ژنێكی ته‌مه‌ن 81 ساڵ به‌ پێنج كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگیركرا

06:31 - 19/08/2022

5162جار خوێندراوەتەوە

ساتی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ژنه‌ ته‌مه‌ن 81 ساڵه‌كه‌

خه‌ندان-

به‌رپرسانی فڕۆكه‌خانه‌ی پۆڵندا ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایانگه‌یاند، پاش دركپێكردن له‌ جوڵه‌ گوماناویه‌كانی، جانتای گه‌شتكردنی ژنێكی ته‌مه‌ن 81 ساڵیان پشكنیوه‌ و ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ له‌ نێویدا پێنج كیلۆگرام هێرۆیین بونی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ژنه‌ بێ به‌ریبونی خۆی له‌و مادده‌یه‌ راگه‌یاند و ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریبخه‌ن ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ به‌ قاچاخبردنی ئه‌و مادده‌ هۆشبه‌رانه‌دا ئه‌وا بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ زیندانی ده‌كرێت.

به‌پێی ئاژانسی ABC News، به‌رپرسانی فڕۆكه‌خانه‌ی پۆڵندا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویانكرده‌وه‌، ژنێكی به‌ته‌مه‌نی دانیماڕكیان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی ویستویه‌تی مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌ره‌و كه‌نه‌دا بگوازێته‌وه‌.

ژنێكییان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد كه‌ ته‌مه‌نی 81 ساڵ بو و له‌ نێو جانتاكه‌یدا بڕێكی زۆر مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌بو
ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردوه‌، ژنێكی ته‌مه‌ن 81 ساڵ كه‌ له‌ پۆڵنداوه‌ ماوه‌ی چاوه‌ڕوانی گۆڕینی فڕۆكه‌ی به‌ره‌و كه‌نه‌دا هه‌بو و له‌ ئه‌فریقاوه‌ هاتبو، به‌هۆی جوڵه‌ گوماناوییه‌كانیه‌وه‌ داوای پشكنینی جانتای گه‌شته‌كه‌یان لێكردوه‌ و پاش پشكنینی له‌ به‌شی ژێره‌وه‌یدا ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ردا گیراوه‌.
بڕی 5 كیلۆ گرام له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ جۆری (هێرۆیین) دۆزییه‌وه‌
به‌رپرسانی فڕۆكه‌خانه‌ی پۆڵندا باسیان له‌وه‌شكردوه‌، له‌نێو جانتای ئه‌و ژنه‌ به‌ ته‌مه‌نه‌دا بڕی 5 كیلۆ گرام له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ جۆری (هێرۆیین) دۆزرایه‌وه‌ كه‌ نرخه‌كه‌ی نزیكه‌ی نیو ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی بوه‌.
ماوه‌ی سێ مانگ راگیراوه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ش ده‌ستی پێكردوه‌
له‌كاتی لێكۆڵینوه‌كانیشدا ئه‌و ژنه‌ به‌ پۆلیسی نێو فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی راگه‌یاندوه‌، ئه‌و بێ ئاگایه‌ له‌وه‌ی باسی ده‌كه‌ن و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی وتویانه‌ ئه‌م جانتیایه‌یان بۆ پڕكردوه‌ له‌ دیاری تا بۆ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یانی ببات كه‌ له‌ كه‌نه‌دا نیشته‌جێن، هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌ی سێ مانگ راگیراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ دۆسیه‌كه‌ی ده‌ستی پێكردوه‌.
ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی به‌ هه‌وڵی به‌ قاچاخبردنه‌كه‌وه‌ هه‌بێت، 15 ساڵ زیندانی ده‌كرێت
ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕو، ئه‌گه‌ر بێت و ده‌رئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌كان بیسه‌لمێنن كه‌ ئه‌م ژنه‌ به‌ته‌مه‌ن راسته‌و په‌یوه‌ندی به‌ هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وا به‌ بڕیاری دادگا بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ سزای زیندانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن.