باڵيۆزى نوێی چین لە عێراق: لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکان دەدەین

05:38 - 28/08/2022

1251جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

باڵيۆزى نوێی چین لە عێراق لەگەڵ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان کۆبوەوە و رایگەیاند، "سه‌رسامە" به‌ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان، بۆیە هیوادرە و کاریش دەکات بۆ ئەوەی په‌يوه‌ندييه‌كان و ئاستى هه‌نارده‌كردن و هاورده‌كردنى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا به‌رز ببێته‌وه‌.

هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌مو پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى دوپات كرده‌وه‌
سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ سوى وى، باڵيۆزى نوێى كۆمارى چينى مللى و شاندێكى ياوه‌رى كرد، له‌ ديدارێكدا سەرۆکی هەرێم وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربونى، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌مو پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌ركه‌وتنى ئه‌ركه‌كه‌ى و خواستى بره‌ودانی‌ په‌يوه‌ندييه‌كان له‌ هه‌مو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ چين دوپات كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌رێمى كوردستانى بۆ چين ده‌ربڕى كه‌ له‌ كاتى په‌تاى كۆڤيد_19دا پێداويستيى پزيشكى پێشكه‌ش به‌ دامه‌زراوه‌ پزيشكييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرد.
سه‌رسامم به‌ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان
ئەوەش هاتوە، لاى خۆيه‌وه‌ باڵيۆزى نوێى چين له‌ عێراق وێڕاى ده‌ربڕينى سه‌رسامى به‌ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان و پێزانينى بۆ ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا، جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ عێراق هاوبه‌شێكى گرنگی بازرگانييه‌ له‌گه‌ڵ چين، هه‌روه‌ها هيواى خواست په‌يوه‌ندييه‌كان و ئاستى هه‌نارده‌كردن و هاورده‌كردنى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، به‌رز ببێته‌وه‌.
دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ کرا 
سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، چالاكييه‌كانى باڵيۆزخانه‌ى چين له‌ به‌غدا و كونسولخانه‌يان له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سياسيى عێراق، هه‌رێمى كوردستان، ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بو كه‌ كونسولى گشتيى چين ئاماده‌ى بو.