خه‌ندان- هەڤاڵ محەمەد
ئۆلێکساندر بوراڤچێنکۆڤ، دیپلۆماتكاری باڵا له باڵیۆزخانه‌ی ئۆكرانیا له عێراق بۆ یه‌كه‌مجار له خه‌ندان-ه‌وه باسی دۆخی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت، به‌هۆی هێرشی روسیاوه تا ئێستا زیاتر له 22 هه‌زار هاوڵاتی سیڤیل كوژراون و ژێرخانی وڵاته‌كه‌ش زیانی زۆری پێگه‌یشتوه، كه به 113 ملیار دۆلاری ئەمریکی ده‌خه‌مڵێنرێت، ده‌شڵێت، تا ده‌ركردنی یه‌كجاری روسیا له خاكی وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بن له به‌رگریكردن.
ئۆلێکساندر بوراڤچێنکۆڤ له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان له‌باره‌ی هێرشی روسیا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی كه ماوه‌ی شه‌ش مانگه به‌رده‌وامی هه‌یه، رایگه‌یاند، "ئەو ناوچانەی لەلایەن روسیاوە داگیرکراون لە رۆژهەڵات و باشوری ئۆکرانیادان، روسیا هەوڵی داگیرکردنی ئەو ناوچانەی ئۆکرانیای داوە کە زۆرترین توانای زانستی و پیشەسازی و سەربازی و پیشەسازییان هەیە، بۆ ئەوەی بۆ مەبەستی خۆیان بەکاریبهێنن، هەروەها سوپای روسیاش بەنیازبون پایتەختی ئۆکرانیا بگرن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فیزیکی سەرکردایەتی سیاسی- سەربازی وڵاتەکەمان لەناوبەرن، بەڵام روسیا سەرکەوتو نەبو".
بەهۆی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نزیکەی 14 ملیۆن ئۆکرانی ناچاربون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بەهۆی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نزیکەی 14 ملیۆن ئۆکرانی ناچاربون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، روسیا زیاتر له 22 هه‌زار هاوڵاتی له ماریۆپۆڵ كوشتوه كه 377 منداڵیان تیایدا، هه‌وره‌ها 700 کەسیش برینداربون، لەهەمانکاتدا ڤلادیمێر پوتن گرنگی بەزیانی سوپای روسیا نادات و سه‌ربازه رانه‌هێنراوه‌كان بۆ جەنگ لەگەڵ ئۆکرانیا دەنێرێت، لە سەرەتای شەڕەکەوە لەسەر خاکی ئۆکرانیا نزیکەی 46 هه‌زار و 250 سەرباز، ئەفسەر و جەنەڕاڵی روسیا گیانیان لەدەستداوە.
خه‌ندان: دوای زیاتر له شه‌ش مانگ له هێرشی روسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، ئێستا دۆخی ئۆكرانیا چۆنه؟
ئۆلێکساندر بوراڤچێنکۆڤ: شەڕی بەرفراوانی روسیا بە پشتیوانی بیلاڕوسیا لە دژی ئۆکرانیا ماوەی شه‌ش مانگە بەردەوامە، لەم ماوەیەدا هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بە تەواوی ناوچەکانی کیێڤ، چێرنهێڤ، هەرێمەکانی سومەی ئۆکرانیایان پاراستوه، سوپای روسیا ده‌ستی به‌سه‌ر دۆنباس و ناوچەکانی باشوری ئۆکرانیادا گرتوه، ڤۆلۆدیمێر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا فه‌رمانیداوه کە لەداهاتویەکی نزیکدا هەرێمەکانی خێرسن، زاپۆرۆژی، میکۆلایڤ كۆنتڕۆڵ بكرێنه‌وه، ئێستا هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی چالاکانە فه‌رمانه‌كانی سەرۆک کۆمار جێبەجێ دەکەن.
