ئەمریکا رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی چەک بە بڕی زیاتر له‌ یەک ملیار دۆلار بە تایوان دەربڕی

09:24 - 03/09/2022

2060جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا (پێنتاگۆن) رایگه‌یاند، وەزارەتی دەرەوە رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر فرۆشتنی کەرەستەی سەربازی بە تایوان بە بڕی 1.1 ملیار دۆلار، کە 60 موشەکی دژە کەشتی و 100 موشەکی دژه‌ فڕۆكه‌ی تیایه‌، ئه‌وه‌ش توڕەیی چینی لێکەوتەوە.

بەپێی تۆڕی هەواڵی BBC، ئەم پاکێجە فرۆشتنه‌ی چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی ئه‌مریكا به‌ تایوان دوای ئه‌و مانۆڕە سەربازییە بەرفراوانەکانی چین هات لە دەوروبەری تایوان، كه‌ وه‌ك وه‌ڵامێك بو بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا كه‌ سەردانی ئەو دورگەیەی کرد و بوە گەورەترین بەرپرسی ئەمریکا کە لە ساڵانی رابردودا سەردانی تایوانی کردبێت.

رێککەوتنەکە بریتییە لە دابینكردنی ده‌یان موشەک له‌ جۆری سایدۆندەر و هارپون
ئاژانسی هاریکاری ئاسایشی بەرگریی ئه‌مریكا رایگەیاندوە، رێککەوتنەکە بریتییە لە دابینكردنی ده‌یان موشەک له‌ جۆری سایدۆندەر، هارپون و پشتیوانی لە بەرنامەی راداری چاودێری تایوان ده‌كات، بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێك كه‌ بكرێته‌ سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌.
ئەو رێككەوتنە رەنگدانەوەی بەردەوامی پشتیوانی ئیدارەی جۆ بایدنه‌ بۆ تایوان
ئەو رێككەوتنە رەنگدانەوەی بەردەوامی پشتیوانی ئیدارەی جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكایه‌ بۆ تایوان لە كاتێكدا روبەڕوی گوشارەكانی چین دەبێتەوە، كە ئه‌گه‌ری بەكارهێنانی هێزی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دورگەكە رەتنەكردوەتەوە.
چین داوای لە ئەمریکا کردوە گرێبەستەکە له‌گه‌ڵ تایوان هەڵبوەشێنێتەوە
باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن داوای لە ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئەمریکا کردوە گرێبەستەکە له‌گه‌ڵ تایوان هەڵبوەشێنێتەوە یان ڕوبەڕوی "بەرەنگاربونەوە" ده‌بێتەوە.
رێککەوتنەکە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین "بە توندی دەخاتە مەترسییەوە"
لیو پێنگیۆ، وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین رایگه‌یاندوه‌، رێککەوتنەکە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین "بە توندی دەخاتە مەترسییەوە" و وتی، "چین لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنی دۆخەکەدا رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی رەوا و پێویست دەگرێتەبەر".

حكومه‌تی پەکین، تایوان وه‌ك وەک بەشێک لە خاکی خۆی دەبینێت و پێداگری دەکات کە پێویستە پابه‌ند سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌ بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست بكات چه‌ك به‌كارده‌هێنێت، ته‌نانه‌ت مانگی رابردوش دەستی بە مەشقی سەربازی بەرفراوان كرد لە دەوروبەری تایوان، ئەوەش دوای سەردانەكەی شاندی ئەمریكا.
رێككه‌وتنەکە هێشتا پێویستی بە دەنگدان هەیە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکا کە بە توندی لایەنگری تایوانە
رێككه‌وتنی فرۆشتنی چەک لە ئەمریکا کە دوێنێ هەینی واژۆی لەسەرکراوه‌، هێشتا پێویستی بە دەنگدان هەیە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکا کە بە توندی لایەنگری تایوانە دژی چین.
ئەم پاکێجە سیستمی ئاگادارکردنەوەی رادار بە بڕی 655 ملیۆن دۆلار و بۆ 60 موشەکی هارپون لەخۆدەگرێت
ئەم پاکێجە سیستمی ئاگادارکردنەوەی رادار بە بڕی 655 ملیۆن دۆلار و بۆ 60 موشەکی هارپون لەخۆدەگرێت، کە توانای نوقمکردنی کەشتییان هەیە، هه‌روه‌ها بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی هاریکاری ئاسایشی بەرگریی پنتاگۆن، 85.6 ملیۆن دۆلار بۆ موشەکی سایدویندەر لە ڕوی زەوی بۆ ئاسمان و هەوا بۆ ئاسمانی لەخۆدەگرێت.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مریكا وتی، رێککەوتنەکە "پێویستە بۆ ئاسایشی تایوان"، داواشی لە پەکین کرد "فشارە سەربازی و دیپلۆماسی و ئابورییەکانی دژی تایوان رابگرێت و لەبری ئەوە بەشداری گفتوگۆی مانادار بکات".

هاوكات وتەبێژی تایوان وتی، "ئەم فرۆشتنە پێشنیار کراوانە بۆ پشتگیریکردنی هەوڵە بەردەوامەکانی تایوانه‌ بۆ مۆدێرنکردنی هێزە چەکدارەکانی و پاراستنی توانایەکی بەرگریی باوەڕپێکراو".

نیشانەکردن

چین تایوان ئەمریکا