خه‌ندان-
سه‌رۆك به‌رهه‌م سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كاردیناڵ لویس ساكۆ، پاتریاركی كلدانی عێراق و جیهان رایگه‌یاند، "پێویسته به‌شداری كارای مه‌سیحییه‌كان له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و كه‌لتوری بێ جیاكاری و پێویستی پته‌وكردنی بنه‌ماكانی هاوڵاتیبون و دادپه‌روه‌ری و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان مسۆگه‌ر بكرێت".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 23ی ئابی 2022 له‌كۆشكی سه‌لام له‌به‌غدا پێشوازیكرد له كاردیناڵ لویس ساكۆ، پاتریاركی كلدانی عێراق و جیهان و ژماره‌یه‌ك له قه‌شه‌ی كه‌نیسه‌كانی كلدانی له عێراق و جیھان.
سه‌رۆك به‌رهه‌م پیرۆزبایی له كاردیناڵ لویس ساكۆ كرد به‌بۆنه‌ی به‌رێوه‌چونی كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی كه‌نیسه‌ی كلدانی
له سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، سه‌رۆك به‌رهه‌م پیرۆزبایی له كاردیناڵ لویس ساكۆ كرد به‌بۆنه‌ی به‌رێوه‌چونی كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی كه‌نیسه‌ی كلدانی و دانیشتنه‌كانی سینودس كلدانی و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن له كاره‌كانیاندا، هه‌روه‌ها ده‌رئه‌نجامه‌كانی كۆنگره‌كه‌ی به‌رزنرخاند له‌باره‌ی وڵات و په‌رۆشی بۆ پاراستنی نیشتمان و پشتیوانیكردن له پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه.
مه‌سیحییه‌كانی عێراق پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌نن و له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی دیكه پێكه‌وه به‌ره‌نگاری ئاسته‌نگه جۆراوجۆره‌كان بونه‌ته‌وه
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆماری عێراق رایگه‌یاند، "مه‌سیحییه‌كانی عێراق پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌نن و له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی دیكه پێكه‌وه به‌ره‌نگاری ئاسته‌نگه جۆراوجۆره‌كان بونه‌ته‌وه"، هاوكات جه‌ختیكرده‌وه له تێپه‌ڕاندنی ئه‌و كێشه و ئاسته‌نگانه‌ی روبه‌ڕوی مه‌سیحییه‌كانی وڵات ده‌بێته‌وه و رایگه‌یاند، ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ر به مه‌سیحییه‌كان ده‌كرێت به هه‌مو جۆرێك ره‌تده‌كرێته‌وه له‌لایه‌ن عێراقییه‌كانه‌وه.
سه‌رۆك به‌رهه‌م جه‌ختی له له پێویستی مسۆگه‌ركردنی به‌شداری كارای مه‌سیحییه‌كان له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و كه‌لتوری كرده‌وه
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م جه‌ختیكرده‌وه، "له پێویستی مسۆگه‌ركردنی به‌شداری كارای مه‌سیحییه‌كان له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و كه‌لتوری بێ جیاكاری و پێویستی پته‌وكردنی بنه‌ماكانی هاوڵاتیبون و دادپه‌روه‌ری و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان، تاوه‌كو مه‌سیحییه‌كان و پێكهاته‌كانی دیكه پێكه‌وه نه‌خشه‌دارێژه‌ری ئێستا و ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان بن".
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، كاردینال ساكۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌ربڕی بۆ به‌دواداچونی به‌رده‌وام و پشتیوانیكردنی له مه‌سیحییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی زۆرێك له‌و گرفت و ئاسته‌نگانه‌ی كه له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردو روبه‌ڕویان بوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی رۆڵی گرنگی بۆ چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان له نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گه‌ل.