سه‌رۆك به‌رهه‌م: پاراستنی ئاسایشی ئاو به‌رپرسیارێتیه‌كی ده‌سته‌جه‌معیه‌

04:55 - 12/09/2022

1465جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رۆك به‌رهه‌م سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، "ئاسایشی ئاو به‌شێكی گرنگی ئاسایشی نیشتمانی عێراق و پاراستنی به‌رپرسیارێتییه‌كی ده‌سته‌جه‌معییه‌ و پێویسته‌ هه‌مو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و چالاكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تێیدا به‌شدار بن".

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 12ی ئه‌یلولی 2022 له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیكرد له‌ مه‌هدی ره‌شید حه‌مدانی، وه‌زیری سه‌رچاوه‌ئاوییه‌كان و باس له‌ گرفته‌ ئاوییه‌كان كرا كه‌ روبه‌ڕوی وڵات ده‌بێته‌وه‌.

چاره‌سه‌ركردنی گرفتی دۆسیه‌ی ئاو له‌ پێشینه‌ی كاره‌كان و به‌شێكی گرنگی ئاسایشی نیشتمانی عێراقه‌

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی دۆسیه‌ی ئاو له‌ پێشینه‌ی كاره‌كان و به‌شێكی گرنگی ئاسایشی نیشتمانی عێراقه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یكرد به‌گرنگی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی گونجاو بۆ لێكه‌وته‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا كه‌ روبه‌ڕوی وڵات و ناوچه‌كه‌ و جیهان بوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌كو ئاماژه‌شیكرد بۆ پێویستی دانانی پلانی ستراتیژی بۆ روبه‌ڕوبونه‌ی گرفتی كه‌م ئاوی و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و دوباره‌ بوژاندنه‌وه‌ی میزۆپۆتامیا.

سه‌رۆك كۆمار دوپاتیكرده‌وه‌ له‌گرنگی رێكخستنی په‌یوه‌ندی ئاوییه‌كان له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ 

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار دوپاتیكرده‌وه‌ له‌گرنگی رێكخستنی په‌یوه‌ندی ئاوییه‌كان له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌مای دراوسێیه‌تی باش و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موان به‌بێ زیانگه‌یاندن به‌عێراق، هاوكات هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ئاوییه‌كانی به‌رزنرخاند بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئاو.

پاراستنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو و هه‌ردو روباری دیجله‌ و فورات به‌رپرسیارێتییه‌كی ده‌سته‌جه‌معییه‌

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ئاماژه‌یكرد به‌وه‌ی، "پاراستنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو و هه‌ردو روباری دیجله‌ و فورات به‌رپرسیارێتییه‌كی ده‌سته‌جه‌معییه‌ و پێویسته‌ هه‌مو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و چالاكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تێیدا به‌شدار بن".

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری سه‌رچاوه‌ئاوییه‌كان به‌دواداچونه‌ به‌رده‌وامه‌كانی سه‌رۆك كۆماری بۆ دۆسیه‌ی ئاو به‌رزنرخاند و رونكردنه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌ پێشكه‌وتنی كاره‌كان و پلانه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گرفته‌كانی ئاو له‌ وڵات خسته‌رو.