مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: شۆڕشی ئه‌یلول درێژترین و به‌رھه‌مدارترین شۆڕشی كوردستانه‌

08:19 - 10/09/2022

1370جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول رایگه‌یاند، "پارتی شۆڕشی گوڵان، ڕاپه‌ڕین، پرۆسه‌ی ئازادیی عێراق و شه‌ڕی نه‌گریسی داعش زۆرترین شه‌هیدی نه‌زری نیشتمان كردوه‌ و زۆرترین ده‌ستكه‌وتیشی به‌ده‌ستهێناوه‌، شۆڕشی ئه‌یلولیش به‌ درێژترین و كۆكراوه‌ترین و به‌رھه‌مدارترین شۆڕشی نێو مێژوی گه‌لی كوردستان ده‌ژمێردرێت".

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا به‌بۆنه‌ی 61 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، "له‌م یاده‌ پڕ شكۆیه‌دا نابێ ڕۆڵی زێڕینی پارتی نه‌خه‌ینه‌ به‌ر دید و زیھنی ھه‌موان، تایبه‌ت لاوانی كوردستان و ئه‌و نه‌وه‌ تازه‌یه‌ی، كه‌ ژیرانه‌ ده‌توانن ئه‌مڕۆ به‌ دوێنێوه‌ گرێ بده‌ن و له‌ پێناو ئایینده‌سازیدا له‌ نێو كۆڕی كار و به‌خشش و خه‌باتدا سه‌رگه‌رمی داھێنانن، به‌وپه‌ڕیی سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ ده‌ڵێین، له‌ نێو ئه‌و شۆڕشه‌ مه‌زنه‌دا، دواتر له‌ شۆڕشی گوڵان، ڕاپه‌ڕین، پرۆسه‌ی ئازادیی عێراق و شه‌ڕی نه‌گریسی داعش، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین قوربانی داوه‌، زۆرترین شه‌ھیدی نه‌زری نیشتیمان كردوه‌، زۆرترین ده‌سكه‌وتیشی وه‌ده‌ستھێناوه‌ و له‌ كوێ شه‌ڕ ھه‌بوبێ قه‌ڵغانی به‌رگری بوه‌ و له‌ كوێش سه‌قامگیری و ئارامی ھه‌بوبێت، له‌وێ ده‌ستی ئاشتی و بازوی ئاوه‌دانی بوه‌".

مسته‌فا بارزانی له‌ ڕۆژی 11ی ئه‌یلولی ساڵی 1961، خه‌باتی چه‌كداریی ده‌ستپێكرد و ھه‌مو تواناكانی له‌ شۆڕشێكدا كۆكرده‌وه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "مسته‌فا بارزانی له‌ ڕۆژی 11ی ئه‌یلولی ساڵی 1961، خه‌باتی چه‌كداریی ده‌ستپێكرد و ھه‌مو تواناكانی له‌ شۆڕشێكدا كۆكرده‌وه‌، كه‌ به‌ درێژترین و كۆكراوه‌ترین و به‌رھه‌مدارترین شۆڕشی نێو مێژوی گه‌لی كوردستان ده‌ژمێردرێت".

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌ی (61)مین ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول
جه‌ماوه‌ری ئازیزی كوردستان
تێكۆشه‌ران و ئازادیخوازانی كوردستان و عێراق

ده‌ستپێك، به‌بۆنه‌ی 61مین ساڵیادی ھه‌ڵگیرسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول، پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌ھیدان و پێشمه‌رگه‌ گیانفیداكان و رێبوارانی رێگای ئازادی و ته‌واوی ئه‌و ئازیزانه‌ی به‌شدارییان له‌و شۆڕشه‌ مه‌زنه‌ كردوه‌ و رۆڵ و نه‌خشیان به‌رز ده‌نرخێنین.

