سەعدی پیرە: پێكه‌وه‌ كاركردنی یه‌كێتی و پارتی وه‌كو زه‌واجی كاسۆلیكییه‌ و ته‌ڵاقی تیانیه‌

10:47 - 05/09/2022

2308جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ پارتی هه‌میشه‌ ئه‌و ململانێیه‌یان هه‌یه‌ و جاری واهه‌یه‌ ده‌ڕوات تاوه‌كو بێتاقه‌ت ده‌بن و دواتر ده‌ڵێن با بچنه‌وه‌ ده‌وری مێزێكی خڕ به‌یه‌كه‌وه‌ دابنیشن، ده‌شڵێت، "ئه‌لته‌رناتیڤی تر نیه‌ جگه‌ له‌ پێكه‌وه‌ كاركرد، پێكه‌وه‌ كاركردنی یه‌كێتی و پارتی وه‌كو زه‌واجی كاسۆلیكییه‌ و ته‌ڵاقی تیانیه‌، ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌ به‌بێ پارتی و نه‌ به‌بێ یه‌كێتی ده‌كرێت".

سەعدی ئەحمەد پیرە ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "ره‌ئی ئێمه‌ وایه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایش باسی كرد كه‌ هه‌رێمێكی كوردستانی یه‌كگرتو و یه‌كهه‌ڵوێست ده‌توانێت به‌ره‌نگاری شانه‌ نوستوه‌كانی تیرۆردا بچێته‌وه‌ و له‌م بارودۆخه‌ی عێراقیشدا كه‌ زۆر قسه‌ی به‌رز و نزمی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ده‌توانین به‌رگری له‌ مافه‌كانی كوردستان بكه‌ین".

حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسیارن و حزبێك نین به‌ خواستی وڵاتان دروستكرابن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسیارن و حزبێك نین به‌ خواستی وڵاتان دروستكرابن و هه‌م هه‌ڵوێستیان به‌رپرسیارانه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر عێراق و كوردستان و هه‌روه‌ها ناكۆكییه‌كانمان چه‌ندیش بن به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ری و ململانێی خۆمان ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌و شوێنه‌ی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بونی كوردستان بكات پێكه‌وه‌ داده‌نیشین به‌ یه‌كه‌وه‌ و له‌سه‌ر شتێك رێكده‌كه‌وین".
پێكه‌وه‌ كاركردنی یه‌كێتی و پارتی وه‌كو زه‌واجی كاسۆلیكییه‌ و ته‌ڵاقی تیانیه‌
سەعدی ئەحمەد پیرە باسی له‌وه‌شكرد، "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتی هه‌میشه‌ ئه‌و ململانێیه‌مان هه‌یه‌ و جاری واهه‌یه‌ ده‌ڕوات تاوه‌كو بێتاقه‌ت ده‌بین و دواتر ده‌ڵێین با بچینه‌وه‌ ده‌وری مێزێكی خڕ به‌یه‌كه‌وه‌ دابنیشن، چونكه‌ ئه‌لته‌رناتیڤی تر نیه‌ جگه‌ له‌ پێكه‌وه‌ كاركرد، پێكه‌وه‌ كاركردنی یه‌كێتی و پارتی وه‌كو زه‌واجی كاسۆلیكییه‌ و ته‌ڵاقی تیانیه‌، ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌ به‌بێ پارتی و نه‌ به‌بێ یه‌كێتی ده‌كرێت، تا ئێستا زۆر كه‌س خۆی تاقیكردوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام واده‌رنه‌چوه‌، بۆیه‌ باش نیه‌ كات به‌فیڕۆ بده‌ین و پێكه‌وه‌ دابنیشین".

نیشانەکردن

یەکێتی پارتی