هەواڵی ئەمڕۆ

سه‌رۆك به‌رهه‌م په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

01:51 - 21/08/2022

4735جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رۆك به‌رهه‌م سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند، پێویسته‌ سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كان یه‌كبخرێن بۆ رزگاركردنی گیانی ئه‌و كه‌سانه‌ی تا ئێستا له‌ مه‌زارگه‌ی قەتارەی ئیمام عه‌لی له‌ كه‌ربه‌لا گیریانخواردوه‌.

د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق، له‌ تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویه‌تی، "به‌داخه‌وه‌ ئەو روداوە دڵتەزێنەمان پێگەیشت کە گەلەکەمان لە روخانی مەزارگەی قەتارەی ئیمام عەلی (درودی خودای له‌سه‌ربێت) توشی بو له‌ کەربەلای پیرۆز".

پێویسته‌ هه‌مو هه‌وڵه‌كان یه‌كبخرێن بۆ ڕزگارکردنی گیانی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تا ئێستا ده‌رنه‌هێندراون

راشیگه‌یاندوه‌، "بانگەواز لە تیمە قارەمانەکانی بەرگری شارستانی و خۆبەخشەکان دەکەین، ئه‌و كه‌سانه‌ی گیریانخواردوە ڕزگار بکەن و یارمەتیان بدەن، پێویسته‌ هه‌مو هه‌وڵه‌كان یه‌كبخرێن بۆ ڕزگارکردنی گیانی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تا ئێستا ده‌رنه‌هێندراون".

دوێنێ شه‌ممه‌، لە کەربەلا شاخێك لە ناوچەی قەتارەی ئیمام عەلی داروخا، کە لەسەر کانیاوێکی سروشتی لە ناوچەکە دروستکراوە و یه‌كێكه‌ له‌ مه‌زارگه‌ ئاینیه‌كان، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كه‌وتنه‌ ژێر بینا ڕوخاوه‌كه‌ و تیمه‌كانی به‌رگری شارستانیش له‌هه‌وڵدان بۆ رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی گیریانخواردوه‌