سەرۆک بەرهەم: هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی لەرێگەی گفتوگۆوە بەردەوامە

10:22 - 04/09/2022

2130جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوەوە و رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی لەرێگەی  گفتوگۆ و دیالۆگەوە بەردەوامە و جەختیش دەکاتەوە لە هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ واشنتن بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر و بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

سەرۆک بەرهەم و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبونەوە 
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی ئەیلولی 2022 لە بەغدا پێشوازیکرد لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ واشنتن بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر بەردەوام بێت 
ئەوەش هاتوە، لەدیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات و پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بۆ ئاستێکی بەرزتر لەبوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئابوری، کەلتوری و ژینگە بە ئاڕاستەی هێنانەئاراوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، هەروەها دوپاتکرایەوە لە پتەوکردنی هەماهەنگی هاوبەش بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر و بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی.
جەختکرایەوە لە گرنگی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە
پەیوەست بە گرژییەکانی ناوچەکەش لە راگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا باس لەوەکراوە، جەختکرایەوە لە گرنگی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە و پێویستی پشتیوانیکردن لە دیالۆگ بۆ کەمکردنەوەی ململانێ و بارگرژییەکان، هەروەها بەگرنگییەوە باس لە رۆڵی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کرایەوە.
پشتیوانی لە گفتوگۆ و  دیالۆگ دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی
سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی وڵات، سەرۆک بەرهەم ئاماژەیکرد بە هەوڵەکان بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ رو لە چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی، هاوکات خاتو باربارا لیف جەختی لەسەر پابەندبونی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی و سەلامەتی گەلی عێراق و دیالۆگ بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی.