت رێککەوتن لەبارەی وردەکارییەکانیش بکرێت.

پارتی لەسەر فرەبازنەیی رازی بوە، بەڵام دیاریکردنی شێوازەکەی ماوە
ئەوەشی خستەڕو، گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامە، لەم کاتەشدا پارتی لەسەر فرەبازنەیی رازی بوە، بەڵام دیاریکردنی شێوازەکەی ماوە.
 
جەعفەر ئیمینکی باسی لەوەشکرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.
بۆچونەکانیان زۆر لە یەکتر نزیکبوەتەوە
دوێنێش مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، کۆبونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی  بەردەوامی هەیە و هەردولاش لەسەر پرسەکانی کاری بەیەکەوەیی لەبەغدا و بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بۆچونەکانیان زۆر لە یەکتر نزیکبوەتەوە.
هەردو حزب شاندی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا دروست دەکەین
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆچونی پارتی و یەکێتی لەسەر زۆرینەی دۆسییەکان نزیک و هاوڕان، بۆیە چاوەڕێ دەکەن لەداهاتویەکی نزیکدا هەردو حزب شاندی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا دروستبکەن.

نیشانەکردن

پارتی