ئێران یه‌كه‌مین كاروانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان ره‌وانه‌ی روسیا ده‌كات

10:34 - 31/08/2022

7552جار خوێندراوەتەوە

تاقیكردنه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانەکانی ئێران

خه‌ندان-

به‌رپرسانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا رایانگه‌یاند، كۆماری ئیسلامی ئێران یه‌كه‌مین كاروانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ره‌وانه‌ی روسیا كردوه‌، به‌ڵام هه‌ندێكیان له‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌دا كێشه‌ی ته‌كنیكیان هه‌بوه‌، ئه‌مه‌ش روسیای "بێزار" كردوه‌، به‌پێی وته‌ی شاره‌زایانی بواری سه‌ربازیش، "به‌هۆی سزاكانی وڵاتانی رۆژئاواوه‌، روسیا بۆ پڕكرنه‌وه‌ی بۆشاییه‌ سه‌ربازییه‌كانی په‌نای بردوه‌ته‌ به‌ر بازاڕی ره‌ش".
 
به‌پێی رۆژنامه‌ی The Washington post، به‌رپرسانی ئه‌مریكا رایانگه‌یاندوه‌، یه‌كه‌مین كاروانی گواسته‌نه‌وه‌ی سه‌ربازی ئێرانی گه‌یشتوه‌ته‌ مۆسكۆ كه‌ تێیدا فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان (Drones)ی تێدابوه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌كارهێنانیان له‌ جه‌نگی ئۆكرانیادا ئه‌مه‌ش له‌ پێناو به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان نێوان مۆسكۆ و تاران.

درۆونه‌كان توانای هه‌ڵگرتنی كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی هه‌یه‌
به‌پێی زانیارییه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكاش بێت، دو جۆری تایبه‌ت له‌ درۆونه‌كانی (فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان) ئێران ره‌وانه‌ی مۆسكۆكراون كه‌ ناویان ئاشكرا نه‌كراوه‌ و له‌ 19ی (ئاب/8)ی ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ستی پێكردوه‌ و توانای هه‌ڵگرتنی كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت دژ به‌ رادار و ئامانجه‌ سه‌ربازییه‌كان و ئه‌نجامدانی هێرشی دیاریكراو.
درۆونه‌كانی ئێران كێشه‌یان تێكه‌وتوه‌ و له‌یه‌كەم تاقیكردنه‌وه‌یاندا سه‌ركه‌وتو نه‌بون
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م درۆونانه‌ ده‌بنه‌ هۆیه‌ك له‌ پێناو ئه‌وه‌ی ته‌رازوی جه‌نگی روسیا دژ به‌ ئۆكرانیا ئاوه‌ژو بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام له‌یه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ی درۆونه‌كانی تاران له‌لایه‌ن مۆسكۆوه‌ كێشه‌ی ته‌كنیكی زۆریان هه‌بوه‌ و نه‌توانراوه‌ سه‌ركه‌وتوبێت له‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ له‌ تاقیكرنه‌وه‌ی یه‌كمینیدا بۆی ئه‌نجامدراوه‌.
له‌ درۆونه‌كانی تاراندا كه‌مێك كێشه‌ی ته‌كنیكی بونیان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش روسیای به‌ ته‌واوه‌تی بێزاركردوه‌
له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ به‌رپرسێكی نزیك له‌ چاودێریكردنی گواستنه‌وه‌ی درۆونه‌كان به‌ Washington postی راگه‌یاند، "له‌ درۆونه‌كانی تاراندا كه‌مێك كێشه‌ی ته‌كنیكی بونیان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ روسیای به‌ ته‌واوه‌تی بێزاركردوه‌ و روسیاش باش له‌وه‌ تێگه‌یشتوه‌ كه‌ ئه‌و درۆونانه‌ی به‌كاریان ده‌هێنێت سیستمی كاركردن و پڕۆسێسینی له‌لایه‌ن وڵاتانی رۆژئاواوه‌ دابینكراوه‌".
درۆونه‌كانی تاران له‌ جۆری Mohajer-6  و Shahed-series
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئیداره‌كه‌ی جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، به‌پێی پلانی گواستنه‌وه‌ی درۆونه‌كان له‌ تارانه‌وه‌ بۆ مۆسكۆ، یه‌كه‌م كاروانی بریتیبوه‌ له‌ راده‌ستكردنی درۆونه‌كان له‌ جۆری Mohajer-6  و Shahed-series، هه‌روه‌ها كاروانه‌كه‌ هه‌زار و 500 بۆ دو هه‌زار فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان (Drones) له‌خۆ گرتوه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌كرێت ببێته‌ هاوكارێكی باش بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ سه‌ربازییه‌ی كه‌ روبه‌ڕوی هێزه‌كانی روسیا بوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا سوپای ئۆكرانیا له‌لایه‌ن توركیاوه‌ چه‌ندین جار كاروانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی په‌ره‌پێدراو له‌ جۆی Bayraktar-یان ره‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌كردوه‌ و زه‌ره‌ر  و زیانێكی زۆری به‌ هێزه‌كانی روسیا گه‌یاندوه‌.
ئه‌مریكا پێشتر هۆشداری له‌سه‌ر ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی نێوان روسیا و تاران دابو
باسی له‌وه‌شكردوه‌، له‌ مانگی (ته‌موز/7)ی ئه‌مساڵه‌وه‌ هۆشداریدا بو له‌وه‌ی كه‌ هێزه‌كانی روسیا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بڕیاری پاڵپشتیكردنیان دراوه‌ ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی درۆون بۆ هێزه‌كانی به‌ ئامانجی به‌كارهێنانیان له‌ دژی سه‌ربازانی ئۆكرانیا، فڕۆكه‌یه‌كی گوێزه‌ره‌وه‌ی سه‌ربازی به‌ره‌و تاران و به‌ ئاڕاسته‌ی یه‌كێك له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران فڕیوه‌ له‌ پێناو گواستنه‌وه‌ی ئه‌و درۆونانه‌ی كه‌ به‌وته‌ی تاران "هێرشبه‌ر و سه‌ربازین و توانای هه‌ڵگرتن و به‌ ئامانجگرتن و ئه‌نجامدانی هێرشی سه‌ربازییان هه‌یه‌".
پێشتر تاران درۆونه‌كانی خۆی ره‌وانه‌ی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانی یه‌مه‌ن كردوه‌
ئیداره‌كه‌ی جۆو بایدن ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، رێككه‌وتنی گواستنه‌وه‌ی درۆونه‌كانی تاران به‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌ریه‌كه‌ له‌ سەرۆکی بەشی دابینکردن و لۆجیستی وەزارەتی بەرگری ئێران و لێپسراوی سه‌ربازی روسیا له‌ تاران ئه‌نجامدراوه‌، له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌شدا شاره‌زایه‌كی دروستكردنی ئه‌و درۆونه‌ ئێرانییانه‌ به‌ره‌و روسیا گه‌شتی كردوه‌ له‌ پێناو ئه‌وه‌ی هاوكای هێزه‌كانی روسیا بكات له‌ پێناو به‌ستنی پارچه‌كانی ئه‌و درۆونانه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌میجار نییه‌ و پێشتریش تاران به‌شێوه‌یه‌كی گشتی درۆونه‌كانی ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی كردوه‌ به‌تایبه‌ت یه‌مه‌ن له‌ پێناو پاڵپشتیكردنی له‌ حوسییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌.
روسیا په‌نا بردوه‌ته‌ به‌ر بازاری ره‌ش له‌ پێناو ده‌سته‌ به‌ركردنی چه‌ند هۆیه‌كی سه‌ربازی
شاره‌زایه‌كی بواری سه‌ربازیش ده‌ڵێت، "روسیا به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه‌ نا په‌سه‌نده‌ی به‌رامبه‌ر ئۆكرانیا هه‌ڵیگیراسند، له‌لایه‌نن ته‌واوی وڵاتانی جیهانه‌وه‌ په‌راوێزخراو رێگایه‌كی نه‌ما تا بتوانێت بۆشاییه‌ سه‌ربازییه‌كانی پێپڕبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاربو بۆ ئه‌وه‌ی روسیا په‌نا به‌رێته‌ به‌ر بازاری ره‌ش له‌ پێناو ده‌سته‌ به‌ركردنی چه‌ند هۆیه‌كی سه‌ربازی، به‌تابه‌تیش فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كه‌كان، ئه‌م هاوكاریانه‌ی تاران بۆ مه‌سكۆش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كارگه‌ری له‌سه‌ر ئاڕاسته‌ی رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران نابێت، چونكه‌ وڵاتانی رۆژئاوا ئامانجێكی گه‌وره‌تریان هه‌یه‌ وه‌ك له‌ ناردنی درۆونه‌كان بۆ روسیا".