هەواڵی ئەمڕۆ

وەفدێکی ئەنەکەسە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆدەبنەوە

03:07 - 17/08/2022

1481جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشوازی لە وەفدێکی  ئەنجومەنى نیشتیمانى کوردى سوریا (ئەنەکەسە) کرد و لە کۆبونەوەیەکیشدا رایگەیاند، ئەوەى لەتوانایاندابێت لەخزمەتکردنى پەنابەران بەگشتی و پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان بەتایبەتى لەکەمپەکانى سنورى پارێزگاى هەولێر جێبەجێى دەکەن.

 ئومێد خۆشناو پێشوازى لە نوێنەرى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى نیشتیمانى کوردى سوریا (ئەنەکەسە) کرد

پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردوەتەوە،"ئومێد خۆشناو، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازى لە د.کاوە عەزیز، نوێنەرى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى نیشتیمانى کوردى سوریا (ئەنەکەسە) لە ھەرێمی کوردستان و شاندێکى یاوەرى کردو لەکۆبونەوەیەکدا، گفتوگۆ لەبارەى بارودۆخ و ڕەوشى پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە کەمپەکانکرا و تیشک خرایە سەر ئەو کار و پرۆژانەى بۆ کەمپەکانى سنورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون لە پێشکەشکردنی هاوکاری و یارمەتیدان و خزمەتکردنیان".

 ئەوەى لەتواناى ئێمەدابێت جێبەجێی دەکەین

هاوکات لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند" ئەوەى لەتواناى ئێمەدابێت لەخزمەتکردنى پەنابەران بەگشتیى و پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان بەتایبەتى لەکەمپەکانى سنورى پارێزگاى هەولێر جێبەجێى دەکەین، ناهێڵین هیچ کێشەیەکیان هەبێت، دڵنیابن ئەوەى لەدەسەڵاتى ئێمەدابێت درێغى لێناکرێت".

سوپاسی ڕۆڵى پارێزگارى هەولێر و پارێزگاى هەولێریان کرد

لەکۆتایی کۆبونەوەکەشدا ، د.کاوە عەزیز، نوێنەرى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى نیشتیمانى کوردى سوریا (ئەنەکەسە) لە ھەرێمی کوردستان سوپاسی ڕۆڵى پارێزگارى هەولێر و پارێزگاى هەولێریان کرد لەخزمەتکردنى ئاوارە و پەنابەرانى رۆژئاوای كوردستان.