سەرۆک بەرهەم و باڵیۆزی فڕەنسا ئاسایش و بەرەنگاربونەوەی توندڕەوی تاوتوێ دەکەن

03:13 - 01/09/2022

1453جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و ئەریک شۆڤاڵییە، باڵیۆزی فرەنسا لە بەغدا کۆبونەوە، لەکۆبونەوەکەدا پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات، بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی کەشوهەوایان تاوتوێ کرد.

گفتوگۆ کرا سەبارەت بە پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 1 ی ئەیلولی 2022 لەکۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە ئەریک شۆڤاڵییە، باڵیۆزی فرەنسا لە عێراق، لەدیدارەکەدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بە پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات و گەلی دۆست و پێویستی کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لەبوارە جۆراوجۆرەکان.

هەماهەنگی زیاتر بکرێت بۆ بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا

ئەوەش هاتوە، هەروەها باس لە گرنگی پتەوکردنی هاوکاری بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان، بەتایبەتی ریشەکێشکردنی تیرۆر و توندڕەوی، هەماهەنگی سیاسی، ئابوری، بازرگانی، کەلتوری، پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کرا.

باڵیۆزی فرەنسا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی عێراق دەربڕی

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دەڵێت، باڵیۆزی فرەنسا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و هێنانەدی گەشەپێدانی عێراق دوپاتکردەوە.