خه‌ندان: ئه‌و ناوچانه كوێن كه روسیا ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتون؟
ئۆلێکساندر بوراڤچێنکۆڤ: ئەو ناوچانەی لەلایەن روسیاوە داگیرکراون لە رۆژهەڵات و باشوری ئۆکرانیادان، روسیا هەوڵی داگیرکردنی ئەو ناوچانەی ئۆکرانیای داوە کە زۆرترین توانای زانستی و پیشەسازی و سەربازی و پیشەسازییان هەیە بۆ ئەوەی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بەکاریبهێنێت، هەروەها سوپای روسیا لە سەرەتای هێرشه‌كانیاندا بەنیازبون پایتەختی ئۆکرانیا بگرن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فیزیکی سەرکردایەتی سیاسی- سەربازی وڵاتەکەمان لەناوبەرن، بەڵام سەرکەوتو نەبو، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا رێگەیان بە داگیرکردنی شارەکانی کیێڤ، خارکیڤ و چێرنهێڤ، سومی و چەندین ناوەندی گرنگی زانستی و پیشەسازیی دیکە لەلایەن سوپای روسیاوە نەدا، ئه‌وه‌ش بەهۆی ئیرادەی سەرکردایەتی ئۆکرانیا و بەرهەڵستی توندی هێزە چەکدارەکان و دەزگا یاساییەکانی ئۆکرانیا و هەروەها یه‌كهه‌ڵوێستی تەواوی خەڵکی ئۆکرانیا بۆ بەرهەڵستی داگیرکەرانی روسیا.
خه‌ندان: تا ئێستا چه‌ند هاوڵاتی ئۆكرانی به‌هۆی جه‌نگه‌وه ئاواره بون؟
ئۆلێکساندر بوراڤچێنکۆڤ: بەهۆی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نزیکەی 14 ملیۆن ئۆکرانی ناچاربون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هێشتا به‌هۆی خێرایی و زۆری ئه‌و ئاواره‌بونه‌وه، به دیاریكراوی ژماره‌ی ئاواره‌بوان نه‌زانراوه، به‌ڵام بەپێی ئامارەکانی خزمەتگوزاری پاسەوانی سنوری ئۆکرانیا، 6.5 ملیۆن ئۆکرانی لە دوای داگیرکردنی تەواوی وڵاتمانەوە خاکی وڵاتی ئێمەیان جێهێشتوە، لەئێستادا هەندێکیان گەڕاونەتەوە بۆ خاکی دایک، بەڵام نزیکەی پێنج ملیۆن کەسیان هێشتا لە دەرەوەی وڵاتن.
خه‌ندان: پێشبینی ئۆكرانیا بۆ به‌رده‌وامبونی جه‌نگ له‌گه‌ڵ روسیا چیه، تاوه‌كو كه‌ی ئه‌م جه‌نگه به‌رده‌وام ده‌بێت؟
ئۆلێکساندر بوراڤچێنکۆڤ: ئێمە به‌رده‌وام ده‌بین و ئامادەین تا سەرکەوتن بەسەر روسیادا تۆمارده‌كه‌ین، سەرکەوتنی ئۆکرانیا بەسەر روسیادا مانای داگیرکردنی تەواوی ئەو ناوچانەیە کە روسیا بە نایاسایی دەستی بەسەردا گرتون، هەمو جیهان لەم جەنگەدا پشتیوانی ئۆکرانیا دەکات لەکاتێکدا نزیکەی هیچ کەسێک پشتگیری روسیا ناکات، سەرەڕای ئەوەش گەمارۆی توندی ئابوری نێودەوڵەتی بەسەر روسیادا سەپێنراوە.
خه‌ندان: ئامارێكتان له‌به‌رده‌ستدایه كه تا ئێستا چه‌ند هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه، یان چه‌ند هاوڵاتی برینداربون؟
ئۆلێکساندر بوراڤچێنکۆڤ: بەڵێ، ئێمە ئەم ئامارانەمان هەیە بە دڵنیاییەوە دەزانین، سەربازانی روسیا نزیکەی 22 هەزار هاوڵاتی مەدەنیان لە شاری ماریۆپۆڵ لە ئۆکرانیا کوشتوە، کە داگیریان کردوە، روسەکان 377 منداڵیان کوشتوه و 700 کەسیش برینداركردوه، لەهەمانکاتدا ڤلادیمێر پوتن گرنگی بەزیانی سوپای روسیا نادات و سه‌ربازه رانه‌هێنراوه‌كان بۆ جەنگ لەگەڵ ئۆکرانیا دەنێرێت، لە سەرەتای شەڕەکەوە لەسەر خاکی ئۆکرانیا نزیکەی 46 هه‌زار و 250 سەرباز و ئەفسەر و جەنەراڵ ڕوسی گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 2000 تانکی روسیا و زیاتر لە 4200 یەکەی ئۆتۆمبێلی پیادەی شەڕکەر و زرێپۆشی ئه‌و وڵاته تێکشکێنراون.
