سه‌رۆك به‌رهه‌م: پێویسته‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان نێرده‌ دیپلۆماسیه‌كان بپارێزن

12:54 - 28/08/2022

1655جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رۆك به‌رهه‌م سه‌رۆك كۆماری عێراق، له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ به‌غدا، به‌گرنگییه‌وه‌ باس له‌پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئوسترالیا ده‌كات و جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی پاراستنی نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق ئه‌مڕۆ 28ی ئابی 2022 له‌كۆشكی سه‌لام له‌به‌غدا پێشوازیكرد له‌ خاتو پاولا گانلی باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق.

گفتوگۆكرا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات و پێویستی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌بواره‌ جۆراوجۆره‌كاندا

له‌دیداره‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات و پێویستی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌بواره‌ جۆراوجۆره‌كاندا، به‌تایبه‌تی له‌بواری ئابوری و كه‌لتوری و هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی له‌پێناو هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان.

سه‌رۆك به‌رهه‌م دوپاتیكرده‌وه‌ له‌ پێوستی پاراستنی نێرده‌ دیبلۆماسییه‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م، به‌گرنگییه‌وه‌ باسی له‌پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات كرد بۆ ئاستێكی به‌رزتر، هه‌روه‌ها به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی به‌ ئامانج گرتنی ئۆتۆمبێلێكی باڵیۆزخانه‌ی ئوسترالیای كرد له‌ به‌غدا و دوپاتیكرده‌وه‌ له‌ پێوستی پاراستنی نێرده‌ دیبلۆماسییه‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی.