هەواڵی ئەمڕۆ

روسیا هەناردەکردنی غاز بۆ ئەوروپا "بەتەواوەتی" رادەگرێت

10:54 - 03/09/2022

3136جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆمپانیای گازپڕۆمی روسی رایگەیاند، بەهۆی دروستبونی گرفتێک لە هێڵی گواستنەوەی غازی "نورد ستريم 1" کە لەرێگەیەوە غازی وڵاتەکەیان بۆ ئەڵمانیا هەناردە دەکرێت، تا کاتێکی نادیار هەناردەکردنی غاز "بەتەواوەتی" رادەگرن، ئەوەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا دەبێت لەکاتێکدا بەهۆی نزیکبونەوەی سەرما خواست لەسەر وزە زیاتر بوە.

بڕیارەکەش دۆخی وڵاتانی ئەوروپای روبەڕوی شڵەژان کردوەتەوە
کۆمپانیای گازپڕۆم ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، هێڵی گواستنەوەی غازی "نورد ستريم 1" پێویستی بە چاککردن و نۆژەنکردنەوەی بنەڕەتی هەیە بۆیە کارکردن لەو هێڵەدا بەردەوام دەبێت، بڕیارەکەش دۆخی وڵاتانی ئەوروپای روبەڕوی شڵەژان کردوەتەوەو لەم کاتەدا بەدوای وزەیەکی دیکەی جێگرەوەدا دەگەڕێن.
بڕیاربو ئەمڕۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی غازەکە تەواو بکرێت
کۆمپانیای گازپڕۆم لە 31ی ئابەوە دەستیکردوە بە چاککردن و نۆژەنکردنەوە هێڵی گواستنەوەی غازی "نورد ستريم 1" و بڕیاربو ئەمڕۆ پرۆسەکە تەواو بکرێت، بەڵام درێژکردنەوەی کارکردن لەو هێڵەدا و کاریگەرییەکانی وایکردوە وڵاتانی ئەوروپا دەست بە ئامادەکاری و رێگەی جێگرەوە بکەن.
لەسەر دیاریکردنی کەمترین نرخ بۆ نەوتی روسیا گەیشتنە رێککەوتن
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەی جیهان (G7) لەسەر دیاریکردنی کەمترین نرخ بۆ نەوتی روسیا گەیشتنە رێککەوتن، کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی شەڕی ئابوری نێوان رۆژئاوا و مۆسکۆ، بەهۆی هێرشی سەربازی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.
بۆ یەکەمجار بریتانیا هاوردەکردنی سوتەمەنی لە روسیاوە بە تەواوی راگرت
24ی ئابیش نوسینگەی ئاماری نیشتیمانی سەر بە حکومەتی بریتانیا بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1997ەوە کە وڵاتەکەیان سوتەمەنی لە روسیا هاوردە دەکات، ئاستی هاوردەکردنی سوتەمەنی لە خەرجی 589 مليۆن دۆلارەوە لە مانگی شوبات بۆ خەرجی سفر دۆلار دابەزی.

نیشانەکردن

روسیا ئەوروپا