هەواڵی ئەمڕۆ

چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق: گفتوگۆ و دانوستان تاكە بژاردەیە

01:27 - 29/08/2022

2191جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

کۆبونەوەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق كه‌ له‌ كۆشكی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچو، كۆتاییهات و گفتوگۆ له‌باره‌ی پێشهاتەکانی ئێستای عێراقه‌وه‌ كراوه‌ و جەختیان لەسەر بەرز نرخاندنی پێشنیازەکان بۆ چاکسازی لە هەمو ئاستەکان و گەشەپێدانی کاری دامەزراوە جۆراوجۆرەکان و شەڕی دژی گەندەڵی كرده‌وه‌، داواش لە هەمو هێزە سیاسییه‌كان كرا لەم بارودۆخەی ئێستای وڵاتدا بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ و گفتوگۆ و دانوستانی بونیادنەر تاكە بژاردەیە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دوشەممە (29ی ئابی 2022) میوانداری کۆبونەوەیەکی کرد بە ئامادەبونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و تاوتوێی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان وڵات کرا، ئامادەبوانی كۆبونەوەكە دوپاتیانکردەوە كە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و کاروانی دیموکراسی و دەستووری ئەركی هەمو عێراقییەكانە، هەروەک ئەرکی دامەزراوەكانی دەوڵەت و هێزە سیاسییە نیشتمانییەكانە، هاوکات جەختکرایەوە گفتوگۆ و دانوستانی بونیادنەر تاكە بژاردەیە بۆ كۆتایی هێنان بە سەرجەم ناكۆكییەكان.

داوایان کرد لەم هەفتەیەدا گەڕێكی تازەی گفتوگۆی نیشتمانی دەستپێبكاتەوە
ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لەمیانی كۆبونەوەكەدا ئامادەبوان پشتیوانی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران دەربڕی لەوەی لەم هەفتەیەدا گەڕێكی تازەی گفتوگۆی نیشتمانی دەستپێبكاتەوە بە مەبەستی تاوتوێكردنی سەرجەم ئەو بیرۆكە و دەستپێشخەرییانەی پەیوەستن بە چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی، هەروەها جارێکی دیکە داوا لە رەوتی سەدر کرا ئامادەی كۆبوونەوەکانی گفتوگۆی نیشتمانی بن.
سەرجەم هەوڵەكان بۆ چاكسازی و پەرەپێدانی دامەزراوە جۆراوجۆرەكانی وڵات بەرزدەنرخێنن
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، هەر لەمیانی كۆبونەوەكەدا ئامادەبوان دوپاتیانكردەوە كە سەرجەم هەوڵەكان بۆ چاكسازی و پەرەپێدانی دامەزراوە جۆراوجۆرەكانی وڵات بەرز دەنرخێنن لەپێناو بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، هاوكات بە پێویستی دەزانن كە گفتوگۆ و دانوستانی نیشتمانی هەمو ئەو بابەتانە لەخۆ بگرێت كە پەیوەستن بە بەرجەستەكردنی داوا رەواکانی خەڵک بۆ ژیانێکی باشتر لەسەر ئەرزی واقع.
 پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان لە ئاست بەرپرسیاریەتی قۆناغەكەدابن بەوەی لە هەمو رویەكەوە
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، ئامادەبوانی كۆبونەوەكە ئاماژەیان بەوەشدا كە پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان لە ئاست بەرپرسیاریەتی قۆناغەكەدابن بەوەی لە هەمو رویەكەوە دۆخی وڵات بەرەو هێوركردنەوە بەرن و بارگرژییەكان خاوبكەنەوە و بەر بە ئاڵۆزییە سیاسییەكان بگرن، بەشێوەیەك ژینگەیەكی گونجاو و لەبار بۆ گفتوگۆ و دانوستان بێتەئاراوە و چارەسەری گونجاویش بۆ كێشە جۆراوجۆرەكان بدۆزرێتەوە، هەروەها بە تێروتەسەلیش تاوتوێی بارودۆخی گشتی وڵات بكرێت لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ئەنجامدانی چاكسازی راستەقینە، هاوکات بەگرنگییەوە باس لە لێكنزیككردنەوەی دید و بۆچونی لایەنە سیاسییەكان کرا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا رونكراوه‌ته‌وه‌، هەر لەو كۆبونەوەیەدا ئامادەبوان داوایان كرد هەرچی زوە شەڕی راگەیاندن بوەستێنرێت كە زیانێكی گەورە بە بەرژەوەندی و سەقامگیری وڵات و ئاسایش و ئاشتەوایی نێوان هاوڵاتییان دەگەیەنێت.