خه‌ندان: وه‌ك له ڤیدیۆكاندا ده‌بینین ژێرخانی ئۆكرانیا به‌ته‌واوی وێران بوه، ئایا پلانتان هه‌یه چۆن ئۆكرانیا ئاوه‌دانی بكه‌نه‌وه؟
ئۆلێکساندر بوراڤچێنکۆڤ: لە ئەنجامی دەستدرێژییە گەورەکەی روسیادا ژێرخانی ئۆکرانیا زیانی زۆری بەرکەوتوە، کە بە زیاتر لە 113 ملیار دۆلاری ئەمریکی خەمڵێنراوە، بەڵام لەو ناوچانه‌ی كه له‌ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی ئۆکرانیایه و به‌هۆی جه‌نگه‌وه زیانیان به‌ركه‌وتوه، نۆژەنکردنەوەی بینا، قوتابخانە، نەخۆشخانە، ڕێگاوبان و پردەکان کە روسەکان وێرانیان کردوە، ئێستا بەردەوامە.
خەندان: بیانوی روسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا ئەوەیە کە سەبازی ناتۆ لە سنورەکانی وڵاته‌كه‌یدا بینراوە، رای ئێوە چیە؟
ئۆلێکساندر بوراڤچێنکۆڤ: ئۆکرانیا ئەندامی ناتۆ نییە بیانوی ئه‌ندامبونی ئۆکرانیا له ناتۆ فێڵێکی ترە لەلایەن روسیاوە، روسیا بەردەوامە لە فریودانی کۆمەڵگای نێوده‌وڵه‌وتی، هیچ بنکەیەکی سەربازی ناتۆ و هەروەها بڵاوبونەوەی یەکەکانی سوپای وڵاتانی ناتۆ لە خاکی ئۆکرانیا نەبو، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا مەشق و راهێنانی هاوبەشیان لەگەڵ یەکەکانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ئەنجامداوه بەمەبەستی باشترکردنی توانا سه‌ربازییه‌كان، ئەم جۆرە راهێنانانە به‌پێی دەستوری ئۆکرانیا ڕێکدەخرێن و بە مۆڵەتی ئەنجومەنی باڵای ئۆکرانیا بەڕێوەدەچێت، هه‌ر شتێكی دیكه له‌مباره‌یه‌وه درۆ و دروستكراوی روسیایە.
خەندان: باشترنەبو ئێوە لەگەڵ روسیا دانوستان بکەن تاوەکو دۆخەکە بە ئه‌مڕۆ نەگات و شەڕ رونەدات؟
ئۆلێکساندر بوراڤچێنکۆڤ: مەحاڵە گفتوگۆ‌و رێککەوتن لەسەر هەرشتێک لەگەڵ روسیادا بکرێت، روسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەوکارەش یاداشتننامەی بوداپست-ی ساڵی 1994ی پێشێلکرد، کە لەلایەن سەرکردەکانی ئۆکرانیا، ئەمریکا و بریتانیای مەزن و روسیاوە ئیمزاکرابو، ئەم دۆکیومێنتە گرینگە زامنی پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەریی ئۆکرانیای کردبو.
خەندان: ئێستا بۆچی کۆبونەوەی نێوان ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا و ڤۆلۆدیمێر زلێنسكی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەڕێوەناچێت، کە ماوەی رابردو زۆر باسدەکرا؟
ئۆلێکساندر بوراڤچێنکۆڤ: پوتن نایەوێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دا‌نیشێت دوای ئەو تاوانە سامناکەی سەربازانی روسیا لە دژی خەڵکی سڤیلی ئۆکرانیا لە بوچا و ئێرپین و ماریۆپۆل و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا ئه‌نجامیاندا، ئێستا سەرکردایەتی روسیا لە جیهاندا وەک تاوانباری جەنگ ده‌ناسرێن.
خەندان: پێتانوایە ئەم شەڕەی ئێستا هەیە چەند دەخایەنێت؟
ئۆلێکساندر بوراڤچێنکۆڤ: تا ئەوکاتەی کە تەواوی سەروەری ئۆکرانیا ده‌گێڕینه‌وه و ناوچه داگیركراوه‌كان، رزگارده‌كه‌ین، لەوانە ناوچه‌كانی كریمیا و ناوچە رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا.