خەندان-
دوای کۆچی دوایی شاژنە ئێلیزابێزی دوەم، راستەوخۆ چارڵزی سێیەمی کوڕی، وەک پادشای نوێی بریتانیا دەستبەکاربو و بڕیارە سبەی شەممەش بەفەرمی لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە رابگەیەنرێت، پادشای نوێی بریتانیا دەبێتە خاوەن چەندین ئیمتیازات لەوانەش بۆ گەشتکردن پێویستی بە پاسپۆرت نابێت، پێویستی بە مۆڵەتی شۆفێری نیە، هەروەها دەبێت بە خاوەنی هەمو باڵندە و سامانی دەریایی شانشینی یەکگرتو.
پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێری نیە
ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، بەگوێرەی یاساکان پادشای بریتانیا دەتوانێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی هەبێت، دەتوانێت گەشت بۆ هەمو شوێنێکی جیهان بکات، بەڵام ئەندامانی خێزانی شاهانە بۆ گەشتکردن پێویستییان بە پاسپۆرت هەیە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پاسپۆرتی بریتانیا بەناوی پادشا دەردەکرێت، بۆیە پادشا خۆی پێویستی پێی نییە.
هەروەها پادشای بریتانیا بۆ شۆفێریکردن پێویستی بە بونی مۆڵەت نیە، بەوەش دەبێتە تاکە هاوڵاتی بریتانی کە لە مەرجی بونی مۆڵەت بۆ شۆفێریکردن بەخشراوە.
لە پرسە سیاسییەکاندا بێلایەن دەبێت
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی پادشای بریتانیا ئەوەیە دەبێت لە پرسە سیاسییەکانی وڵاتەکەیدا بێلایەن بێت، بەوهۆیەش ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و دەنگ بدات، هەروەها بۆی نیە خۆی بۆ هیچ کام لە شایستە دەستورییەکانی وڵاتەکەی کاندید بکات.
پادشای بریتانیا دەسەڵاتی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان و پەسەندکردنی یاساکانی پەرلەمانی هەیە، هەروەها بەگوێرەی کات و بەرنامەی رێکخراو دەتوانێت لەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆببێتەوە.
ئاهەنگی نیشتیمانی بەبۆنەی لەدایکبونی ساز دەکرێت
پێشتر شاژنە ئێلیزابێزی دوەم ساڵانە دوجار یادی لەدایکبونی دەکردەوە، یەکەمینیان لە 21ی نیسان لەگەڵ ئەندامانی خێزانی شاهانە و دوەمیشیان لە دوەمین شەممەی مانگی حوزەیران، بەرواری دوەم هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەو ماوەیەدا دۆخی کەشوهەوا بەگشتی ساماڵ و جێگیرە، ئەوەش نەریتێکە بۆ هەمو شازادەکان ئەنجام دەدرێت کە لە دەرەوەی وەرزی هاویندا لە دایکبون، بەجۆرێک لە هەمان رۆژی لەدایکبونی خۆیاندا ئاهەنگیان بۆ ساز ناکرێت.
خاوەنی هەمو سامانی دەریایی بریتانیایە
پادشای بریتانیا تەنها حکومڕانی هاوڵاتیانی بریتانیا ناکات، بەڵکو هەمو باڵندەکانی "Pelican"، سامانی ماسی، دۆلفین و نەهەنگەکان لە هەمو سنورە ئاوییەکانی شانشینی یەکگرتو موڵکی پادشای وڵاتن.
شاعیری فەرمی هەیە
هەر شاعیرێکی بریتانیا کە هۆنراوەکانی گرنگی نیشتیمانییان هەبێت، دەچێتەناو ماڵی شیعری پادشایی، ئەوەش پۆستێکی فەخرییە و هەر 10 ساڵ جارێک بە کەسێک دەدرێت، کە بەهۆیەوە کۆگایەکی زێڕین لە پاداشت و هاوکاری وەردەگرێت، لەئێستادا سایمین ئەرمیتاجی تەمەن 59 ساڵ لەو پۆستەدایە.
لۆگۆ و نیشانەی شاهانە وەک هێمایەکی بازرگانی دەبەخشێت
هێما بازرگانییەکان کە هەڵگری لۆگۆ و نیشانەی شاهانەن، پادشای بریتانیا دەتوانێت بیبەخشێت بە کۆمپانیاکان بەوهۆیەش کۆمپانیاکان فرۆش و داهاتیان زیاتر دەبێت، لەوانەش شامپانیای فڕەنسی، خواردنەوە گازییەکانی شویبس، ناوەندی بوربور بۆ جلوبەرگ، لۆگۆی جاگوار، "Land Rover" و کۆمپانیای سامسۆنگ هەڵگری نیشانەی شاهانەی بریتانیان.