هاوڵاتییانی خۆشه‌ویستی كوردستان

به‌ر له‌ 61 ساڵ، ئه‌و كاته‌ی كۆماری ئه‌وسای عێراق له‌ به‌ڵێنه‌كانی پاشگه‌زبوه‌وه‌، دانینه‌نا به‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان، پره‌نسیپه‌كانی شه‌راكه‌ت و پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی نێو ده‌ستوری عێراقی ژێرپێ خست، ته‌نانه‌ت رێگه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی خه‌باتیشی داخست و به‌ له‌شكركێشی، ئاگر و ئاسن و شه‌ڕ وه‌ڵامی گه‌لی كوردستانی دایه‌وه‌، ئه‌وكات گه‌لی كوردستان به‌ رابه‌رایه‌تی (مسته‌فا بارزانی)، بۆ به‌رگریكردن له‌ گه‌لی كوردستان و مافه‌كانی، خاك و سه‌روه‌رییه‌كانی، مانه‌وه‌ و شكۆ و پیرۆزییه‌كانی، له‌ ڕۆژی 11ی ئه‌یلولی ساڵی 1961، خه‌باتی چه‌كداریی ده‌ست پێكرد و ھه‌مو تواناكانی له‌ شۆڕشێكدا كۆكرده‌وه‌، كه‌ به‌ درێژترین و كۆكراوه‌ترین و به‌رھه‌مدارترین شۆڕشی نێو مێژوی گه‌لی كوردستان ده‌ژمێردرێت، كه‌ تائێستایش ھه‌موان، به‌ جیاوازییه‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌كانه‌وه‌ شانازیی پێوه‌ ده‌كه‌ین و  ھێنده‌ به‌ قوڵی، مه‌زنیی و مانا فره‌ڕه‌ھه‌نده‌كانی ڕۆچۆته‌ نێو مێژو ، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ په‌ند و عیبره‌تی لێ وه‌رده‌گرن و بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕون و زه‌ڵاڵیش بۆ وانه‌ گه‌وره‌كانی: (كوردایه‌تی، ڕه‌سه‌نایه‌تی، ڕابون، وه‌ستانه‌وه‌ له‌ ڕوی سته‌م، ویقاری پێشمه‌رگه‌، گیانفیدایی، عه‌داله‌تخوازی، ڕۆشنبیریی نیشتیمانی، ماف و دیموكراسی، دیالۆگ و ئازادی، ھونه‌ری دانوستان و، دواجار كوردستان یان نه‌مان).

 ھاونیشتیمانیانی ھێژا
شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول شۆڕشی ھه‌موان بو، شۆڕشی ھه‌مو جیاوازییه‌كان بو، كۆكه‌ره‌وه‌ و ڕوئیاڕون و ئایینده‌بین بو، ھه‌ر بۆیه‌ زو به‌رھه‌مه‌كانی چنییه‌وه‌ و ڕژێمی به‌غدای ناچار كرد، كه‌ غروری خۆیان بشكێنن و بێن له‌ دامێنی چیا سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستانه‌وه‌، له‌ نێو خێمه‌ و باره‌گا ساده‌كانی شۆڕشه‌وه‌ داوای دانوستان له‌ ڕابه‌ری نه‌ته‌وه‌، سیمبوڵی ئازادیی گه‌ل (مسته‌فا بارزانی) بكه‌ن، كه‌ ئاكام رێككه‌وتننامه‌ی مێژویی ١١ـی ئاداری ١٩٧٠ لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ی بوه‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مێژویی و بناغه‌یه‌كی پته‌و بۆ هه‌مو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی دواتر به‌دیهاتن. ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مجار بو كه‌ شۆڕشێكی كوردستانی بتوانێ به‌ ئامانج بگات و دروشمی خۆی بێنێته‌دی و سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كانی بكات به‌ ده‌سكه‌وتی سیاسی و مافی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتیمانی به‌ده‌ست بهێنێ. ده‌بێ نه‌وه‌كان ئه‌م دیمه‌نه‌ سیاسییانه‌ بخوێننه‌وه‌، ده‌بێ ھه‌موان له‌و ڕاستییه‌ ڕۆشنه‌ تێبگه‌ین، كه‌ ڕه‌وایی ماف، ئیراده‌ی گه‌ل و یه‌كڕیزیی نیشتیمانی كلیلی سه‌ركه‌وتنه‌كانه‌ و، ئاكام مه‌زنترین ھێزی دوژمنكارانه‌ تێكده‌شكێنن، وه‌ك ئه‌وه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕابه‌ره‌ خۆنه‌ویسته‌كه‌ی كردی، ئه‌م وانانه‌ پتر له‌ ھه‌مو كات، بۆ ئه‌مڕۆ زۆر گرنگ و پێویست و بایه‌خدارن، تایبه‌ت كه‌ ئه‌ركگه‌لێكی زۆرمان به‌ ئه‌ستۆوه‌یه‌ و، عێراق و ناوچه‌كه‌ سیخناخن به‌ ناڕونیی سیاسی و گۆڕانكارییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان، بۆیه‌ ده‌بێ ھێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و عێراق به‌ ھه‌مان گیان و ئیراده‌ی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول، قۆڵی چاره‌سه‌ریی لێ ھه‌ڵماڵن، تا بتوانن ھه‌موان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌رو و ده‌روازه‌یه‌كی خێر بۆ گه‌ل و ئایینده‌ سیاسییه‌كه‌ی بكه‌نه‌وه‌.

ھاوڵاتیانی ئازیز

له‌م یاده‌ پڕ شكۆیه‌دا نابێ ڕۆڵی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌خه‌ینه‌ به‌ر دید و زیھنی ھه‌موان، تایبه‌ت لاوانی كوردستان و ئه‌و نه‌وه‌ تازه‌یه‌ی، كه‌ ژیرانه‌ ده‌توانن ئه‌مڕۆ به‌ دوێنێوه‌ گرێ بده‌ن و له‌ پێناو ئایینده‌سازیدا له‌ نێو كۆڕی كار و به‌خشش و خه‌باتدا سه‌رگه‌رمی داھێنانن، به‌وپه‌ڕیی سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ ده‌ڵێین: له‌ نێو ئه‌و شۆڕشه‌ مه‌زنه‌دا، دواتر له‌ شۆڕشی گوڵان، ڕاپه‌ڕین، پرۆسه‌ی ئازادیی عێراق و شه‌ڕی نه‌گریسی داعش، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین قوربانی داوه‌، زۆرترین شه‌ھیدی نه‌زری نیشتیمان كردوه‌، زۆرترین ده‌سكه‌وتیشی وه‌ده‌ستھێناوه‌ و له‌ كوێ شه‌ڕ ھه‌بوبێ قه‌ڵغانی به‌رگری بوه‌ و له‌ كوێش سه‌قامگیری و ئارامی ھه‌بوبێ، له‌وێ ده‌ستی ئاشتی و بازوی ئاوه‌دانی بوه‌، ئه‌مڕۆش به‌ ھه‌مان گیان و به‌ ھه‌مان گڕوتین و بڕواوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ خه‌بات، قوربانیدان، به‌رگریی نیشتیمانی، چه‌سپاندنی ئاشتی و ئاوه‌دانی و، له‌و پێناوه‌شدا له‌گه‌ڵ ھێزه‌ سیاسی و كولتوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كار ده‌كات و تێده‌كۆشێت.

له‌ كۆتاییدا، به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ مێژوی پر ئیفتیخاری شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول، ده‌ڵێین:
درود بۆ گیانی به‌رزه‌فڕی شه‌ھیدانی گه‌لی كوردستان، سه‌روه‌ریان بارزانیی نه‌مر و كاك ئیدریسی جوانه‌مه‌رگ.
درود بۆ ڕێزدار سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، ئه‌و سه‌رۆكه‌ تێكۆشه‌ره‌ی (60) شه‌ست ساڵه‌ پێشمه‌رگه‌ی ڕێگای ئازادییه‌.
درود بۆ ئازادیخوازان، بۆ ھه‌مو ئه‌وانه‌ی پێخه‌مه‌ت ئازادی، دیموكراسی و پێكه‌وژیانی ئاشتییانه‌ خه‌بات ده‌كه‌ن.
درود بۆ ھاوڵاتییانی كوردستان، ئافره‌تان، لاوان، قوتابیان، پیر و جه‌وان و تێكڕای چین و توێژه‌كانی كوردستان.
درود بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌و پارته‌ (76) حه‌فتاوشه‌ش ساڵه‌ پێشڕه‌وی خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدان و ده‌سكه‌وته‌كانه‌.
پارێزراو بێت ده‌سكه‌وته‌ دیموكراسییه‌كانی كوردستان، كه‌ خۆی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.
شكۆدارتر بێت (61) شه‌ست و یه‌كه‌مین ساڵیادی ھه‌ڵگیرسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول.
بژی كورد، بژی كوردستان…
مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

نیشانەکردن

پارتی