هەوڵەکانی روسیا بۆ ئاشتکردنەوەی دیمەشق و ئەنقەرە بەردەوامە، ئەمریکا هه‌ڵوێستی خۆی ئاشكرا ده‌كات

09:45 - 07/09/2022

5985جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

روسیا لە هەوڵەکانی بۆ ئاشتکردنەوەی دەوڵەتی توركیا و حکومەتی دیمەشق بەردەوامە، لەکاتێکدا کە هەموان چاودێری ئەو پرسە دەکەن ئەو هەوڵانە دەگۆڕدرێن بۆ کردەوەی جددی، تا ئێستاش هەڵوێستی ئەمریکا رون نییە، بە تایبەت دوای گەڕانەوەی لە کۆبونەوەی جنێڤ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، "ئەمریکا بەنیازی پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان نییە لەگەڵ رژێمی ئەسەد". 

له‌ كاتێكدا كه‌ روسیا و ئێران له‌ چوارچێوه‌ی ئاستانه‌دا به‌رده‌وامن له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی حكومه‌تی دیمه‌شق و ده‌وڵه‌تی توركیا، واشنتن داوای کۆبونەوەی لە جنێڤ کرد، لە کۆبونەوەکەدا نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا، بریتانیا، کۆمکاری عەرەبی، سعودیە، میسر، تورکیا و قەتەر بەشدارییان کرد، به‌شێك له‌ چاودێران ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌یان به‌ درێژه‌ی هه‌وڵه‌كانی واشنتن له‌ ساڵانی ڕابردودا به‌ناوی "دۆستانی گه‌لی سوریا" ناوبرد.

واشنتن، لەسەر زمانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە هەوڵەکان بۆ ئاشتکردنەوەی دیمەشق و ئەنقەرە و دژایه‌تی خۆی راگه‌یاند.

ئەمریکا بەنیازی پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان نییە لەگەڵ رژێمی ئەسەد

ڤیدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی 30ی (ئاب/8)ی 2022 رایگەیاند، "ئەمریکا بەنیازی پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان نییە لەگەڵ رژێمی ئەسەد، ئێمە پاڵپشتی وڵاتانی دیکە ناکەین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان".

ئەمریکا ناتوانێت لە دژی تورکیا بوەستێت

عەبدولمەسیح شامی، توێژەری سیاسی و چاودێری دۆخی سوریا به‌ ئاژانسی هاوار نیوز-ی راگه‌یاندوه‌، "ئەمریکا ناتوانێت لە دژی تورکیا بوەستێت، گەورەترین بەڵگەی ئەوەش ئەزمونەکانی رابردویەتی، کاتێک تورکیا چەندین جار خاکی باکوری سوریای داگیرکرد".

ئەمریکا  ناوێرێت ڕوبەڕوبونەوەی راستەوخۆ هه‌بێت، هۆکاری ئەوەش دۆخی هەستیاری جیهانە

عەبدولمەسیح شامی باسی له‌وه‌كرد، ئەمریکا نایەوێت لە روی سەربازییەوە دژی تورکیا كاربكات، چونکە ناتوانێت و هەوڵدەدات نەچێتە روبەڕوبونەوە لەگەڵی و روسیا و وتی، "ئەمە رێبازی واشنتنە، چونکە تێچوی شەڕ زۆرە، ئەوەش نیشانەی بێدەسەڵاتی ئەو لە بەرامبەر هەڵوێست و پلانەکانی تورکیا ده‌رده‌خات، واشنتن ئەمڕۆ ناوێرێت ڕوبەڕوبونەوەی راستەوخۆ هه‌بێت، هۆکاری ئەوەش دۆخی هەستیاری جیهانە".

عەبدولمەسیح شامی

رونیشیكرده‌وه‌، دوای شەڕی روسیا لە ئۆکرانیا، رۆژئاواییەکان ئەمڕۆ ناتوانن دژی تورکیا بچه‌نگن، چونکە ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر شەڕی ئۆکرانیا دەبێت، کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی روسیادا دەگونجێت.

 ئەنقەرە هەوڵ دەدات ململانێکان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی كۆتایی پێبهێنێت

لە شەڕی نێوان مۆسکۆ و واشنتن لە سوریا و دەوڵەتانی دیکەی وەک ئۆکرانیا، ئەنقەرە هەوڵ دەدات ململانێکان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی كۆتایی پێبهێنێت، هەروەها تورکیا ئەندامی ناتۆیە و هاوبەشێکی سەربازیی واشنتنە و لەلایەکی دیکەشەوە بەشێکە لە هێڵی سێ هێڵی "ئاستانە" کە لە ئەنقەرە و مۆسکۆ و تاران پێکهاتوە.

روسیا نایەوێت فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی خۆیدا بمێنێتەوە

ئەزمونەکانی پێشو سەلماندویانە کە واشنتن نایەوێت فشار بخاتە سەر تورکیا لە سوریا بۆ ئەوەی تورکیا لایەنگری روسیا نەبێت، هەروەها روسیا نایەوێت فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی خۆیدا بمێنێتەوە و دواتر هه‌وڵبدات لە ناتۆ دوری بخاتەوە، ئەو دەیەوێت قازانجی گەورە لە هەردو لایەن بەدەستدەهێنێت و نایەوێت هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ هەردو دەوڵەت لەدەستبدات.

ئه‌مریكا پێش هه‌مو شتێك نایه‌وێت شەڕی دیكه‌ له سوریا روبدات

سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی روسیا بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی حكومه‌تی دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره، نیكۆلاس هێراس، توێژه‌ر له په یمانگای نیولاینز به‌ ئاژانسی هاوار نیوز-ی راگه‌یاندوه‌، "ئه‌مریكا پێش هه‌مو شتێك نایه‌وێت شەڕی دیكه‌ له سوریا روبدات، گرنگ نییه‌ ئه‌مریكییه‌كان بزانن توركیا له‌ ڕوسیا نزیك ده‌بێته‌وه‌ و كار له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات یاخود نا، پڕۆسه‌ی ئاستانه‌ باشتره‌ له‌ شه‌ڕی نێوان ئێران و توركیا كه‌ كێشه‌ی زۆری له‌ ناوچه‌كه‌دا دروستكردوه‌".

 نیكۆلاس هێراس
سەبارەت بە دوایین کۆبونەوەی جنێڤ، ئه‌و توێژه‌ره‌ وتی، "ئەو دیدارە نیشانەی هەڵوێستی ئەمریکایە کە پڕۆژەکانی تورکیا لە باکوری سوریا ڕەتدەکاتەوە و ڕازی نییە، ڕەنگە ئەمریکا بیەوێت هێڵێک بگرێتەبەر و پشتیوانیی ئۆپۆزسیۆن و گه‌ل بكات، واشنتن هەمیشە ئەم شێوازانەی بەکارهێناوە بۆ فشارخستنە سەر به‌رامبه‌ر، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پرسە سیاسییەکان و پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن ده‌كات".