هەواڵی ئەمڕۆ

عەلی حەمەساڵح جارێكی دیكه‌ درایه‌ دادگا؛ ورده‌كاری و زانیاری گرنگ له‌باره‌ی دۆسیه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات

12:42 - 17/08/2022

3756جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئه‌مڕۆ دوای ئه‌وه‌ی چوه‌ دادگا له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایه‌ی له‌سه‌ری تۆماركرابو، رایگەیاند، ئەنجامدانی گرێبەستی دانانی کامێرای تیژڕەوی و کۆکردنەوەی داهاتەکەی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بە ئاگاداری سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم ئەنجامدراوە و بەپێی یاساش داهاتی سەرپێچی نابێت بدرێت بە کۆمپانیا، داواش لە هاوڵاتیان دەکات سکاڵای یاسای لەسەر گرێبەستەکە و کۆمپانیای جێبەجێکار تۆمار بکەن، پاڵپشت بەوەی کە ئەو گرێبەستە و ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی داهاتی سەرپێچیەکان پشتی بەهیچ یاسایەک نەبەستوە.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بۆ جاری 17هه‌مینە کە لەسەر بەرگریکردن لەسەر مافی گشتی سکاڵام لەسەر تۆمار دەکرێت و هەمو جارێکیش لەبەردەم دادوەر ئامادەبوم، بەڵام 170 دۆسیەی گەندەڵیم لە پرسی نەوت زەوی، قاچاغچێتی خاڵە سنورییەکان لە ڕێگەی دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتییەوە داوە بە دادگا تا ئێستا ڕۆژێک بەرپرسێک لە دادگاکان ئامادە نەبوه‌ و لێپرسینەوە لەکەس نەکراوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەرپرسەکان  خۆیان باوەڕیان بە دادگاکان نییە".     

 گرێبەستی دانانی کامێراکانی تیژڕەوی و بەڕێوەبردن و کۆکردنەوەی پارەکەی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەتەواوی پێچەوانەی هەمو یاساکانە
ئاماژەی بەوەشکرد، گرێبەستی دانانی کامێراکانی تیژڕەوی و بەڕێوەبردن و کۆکردنەوەی پارەکەی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەتەواوی پێچەوانەی هەمو یاساکانە و بەهیچ جۆرێک نابێت سزا بدرێت بە کەرتی تایبەت.
 ماوەی پێنج ساڵە سکاڵایەکی سەبارەت بە دیارنەمانی  96 کامێرای دیاریکردنی خێرایی تۆمارکردوە
عەلی حەمەساڵح باسی له‌وه‌شكردوه‌، ماوەی پێنج ساڵە سکاڵایەکی سەبارەت بە دیارنەمانی  96 کامێرای دیاریکردنی خێرایی تۆمارکردوە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە بڕی 74 ملیار دینار لە داهاتی سلێمانی کڕدراوە، لە ئێستادا "دیارنیە" کە چییان بەسەر هاتوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دادگا کاری لەسەر ئەو سکاڵایە نەکردوە، ئێستا کۆمپانیایەک لە سنوری سلێمانی بە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینەوە کامێرا ڕێژکراوە و 70% داهاتی کامێراکان بۆ کۆمپانیاکە دەبێت تا ئەوکاتەی کە تەواوی تێچوەکەی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "وەرگرتنی سەرپێچی دەبێت لەلایەن حکومەتەوە بێت و لە هیچ یاسایەکدا نییە کە کەرتی تایبت بۆی هەبێت داهاتی سەرپێچی کۆبکاتەوە، لە خاڵێکی گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکە و حکومەتی هەرێمدایشدا هاتوە ئەگەر هاوڵاتیانیش پارەی سەرپێچییەکان نەدەن ئەوا کۆمپانیاکە هەمو مانگێک لە داهاتی پارزگای سلێمانی مانگانە 70%ی خۆی وەربگرێت". 
ئەو گرێبەستانە لە ئاستێکی باڵادا بە ئاگاداری و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی ئەنجامدراوە هەر ئەوانیش لێی بەرپرسن
رونیشیكرده‌وه‌، "ئەو گرێبەستانە لە ئاستێکی باڵادا بە ئاگاداری و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی ئەنجامدراوە هەر ئەوانیش لێی بەرپرسن لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە دو مانگی داهاتودە دەکەوێتە کار و لە مانگی داهاتوشدا دانانی کامێراکان لە هەولێر دەستپێدەکات، لەکاتێکدا دۆخی شەقامەکانت لە ئاستێکی خراپدایە دۆخی دارای هاوڵاتیان لەوپەڕی خراپیدایە دێن چەند کۆمپانیایەک لەسەر حسابی خەڵک دەکەنە ملیاردێر".  
لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ساڵێک و سێ مانگە ئەو دۆسییەی داوەتە دادگا
عەلی حەمەساڵح وتیشی، "لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ساڵێک و سێ مانگە ئەو دۆسییەی داوەتە دادگا، بەڵام هەتا ئێستاش کەس لەسەر ئەو دۆسیەیە باگێشتی دادگا نەکراوە و لێپرسینەوە لە کەس نەکراوە و ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیەش بەردەوامبێت ڕەنگە ڕۆژێک بێت زیندانەکانیش بکرێن بە پارە".
لە ئێستادا دو سکاڵام لەسەر تۆمارکراوە یەکێکیان لەسەر ئەم پرسەیە کە کۆمپانیاکە دەڵێت ناویان زڕێنراوە
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت، "لە ئێستادا دو سکاڵام لەسەر تۆمارکراوە یەکێکیان لەسەر ئەم پرسەیە کە کۆمپانیاکە دەڵێت ناویان زڕێنراوە و داوای 80 ملیار قەرەبو دەکەن سکاڵاکەی دیکەشیان لەسەر پرسی لافاوەکانی ساڵی ڕابردوی هەولێرە جگە لەمن هیچ کەسێکی دیکە نەدراوە بە دادگا  ئەوانیش داوای 370 ملیۆن دۆلار دەکەن"، داواشی لە هاوڵاتیان کرد، سکاڵای یاسای لەسەر گرێبەستەکە و کۆمپانیای جێبەجێکار تۆماربکەن، پاڵپشت بەوەی کە ئەو گرێبەستە و ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی داهاتی سەرپێچیەکان پشتی بەهیچ یاسایەک نەبەستوە و  سزادانیش دەبێت بە یاسا بێت.