وته‌بێژی پارتی: سه‌ره‌ڕای جیاوازیه‌كانمان پێویستمان به‌ دانیشتن هه‌یه‌

06:29 - 12/09/2022

1560جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای جیاوازیه‌كان و دۆخی چه‌قبه‌ستویی و به‌بنبه‌ست گه‌یشتنی كێشه‌كان، "پێویستیمان به‌ دانیشتن و باسكردن له‌جیاوازی و كێشه‌كان هه‌یه‌ تا چاره‌سه‌ر بكرێن، پێویسته‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی، خه‌می هه‌موان بێت".

مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی له‌دوای به‌شداریكردنی له‌ پرسه‌ی عومه‌ر میرانی نوێنه‌ری پێشوی پارتی له‌ توركیا له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، "پارتی داوای گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری سیاسی كێشه‌ چه‌قبه‌ستوه‌كانی عێراق ده‌كات، ئه‌م كێشه‌ و بنبه‌سته‌ سیاسییه‌ی ئێستا هه‌یه‌ پێویسته‌ به‌ گفتوگۆ و له‌یه‌كتێگه‌یشتن و یه‌كتر خوێندنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر چاره‌سه‌ر بكرێن، سه‌ره‌ڕای جیاوازیه‌كانمان پێویستمان به‌ دانیشتن و باسكردن له‌و جیاوازیانه‌ هه‌یه‌ تا بزانین چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن".

پێویسته‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی، خه‌می هه‌موان بێت

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "پێویسته‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی، خه‌می هه‌موان بێت بۆ ده‌ربازبون له‌م ره‌وشه‌ی هه‌یه‌، وه‌ك پارتیش له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌ی دانوستانی خۆیه‌وه‌ گفتوگۆ ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نه‌كانیش گفتوگۆمان به‌رده‌وامه‌".

تا ئێستا هیچ كاندیدێكی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نییه‌

سه‌باره‌ت به‌ كاندیدی پارتی و یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق، مه‌حمود محه‌مه‌د وتی، "تا ئێستا هیچ كاندیدێكی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نییه‌، كاندیدی ئێمه‌ و ئه‌وان دیاره‌، به‌ڵام گفتوگۆش به‌رده‌وامه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسه‌كان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ چه‌قبه‌ستویی سیاسی عێراق، له‌به‌رئه‌وه‌ی نزیكه‌ی ساڵێكه‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌ و تا ئێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ زمانێكی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان".

نیشانەکردن

پارتی