سەرۆک بەرهەم: دەبێت کاربکەین بۆ چاکسازی راستەقینە و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی

03:39 - 27/08/2022

1159جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، پرۆسەی سیاسی و جیاوازیی ئاڕاستەکان نابێت ببێتە هۆی ناکۆکی و هەڕەشەکردن لە پارستنی پڕۆژەی نیشتمانی بۆ بونیاتنانی دەوڵەت و پتەوکردنی دامەزراوەکانی، جەختیش دەکاتەوە کە بۆ قۆناغی داهاتو پێویستە ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینە لە دەزگاکانی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی لەگەڵ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی کاری لەپێشینەی حکومەت بێت.

پشتیوانی بکەین لە بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان
د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27ی ئابی 2022 بەئامادەبونی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان، دادوەر فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بەرپرسانی حکومی، باڵیۆز، نوێنەرانی وڵاتان و سەرۆکی رێکخراوەکانی ژنان بەشداریکرد لە چواردەهەمین كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ژنان، لە وتارێکدا باسی لەوەشکرد، "پێویستە هەمو دەسەڵاتە فەرمی و چالاکییە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیوانی بکەن لە بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان وەک ئەرکێکی نیشتمانی".
گرنگە بەتوندی روبەڕوی دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ببینەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، دوپاتی دەکاتەوە لەسەر گرنگی بەهێزکردنی رۆڵی ژنان وەک پێویستییەکی بنەڕەتی بۆ پتەوکردنی حوکمڕانی باش و گەشەپێدانی وڵات، هەروەها هیچ پێشکەوتنێک لەکۆمەڵگە بەدی نایات بەبێ مسۆگەرکردنی مافی نیوەی کۆمەڵگە و هێنانەئاراوەی ئیرادە و خواستەکانی، "گرنگیشە بەتوندی روبەڕوی دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ببینەوە، چونکە تاوانێکی پڕ مەترسییە و هەڕەشە لە کچ و خوشکەکانمان دەکات و دژی بەهاکانی گۆمەڵگە و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە."
پێویستە لەسەر هەمو نیشتمانپەروەران جیاوازییەکان وەلانێن و ئاڵینگارییەکان لەبەرچاو بگرن 
سەبارەت بە دۆخی وڵاتیش سەرۆک بەرهەم وتی، "ئەمڕۆ وڵاتەکەمان بە بارودۆخێکی ناسکی ناهەموار تێپەردەبێت، قەیرانی سیاسی و چەقبەستویی دیالۆگ و گفتوگۆکان رێگری کردوە لە هێنانەئاراوەی بەرکەوتە نیشتمانی و دەستورییەکان دوای دە مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەمەش جێگەی نیگەرانی و مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیە باوەڕمان وایە پرۆسەی سیاسی و جیاوازی ئاڕاستەکان نابێت ببێتە هۆی ناکۆکی و هەڕەشەکردن لە پارستنی پڕۆژەی نیشتمانی بۆ بونیاتنانی دەوڵەت و پتەوکردنی دامەزراوەکانی، بۆیە پێویستە لەسەر هەمو نیشتمانپەروەران جیاوازییەکان وەلانێن و ئاڵینگارییەکان لەبەرچاو بگرن کە روبەڕوی وڵاتەکەمان بوەتەوە رو لەچارەسەر."
جەختیکردەوە لە پێویستی هێنانەدی چاکسازی بنەڕەتی و چارەسەرکردنی کەموکورتییەکان
هاوکات سەرۆک کۆمار بەگرنگییەوە باسی لە پێویستی سازان و قوڵکردنەوەی یەکڕیزی، یەکهەڵوێستی نیشتمانی، سەرخستنی بژاردەی دیالۆگ، کۆتاییهێنان بە قەیران و ناکۆکییەکان کرد، لەپێناو دور خستنەوەی پێکدادان و بەریەککەوتن، هەروەها جەختیکردەوە لە پێویستی هێنانەدی چاکسازی بنەڕەتی و چارەسەرکردنی کەموکورتییەکان بۆ گەیشتن بەچارەسەری ریشەیی، تاوەکو بتوانن دەوڵەتێکی راستەقینەی بەتوانا بونیات بنرێت کە پارێزگاری و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەمو عێراقییەکان بکات بێ جیاوازی.
دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بکەینە بنەمای چارەسەرکردنی قەیرانەکان 
لەبارەی ئافاتی گەندەڵیش سەرۆک کۆمار باسی لەوەکردوە، "پێویستە بەهەمو تواناوە کاربکەین بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی دادپەروەری و رەخساندنی دەرفەتی یەکسان و ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینە لە دەزگاکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان و گەلەکەمان لە مەترسییەکانی تیرۆر و گەندەڵی و گۆڕانکارییە ئابورییەکان دوربخەینەوە، هەروەها ئاستەنگەکانی بەردەممان ئەوەمان لێ دەخوازێت دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بکەینە بنەمای چارەسەرکردنی قەیرانەکان بە ئاڕاستەی هێنانەئاراوەی زەمینەیەکی لەبار بۆ پڕۆژەی چاکسازی راستەقینە و کۆتاییهێنان بە کێشەکانی سیستەمی حکومڕانی بەرەو خزمەتکردن و باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵک."