هەواڵی ئەمڕۆ

چارڵزی سێیەم لە مەراسیمێکی مێژوییدا بونی بە پادشای بریتانیا رادەگەیەنێت

11:53 - 10/09/2022

4438جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەچوارچێوەی رێوشوێنە دەستورییەکان بۆ دەستبەکاربونی پادشای نوێی بریتانیا دوای کۆچی دوایی شاژنە ئیلیزابێزی دوەم، ئەمڕۆ شەممە ئەنجومەنی شاهانەی بریتانیا لە کۆشکی سانت جەیمس لە لەندەن کۆدەبێتەوە و لە مەراسیمێکی مێژوییدا چارڵزی سێیەم وەک پادشای نوێی وڵاتەکەی دەناسێنێت.

پادشای بریتانیا مەرسومێک دەردەکات و تیایدا کۆچی دوایی شاژنە ئێلیزابێزی دوەم رادەگەیەنێت

سەرەڕای بەردەوامی رێکارەکان بۆ دەستبەکاربونی پادشای نوێ بریتانیا، بەڵام تاوەکو رۆژی یەکشەممە بێدەنگی و راگرتنی بەرنامە میدیاییەکان بەردەوامی دەبێت، هەروەها لەگەڵ دەستپێکی کۆبونەوەی ئەنجومەنی شاهانەش، پادشای بریتانیا مەرسومێک دەردەکات و تیایدا کۆچی دوایی شاژنە ئێلیزابێزی دوەم رادەگەیەنێت و بەڵێنی پاراستنی کەنیسەی سکۆتلاند دوپاتدەکاتەوە، چونکە لە سکۆتلاند جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە نێوان کەنیسە و دەوڵەتدا هەیە.

ئەمڕۆ لە بریتانیا چی رودەدات؟

ئەنجومەنی شاهانە لەکاتژمێر 10:00ـی بەیانی بەکاتی لەندەن (کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان) کۆدەبێتەوە و بەفەرمی چارڵزی سێیەم وەک پادشای وڵات دەناسێنێت، هەرچەندەش بەگوێرەی رێکارەکان دوای مردنی شاژنە ئێلیزابێزی دوەم، چارڵزی سێیەم راستەوخۆ بوە بە پادشا.

لەکاتژمێر  11:00ی بەیانی جارێکی دیکە ئاڵای بریتانیا بەرزدەکرێتەوە کە بەهۆی کۆچی دوایی شاژن بۆ نیوە هێنرابونە خوارەوە، هەروەها هێزی شاهانەی بریتانیا ژمارەیەک گولـلە تۆپ دەتەقێنێت بۆ پێشوازی و پیرۆزبایی بەرامبەر دەستبەکاربونی پادشا.

دواتریش ئەندامان و گەورە بەرپرسانی حکومەت لەبەردەم  چارڵزی سێیەم و ئەنجومەنی گشتی پەرلەمانی بریتانیا سوێندی یاسایی دەخۆن.

 

ئەمڕۆ لەکۆشکی سانت جەیمس چی رودەدات؟

ئەمڕۆ لەکۆشکی سانت جەیمس ئەندامانی ئەنجومەنی شاهانە کۆدەبنەوە، کە بریتین لە دەستەی راوێژکاری پادشا و مێژوەکەیان بۆ سەردەمی خێزانی نۆرماندی دەگەڕێتەوە، هەرچەندە لەناو ئەو ئەنجومەنەدا زیاتر لە 700 کەس هەن، کە زۆرینەیان سیاسییەکانی پێشو و ئێستان، بەڵام لەو ژمارەیە 200 کەسیان بانگهێشتکراون.

ئەنجومەنی شاهانە لەسەرەتادا بەبێ ئامادەبونی پادشا کۆدەبێتەوە و بەئامادەبونی هاوسەری پادشا، شازادەی جێنیشین و سەرۆک وەزیران، راگەیاندنی فەرمی واژۆدەکرێت و دەخوێنرێتەوە کە تەقاندنی ژمارەیەک گولـلە تۆپ لە ناوچەی هاید پارک و لەندەن تاوەر لەخۆدەگرێت.

لەبەشی دوەمی کۆبونەوەکە پادشای بریتانیا ئامادە دەبێت، لەم کۆبونەوەیەدا تەنها راوێژکارە تایبەتییەکانی پادشا ئامادە دەبن و تیایدا بەفەرمی مردنی شاژن رادەگەیەنرێت، لەو کۆبونەوەیەدا هاوسەری پادشا و شازادەی جێنیشین ئامادە دەبن و تیایدا بەڵێنی دەدرێت کە کەنیسەی سکۆتلاند بپارێزێت، دوای رۆیشتنەدەرەوەی پادشاش، راوێژکارەکانی واژۆ لەسەر راگەیەنراوەکە دەکەن.

لەسەر هەمان سیاسەت و حکومڕانی شاژنە ئێلیزابێزی دوەم بەردەوام دەبین

دوێنێ چارڵزی سێیەم، پادشای نوێی بریتانیا یەکەمین وتاری دوای دەستبەکاربونی پێشکەشکرد و رایگەیاند، شازادە ویلیامی کوڕە گەورەی وەک شازادەی جێنشینی بریتانیا و ئەمیری وێڵز رادەگەیەنێت، بەڵێنی ئەوەشیدا لەسەر هەمان سیاسەت و حکومڕانی شاژنە ئێلیزابێزی دوەم بەردەوام بێت.

دایکم هەمو تەمەنی بۆ خزمەتی گەل و بنەما نەگۆڕەکانی خستبوەکار 

ئەوەشی خستەڕو، بۆ کۆچی دوایی شاژنە ئێلیزابێزی دوەم هەمو گەلی بریتانیا هاوکات لەگەڵ بنەماڵەی شاهانە لە پرسەدان، چونکە دایکی هەمو تەمەنی بۆ خزمەتی گەل و بنەما نەگۆڕەکانی خستبوەکار، سەرەڕای ئەوەش کە لەم رێگایەدا ئاستەنگی و گۆڕانکاری زۆر هاتنەپێش.

لەسەر هەمان سیاسەت و ڕێڕەوی حکومڕانی دایکم بەردەوام دەبم 

پادشای بریتانیا وتیشی، دوای کۆچی دوایی شاژنە ئێلیزابێزی دوەم وڵاتەکەیان لەسەر هەمان سیاسەت و ڕێڕەوی حکومڕانی بەردەوام دەبێت، بەتایبەت کە لە 70 ساڵی حکوڕانی دایکیدا کۆمەڵگەی بریتانیا فڕەنگتر بوە لەڕوی کۆمەڵایەتی و ئاینییەوە.

 

زیاتر بخوێنەرەوە: دیارترین ئیمتیازاتەکانی پادشای بریتانیا

 

نیشانەکردن

بریتانیا