یەکەم هەڵوێستی پارتی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق

06:23 - 09/09/2022

4280جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لەلایەنگرانی پارتی بەبۆنەی سەرکەوتنی حزبەکەیان لە هەڵبژاردنی عێراق ئاهەنگ دەگێڕن - 2021، وێنە: سەفین حەمەد

خەندان-

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پارتی لەگەڵ  ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، بەڵام پێشمەرجی ئەوەی هەیە کە ئەو هەڵبژاردنە بە کۆدەنگی بڕیاری لەسەر بدرێت و هەمو لایەنەکانیش ئەنجامەکانی قبوڵ بکەن، بەپێچەوانەوە هەڵبژاردنی پێشوەخت دوبارەش بکرێتەوە هیچ گۆڕانکارییەک دروست ناکات.

دەبێت هەمو لایەنەکان ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەخت قبوڵ بکەن

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، حزبەکەیان پشتیوانی لە  ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق دەکات، بەڵام مەرجی ئەوەی هەیە کە هەمو لایەنەکانی دیکەش پشتیوانی لە بەڕێوەچونی پرۆسەکە بکەن و ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەش قبوڵ بکەن.

 کێشەکە لەنێوان خودی ئەو گروپانەیە کە دەبێت حکومەت پێکبهێنن

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی سیاسی عێراق لەنێوان خودی ئەو گروپانەیە کە دەبێت حکومەت پێکبهێنن، ئەوانیش تائێستا لەسەر دیاریکردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت رێککنەکەوتون، بەوهۆیەش دۆخه‌كه‌ زیاتر گرژی و ئاڵۆزی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و گه‌یشته‌ ئاستی توندوتیژی و به‌كارهێنانی چه‌ك بەرامبەر یەکتری.

لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لەکارەکانی خۆی بەردەوامە

پەیوەست بە کۆبونەوەی نێوان و پارتی و یەکێتیش لەسەر کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، مەحمود محەمەد وتی، نزیکبونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پەیوەستە بەو گفتوگۆیانەی کە دەکرێت، لەسەر ئەم بابەتەش لیژنەیەکی هاوبەش هەیە و بەردەوامە لەکارەکانی خۆی.

پرسی گەڕاندنەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر، یاساییە نەک سیاسی

ئەوەشی خستەڕو، پرسی گەڕاندنەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر کە لەئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناو پەرلەمان، پرسێکی یاساییە نەک سیاسی و لەئێستادا داواکارییەکە لەبەردەم دادگای فیدراڵییە و ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن، حزبەکەیان لەسەر ئەو پرسە هیچ بۆچونێکی نییە.