سەرۆک بەرهەم: دەبێت چارەسەرێکی بەپەلە بۆ ئەم دۆخە نائاسایی و ناهەموارە بدۆزرێتەوە

11:01 - 27/08/2022

2126جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک بەرهەم بەشداریکرد لە کۆنفرانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە ئەمڕۆ لە بەغدا بەڕێوەچو و لە وتارێکیشدا رایگەیاند، ناکۆکی لایەنەکان نەهامەتی عێراقییەکان زیاتر دەکات، بۆیە دەبێت چارەسەرێکی بەپەلە بۆ ئەم دۆخە نائاسایی و ناهەموارە بدۆزرێتەوە، لەو پێناوەشدا داوا دەکات لایەنەکان سازش بۆ یەکتری بکەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی و دەستپێکی چاکسازی راستەقینە.

ژنانی عێراق نمونەی قوبانیدانن لەپێناو نیشتیمان و خێزان

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێک لە "کۆنفرانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان" ئاماژەی بەوەشکرد، رۆڵی ژنانی عێراق بەرزدەنرخێنێت کە هەمو دۆخە سەخت و ناهەموارەکاندا شانبەشانی پیاوان خەباتیان کردوە و هاوکارێکی سەرەکی بون بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان، هەروەها ئەوان پارێزەری خێزان بون لەکاتێکدا هاوسەرەکانیان لە شەڕی دژی تیرۆر دەجەنگان، بۆیە  ژنانی عێراق نمونەی قوبانیدانن لەپێناو نیشتیمان و خێزان.

 پێویستە ژنان کە نیوەی کۆمەڵگان رۆڵێکی راستەقینە ببینن کە هاوتای پێگەکەیان بێت

ئەوەشی خستەڕو، پێویستە ژنان کە نیوەی کۆمەڵگان رۆڵێکی راستەقینە ببینن کە هاوتای پێگەکەیان بێت ئەوەش یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی حکومڕانییەکی رەشید و بنەمای گەشەپێدانی بەردەوام، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن خۆیان گەرەنتیکاری مافەکانیان بن.

چەقبەستویی سیاسیی بۆ ئەوە ماوە زۆرە جێگەی نیگەرانییە و بەردەوامیشی مایەی قبوڵکردن نیە

پەیوەست بە دۆخی سیاسی وڵاتیش، سەرۆک بەرهەم وتی، دوای تێپەڕبونی 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان تائێستا شایستە دەستورییەکان تەواو نەکراون، بۆیە چەقبەستویی سیاسیی بۆ ئەوە ماوە زۆرە جێگەی نیگەرانییە و بەردەوامیشی مایەی قبوڵکردن نیە، بۆیە داوا دەکات لایەنەکان سازش بۆ یەکتری بکەن و گفتوگۆ بکەن ئەگەر ناکۆکییەکانیش هەرچەند بێت، جەختیش دەکاتەوە کە عێراقییەکان هەرچەند ناکۆکی نێوانیان قوڵیش بوبێت هیچ کاتێک رێگەیان بە بژاردەی توندوتیژی نەداوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان.

روبەڕبونەوەی گەندەڵی بکرێت بە کاری لەپێشینە

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە ئەرکی هەمو لایەنەکانە لەم قۆناغەدا پشتیوانی دامەزراوەکان بن تاوەکو روبەڕبونەوەی گەندەڵی، چاکسازی ئیداری و بوژانەوەی ئابوری بکرێت بە کاری لەپێشینە، چونکە عێراقییەکان چیتر سازش ناکەن لەسەر مافەکانیان بۆ دەوڵەتێکی مەدەنی و خزمەتگوزار.