هەواڵی ئەمڕۆ

سەرۆک بەرهەم: دەبێت نەخشەرێگایەک بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان دابنرێت

04:22 - 17/08/2022

1548جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ نوێنەرانی سەندیکاکانی عێراق کۆبوەوە و رایگەیاند، پێویستە لایەنەکان بیر لە نەخشەرێگایەکی هاوبەش بکەنەوە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاراستەی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و دڵنیاکردنەوە و هێنانەئاراوەی داوا رەواکانی هاوڵاتیان، جەختیش دەکاتەوە کە خواستی عێراقییەکان بنەمای سەرەکییە بۆ دەربازبون لە قەیران و چەقبەستوی سیاسی.

 لەبارەی بارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەكان گفتوگۆکرا
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئابی 2022 لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ژمارەیەک سەرۆك و نوێنەرانی سەندیکاکانی عێراق و لەبارەی بارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەكان گفتوگۆکرا.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی پشتبەستن بە دیالۆگ
ئەوەش هاتوە، لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی پشتبەستن بە دیالۆگ و لێکنزیکبونەوە لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی، لەسەر بنەمای پاراستنی مافی هاوڵاتیان بۆ ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەران و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی سیستمی سیاسی و پارێزگاریکردن لە ئاشتی کۆمەڵایەتی، هەروەها دانانی نەخشەرێگایەک بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاراستەی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و دڵنیاکردنەوە و هێنانەئاراوەی داوا رەواکانی هاوڵاتیان.
ئەو دۆخەی ئێستا چیتر قابیلی قبوڵکردن نییە 
سەرۆک بەرهەم ئەوەشی خستوەتەڕو، کە بەردەوامی ئەو دۆخەی ئێستا چیتر قابیلی قبوڵکردن نییە و پێویستە جیاوازییەکان تێپەڕینین و رێز لە ئیرادە و خواستی خەڵک و دیموکراسی بکیرێت، هەروەها دوپاتیکردەوە رێز گرتن لە خواستی عێراقییەکان بنەمای سەرەکییە بۆ دەربازبون لە قەیران و چەقبەستوی سیاسی.
دوپاتیکردەوە لەگرنگی پاراستنی مافی هاوڵاتیان و ئاسایش و ئارامی وڵات
لەبارەی رۆڵی سەندیکا و چالاکییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانیش سەرۆک کۆمار وتی، رۆڵی سەندیکا و چالاکییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان گرنگە، بەتایبەتی لەو قەیرانەی ئێستای بەرۆکی وڵاتی گرتوە، هەروەها دوپاتیکردەوە لەگرنگی پاراستنی مافی هاوڵاتیان و ئاسایش و ئارامی وڵات و هەنگاونانی ئاشتیانە روەو زاڵبون بەسەر کێشە و ئاستەنگەکاندا.
سەرۆک بەرهەم گوێی لە سەرۆک و نوێنەرانی سەندیکاکان گرت
لەراگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە، سەرۆک بەرهەم گوێی لە سەرۆک و نوێنەرانی سەندیکاکان گرت سەبارەت بە دۆخی سیاسی وڵات و رێگاکانی دەربازبون لەو قەیرانەی ئێستا و پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و تێپەڕاندنی کێشە و قەیرانەکان.

بەپەلە