خەندان تازەترین زانیاری لەبارەی دانوستانەکانی پارتی و یەکێتی بڵاودەکاتەوە

11:16 - 14/09/2022

6768جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دانوستانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی گەیشتن بە کارنامەیەکی هاوبەش بۆ بەغدا و هەرێمی کوردستان بەردەوامیان هەیە، پەرلەمانتارێکی پارتیش رایدەگەیەنێت، کۆبونەوەی شاندی هەردو حزب ئەرێنین و "له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌ رێككه‌وتنی كۆتایی نزیكبوینه‌ته‌وه‌"، په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتیش ده‌ڵێت، هیوادارن ئەو دابەشبونەی ناو ماڵی کورد كۆتایی پێبێت.

هەردولاش لەسەر پرسەکان بۆچونەکانیان زۆر لە یەکتر نزیکبوەتەوە
مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، کۆبونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی  بەردەوامی هەیە و هەردولاش لەسەر پرسەکان بۆچونەکانیان زۆر لە یەکتر نزیکبوەتەوە، هەرچەندە تائێستاش لەسەر ناوی سەرۆک کۆمار یەکلایی نەبونەتەوە کە دەبێتە کاندیدی هاوبەشی کورد، بەڵام کۆبونەوەکان "ئەرێنی"ن و بەردەوامیشن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆسیەیە.
 هەردو حزب شاندی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا دروست دەکەین
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆچونی پارتی و یەکێتی لەسەر زۆرینەی دۆسییەکان نزیک و هاوڕان، بۆیە چاوەڕێ دەکەن لەداهاتویەکی نزیکدا هەردو حزب شاندی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا دروستبکەن.
بەبێ رێککەوتن، کۆبونەوەی پەرلەمان زیانی زیاترە تاوەکو سود
پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمانیش، مەحما خەلیل ئەوەی خستەڕو، "فراکسیۆنی پارتی باوەڕیوایە تا ئەو کاتەی هەمو لایەنەکان لەسەر قۆناغی داهاتو نەگەن بە رێککەوتن،  دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان زیانی زیاترە تاوەکو سود، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دوای چلەی ئیمامی حسێن ئەو دۆسیەیەش یەکلایی بکرێتەوە".
شاندێکی باڵای پارتی، سوننەکان و هاوپەیمانی فەتح سەردانی ماڵی موقتەدا سەدر دەکەن 
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، بۆ قۆناغی داهاتوی پرۆسەی سیاسی پێویست دەکات داواکارییەکانی رەوتی سەدریش جێگەیان بکرێتەوە، بۆیە دوای چلەی ئیمامی حسێن شاندێکی باڵای پارتی، سوننەکان و هاوپەیمانی فەتح سەردانی ماڵی موقتەدا سەدر دەکەن لە نەجەف و نەخشەسازی بۆ قۆناغی داهاتو دەکەن.
 پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر چه‌ندین پرس جیاوازیان هه‌یه‌
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ 11 مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌چوە، به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، له‌ نێوخۆی عێراقدا لایه‌نه‌كانی شیعه‌ ناكۆكن و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر چه‌ندین پرس جیاوازیان هه‌یه‌.
کورد لەئێستاوە کاربکات بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە 
پەیوەست بەم بابەتەش كوردە عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ خەندان-ی راگه‌یاند، فراکسیۆنی یەکێتی هیوادارە ئەو دابەشبونەی ناو ماڵی کورد کە لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا رویدا، لە هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆماردا دوبارە نەبێتەوە، بۆیە داوا دەکەن و ئومێدەواریشن کورد لەئێستاوە کاربکات بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەسەر پشک و مافەکانی کورد لەبەغدا.
لەسەرەتاوە هەوڵەکانمان لەپێناو یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد بوە
له‌ماوه‌ی رابردودا له‌ زیاد له‌ بۆنه‌یه‌كدا ‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كانی كوردستانی كردبو، دواینجار رۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌ بو له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، رایگه‌یاند، "لەسەرەتاوە هەوڵەکانمان لەپێناو یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد و یەکڕیزیی نێوان هێز و لایەنە کوردییەکان بوە".
دەمانەوێت هەموان پێکەوە لەپێناو بونیادنانی داهاتویەکی گەشتر کار بکەین
سه‌رۆكی یه‌كێتی وتیشی،"یەکگوتاریی کورد لە بەغدا فاکتەری پاراستن و بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستورییەکانی کورد و بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمە، لەسەر ئاستی عیراقیش دەستور بنەمای کارکردنمانە و باوەڕی نەگۆڕمان بە تەبایی و پێکەوەژیانە و دەمانەوێت هەموان پێکەوە لەپێناو بونیادنانی داهاتویەکی گەشتر کار بکەین".