خەندان-
دوای 24 کاتژمێر گیریانخواردنیان لەناو بەلەمێکدا لە ئاوەکانی یۆنان و بانگەوازیی ڤیدیۆیی بۆ هاناوەچونیان، ئێوارەی ئەمڕۆ تەواوی ئەو کۆچبەرانە رزگارکران کە لەناو دەریای یۆناندا گیریانخواردبو و زۆرینەی کۆچبەرەکانیش هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
ئەو کۆچبەرانە کە ژمارەیان 80 کۆچبەر دەبێت ئێوارەی ئەمڕۆ لەرێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە رایانگەیاند، کە دوای فشارەکانی رێکخراوەکانی بواری کۆچبەران و بانگەوازەکەیان بۆ بەهاناوەچونیان، لەلایەن پۆلیسی دەریایی یۆنانەوە رزگارکراون.
پۆلیسی دەریایی ئەو وڵاتە بەهانای کۆچبەرانەوە ناچێت
رێکخراوەکانی بواری کۆچبەران رەخنە لە پۆلیسی دەریایی یۆنان دەگرن کە کەمتەرخەمن بەرامبەر کۆچبەران و لەکاتی دروستبونی روداوەکان کە کۆچبەران پێویستییان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە، پۆلیسی دەریایی ئەو وڵاتە بەهانایانەوە ناچێت بەوهۆیەش چەندینجار خنکانی بەکۆمەڵی کۆچبەرانی لێکەوتەوە.
تەنها 29 کۆچبەریان رزگارکران
10ی(ئاب/8)ی 2022ش، یەختێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە نوقمبو و بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە بڵاوکرانەوە، یەختەکە 80-90 کۆچبەری هەڵگرتبو و لەو ژمارەیەش تەنها 29 کۆچبەریان رزگارکران و ئەوانی دیکەیان بێسەروشوێن بون.