سەرۆک وەزیرانی نوێی بریتانیا دیاریکرا

02:39 - 05/09/2022

5278جار خوێندراوەتەوە

لیز تره‌س، سەرۆک وەزیرانی نوێی بریتانیا

خەندان-

لیز تره‌س، وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە حکومەتەکەی بۆریس جۆنسن، لەلایەن پارتی پارێزگارانی ئەو وڵاتەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پارتی پارێزگاران هەڵبژێردرا و زیاتر لە 81 هەزار دەنگی ئەندامانی پارتەکەی بەدەستهێنا، لە بەرامبەریشدا ریشی سه‌ناك، وه‌زیری پێشوی دارایی بریتانیا و رکابەری لیز تره‌س، زیاتر لە 60 هەزار دەنگی بەدەستهێنا. 

بەڵێنیداوە روبەڕوی کۆچی نایاسایی ببێتەوە 

لیز تره‌سی تەمەن 47 ساڵ، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردودا بەشداریکردوە لە 12 دیبەتی تایبەت بە بانگەشەکردن و خۆهەڵبژاردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەو بەڵێنی ئەوەی دابو کاربکات بۆ باشترکردنی دۆخی خەڵک، کەمکردنەوەی باج، روبەڕوبونەوەی کۆچبەری نایاسایی و رەوانەکردنیان بۆ رواندا و وڵاتانی دیکە، هەروەها جەختیکردوەتەوە لەسەر بەردەوامی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا.

لەگەڵ ریشی سه‌ناكی رکابەرم، هەوڵی یەکترشکاندنمان نەداو توشی شەرمەزاری نەبوین 

لە یەکەم وتاریشیدا دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆک وەزیرانی نوێی بریتانیا، لیز تره‌س وتی، سوپاسی ریشی سه‌ناكی رکابەری دەکات کە لەماوەی چەند هەفتەی رابردودا هەڵمەتێکی رێکوپێکی بانگەشکردنیان بەیەکەوە ئەنجام داوە و لەو ماوەیەشدا هەوڵی ئەوەیاندا نەداوە یەکتری بشکێنن و روبەڕوی شەرمەزاری نەبونەتەوە.

 سوپاسی بۆریس جۆنسن دەکەم و کارەکانی ئەو سەرکەوتو بون 

ئەوەشی خستەڕو، هەروەها سوپاسی بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی پێشوی بریتانیا دەکات کە لەماوەی رابردودا لەکارەکانی سەرکەوتو بوە، بەتایبەت کە ناوبراو سەرکردایەتی پرۆسەی برێکزت (چونەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا) و رێکارەکانی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای کرد و رۆڵی ئەو لە هەردو دۆسییەکەدا رۆڵێکی سەرەکی و سەرکەوتوانە بوە.

 

بەشێک لە کارنامە و بەڵێنەکانی لیز تره‌س بۆ هاوڵاتیانی بریتانیا:

 

دابه‌زاندنی نرخه‌كانی پسوڵه‌ی وزه‌ به‌خێرای جێبه‌جێ ده‌كه‌م

له‌ ماوه‌ی ته‌نها مانگێكدا، پلانێكی ریشه‌یی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی باج له‌سه‌ر هاوڵاتیان و دانیشتوانی وڵاته‌كه‌مان جێبه‌جێده‌كه‌م.

باج له‌سه‌ر كۆمپانیا و خاوه‌ن كارگه‌ و سه‌رمایه‌داركان زیاد ده‌كه‌ین و به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش باجی هاوڵاتیان زۆر كه‌متر ده‌كه‌ینه‌وه‌، ته‌واوی هه‌وڵی خۆم ده‌ده‌م له‌ پێناو ئه‌وه‌ی بیمه‌ی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌مان له‌ هه‌ڵكشان بوه‌ستێنین و به‌ره‌و ئاستێكی نزمتر دایببه‌زێنین.

تیمه‌كانی ته‌ندروستی و یه‌كه‌ ته‌ندروستییه‌كانمان به‌ره‌و پێشتر ده‌به‌ین و كار له‌ پێناو درێژكردنی ده‌ستی هاوكاری به‌و كه‌سانه‌ دەکەین كه‌ ده‌یانه‌وێت وڵاته‌كه‌مان له‌ قه‌یرانی سوته‌مەنی رزگاربكه‌ن و دابه‌زاندنی نرخه‌كان ئه‌ركی سه‌ره‌كیمان ده‌بێت.