یه‌كێتی له‌باره‌ی 31ی ئاب په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌؛ پارتی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌

12:45 - 31/08/2022

10992جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مەکتەبی راگەیاندنی یه‌كێتی له‌ ساڵیادی 31ی ئاب رایگه‌یاند، ئەمڕۆ یادی خەمی نیشتمانی و کارەساتی نەتەوەیی 31ی ئابە کە شەڕی ناوخۆ و ناکۆکی سیاسی لە وڵاتەکامانی گەیاندە لوتکە و خیانەتێکی مێژویی لێکەوتەوە، پارتیش ده‌ڵێت، "31ی ئاب وەڵام بو بۆ داگیركاری".

مەکتەبی راگەیاندنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا له‌باره‌ی روداوه‌كانی 31ی ئاب رایگه‌یاند، "ئەمڕۆ یادی خەمی نیشتمانی و کارەساتی نەتەوەیی 31ی ئابە کە شەڕی ناوخۆ و ناکۆکی سیاسی لە وڵاتەکامانی گەیاندە لوتکە و خیانەتێکی مێژویی لێکەوتەوە، وەختێک سوپای بەعسی فاشی، لە 31-8- 1996 ھەولێری پایتەختی حوکمرانی کوردستانی داگیرکرد بە ھاوکاری ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان".

گەلەکەمان و کەسوکاری شەھیدان و یەکێتیی ئەم برینە قوڵەیان بە پێکەوەیی و ویستی یەکریزی کوردەواریی گۆڕییەوە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "دوای چەندین ناکۆکی و ناخۆشی شەڕی براکان، گەلەکەمان و کەسوکاری شەھیدان و یەکێتیی ئەم برینە قوڵەیان بە پێکەوەیی و ویستی یەکریزی کوردەواریی گۆڕییەوە و لاپەڕەی خەمناکی ناکۆکیان سپارد بە ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوە بەرەنگاری ھەڕەشەکانی سەر میللەتەکەمان".
ھەڕەشەی سەر کۆی پرۆسەی سیاسی وامان لێدەخوازێت بەرەی ناوخۆیی کوردستانی پتەو بکەین
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مەکتەبی راگەیاندنی یه‌كێتیدا هاتوه‌، "ئەمڕۆش ھەمان ویست و پێویستی لە ئارادایە، کە ھەڕەشەی سەر کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق بە کوردستانیشەوە وامان لێدەخوازێت بەرەی ناوخۆیی کوردستانی پتەو بکەین، بۆ ئەوەی پێکەوە ھەمو لایەنەکانی کوردستان بپەرژێنە سەر ئەرکەکانی قۆناغی داھاتو، کە داکۆکییە لە مافەکانی گەلەکەمان لە عێراقێکی دیموکرات ، فیدڕاڵ و تەوافوقیدا".
31ی ئاب دەرئەنجام و كاردانەوەی هێنانی بە لێشاوی هێزی سوپای پاسدارانی ئێران بو
له‌وه‌ڵامی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا، دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت، "مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی ئاماژەی بە هۆكارەكانی ئەم روداوە نه‌كردوه‌، لێرەدا بەبیر هەموو لایەك دەهێنینەوە كە سی و یەكی ئاب دەرئەنجام و كاردانەوەی هێنانی بە لێشاوی هێزی سوپای پاسدارانی ئێران بو، لە لایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە لە شەوی 16 لەسەر 17ی ئابی 1996 كە لە چەند قۆڵێکەوە پەلاماری خاكی كوردستانیاندا".

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی ده‌ڵێت، "31 ئاب وەڵام بو بۆ ئەو داگیركاری و پەلامارە و، بە كورتیەكەی (دفع الافسد بالفاسد) بو كە ئاوەدانی و سەقامگیری بۆ خەڵكی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و نیشتیمانیش وەك خۆی بە پارێزراوی مایەوە".

نیشانەکردن

پارتی یەکێتی