هەواڵی ئەمڕۆ

هەڕەشەکانی پوتن، نرخی نەوت لە جیهاندا بەرز دەکاتەوە

09:01 - 10/09/2022

6144جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی سەرۆکی روسیا هۆشداریدا کە ئەگەر ئاستێک بۆ نەوت و غازی وڵاتەکەی دابنرێت و بەنرخی کەمتر لە بازاری جیهانی مامەڵەی لەسەر بکرێت، لە بەرامبەردا مۆسکۆش بە تەواوی سوتەمەنی لەسەر ئەوروپا رادەگرێت، بەوهۆیە ئەمڕۆ نرخی نەوت 3٪ بەرزبوەوە.

نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی برێنت گه‌یشته‌ 92.84 دۆلار
ئه‌مڕۆ شەممە له‌ بۆرسه‌ی جیهانی، نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی برێنت 3.69 دۆلار بەرزبوەوە و گه‌یشته‌ 92.84 دۆلاری ئه‌مریكی، هه‌روه‌ها نرخی نه‌وتی تێكساسی ئه‌مریكاش به‌ڕێژه‌ی 3.25 دۆلار بەرزبوەوە و نرخی به‌رمیلێك به‌رامبه‌ره‌ به‌ 86.79 دۆلاری ئه‌مریكی.
نەوتی ئێمە بەکەمتر مامەڵەی پێوەبکرێت، هەناردەی غاز بۆ ئەوروپا رادەگرین 
هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی نەوت بۆ لێدوانێکی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا دەگەڕێتەوە کە هەڕەشەی لە وڵاتانی گروپی G7 کردوە و رایگەیاندوە، ئەگەر نەوت و غازی وڵاتەکەی بەنرخێکی کەمتر لە بازاری جیهانی بەهای بۆ دابنرێت وەک سزایەک بۆسەر مۆسکۆ، ئەو کاتە وڵاتەکەی بە تەواوی سوتەمەنی لەسەر ئەوروپا رادەگرێت.
ئۆپیک 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کەمکردوەتەوە
هۆکارێکی دیکەی بەرزبونەوەی نرخی نەوت پەیوەندی هەیە بە کۆبونەوەکانی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) کە بڕیاریانداوە هەناردەی نەوت زیاد نەکەن و 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەشیان کەمکردوەتەوە، ئەوەش بە ئامانجی هێشتنەوەی بەهای بەرمیلێک نەوت لە سەروی 90 دۆلار.
ئۆپێک بیر لە کەمکردنەوەی هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوت دەکاتەوە
مانگی رابردوش حکومەتی سعودیە لە پەیامێکدا رایگەیاندبو، ئەگەر وڵاتانی 5+1 و ئێران لەسەر کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بگەنە رێککەوتن، رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) بیر لە کەمکردنەوەی هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوت دەکاتەوە، بەوهۆیەش ماوەی چەند رۆژێکە بەهای نەوت لە بەرزبونەوەدایە.