مەسعود بارزانی و حه‌لبوسی به‌ "مه‌رج" پشتیوانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ده‌كه‌ن

03:40 - 11/09/2022

4042جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

باره‌گای بارزانی بڵاویكرده‌وه‌، مەسعود بارزانی و محه‌مه‌د حه‌لبوسی كۆبونه‌وه‌ و جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردوەته‌وە ئەویش لە دوای ئامادەسازییە یاساییەكان و بەپێی میكانیزمە دەستورییەكانی بەر لە پێكهێنانی حكومەتێك كە خاوەن سەلاحیاتی تەواو بێت و متمانەی هەمو لایەك لەسەر بەرنامەكانی بێت.

باره‌گای بارزانی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانێتیی سیادە كرد، لە دیدارەكەدا دەرهاوێشتە نەرێنییەكانی بارودۆخی سیاسی لەسەر وڵات و پێویستیی پشتبەستن بە زمانی دیالۆگ و پەیڕەوكردنی شێوازە دەستوری و یاساییەكان تاوتوێ كرا، ئەویش لەپێناو تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و گەییشتن بە چارەسەری وا كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق بێت.

جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردەوە ئەویش لەدوای ئامادەسازییە یاساییەكان

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، هەردولا جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردەوە ئەویش لەدوای ئامادەسازییە یاساییەكان و بەپێی میكانیزمە دەستورییەكانی بەر لە پێكهێنانی حكومەتێك كە خاوەن سەلاحیاتی تەواو بێت و متمانەی هەمو لایەك لەسەر بەرنامەكانی بێت، جەختیش لە پێویستیی بەردەوامیی كاروباری ئەنجوومەنی نوێنەران هەتا بەڕێوەچونی هەڵبژاردن كرایەوە.

ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند بۆ بەشدارییەكی بنیاتنەرانە لە نزیككردنەوەی بۆچونی هەمو لایەنەكان

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، "هەردولاش ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند بۆ بەشدارییەكی بنیاتنەرانە لە نزیككردنەوەی بۆچونی هەمو لایەنەكان و هەروەها هەڵنانی هەر هەنگاوێك كە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاساییشی هاوڵاتیان بكات".

هاوپەیمانێتیی سەروەری و پارتی لەسەر ئەوە كۆك بون كە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، هەر لەو دیدارەدا هاوپەیمانێتیی سەروەری و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەوە كۆك بون كە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن بۆ گەڵاڵەكردنی هەڵوێستی هاوبەش لەپێناو خزمەتكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات.

May be an image of 5 people, people sitting, people standing and indoor

بەپەلە