هەواڵی ئەمڕۆ

بەڕێوەبەرى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا: راییکردنى کاروبارى هاوڵاتیان 100% بەئەلیکترۆنی کراوە

11:27 - 17/08/2022

1220جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگه‌یاند، راییکردنى کاروبارى فەرمانبەر و هاوڵاتیان له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی 100% بەئەلیکترۆنی کراوە.

د. توانا نجف حەمەخان، بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ میدیای فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێم، رایگه‌یاند، "وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌وڵی داوه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئیشوكاره‌ كارگێڕی و داراییه‌كانی سه‌رجه‌م زانكۆكان و نێو وه‌زاره‌ت بکاتە ئه‌لیكترۆنی بۆ ئاسانكاریی هاوڵاتیان تا بتوانن له‌ ماڵی خۆیان‌ یا له‌ شوێنی جوگرافییانەوە به‌دواداچون بۆ نوسراو و كاره‌كانیان بكه‌ن".

بەئەلیکترۆنیکردنی كاره‌كانی وەزارەت له‌ ساڵی 2017ـەوە ده‌ستیپێكرد 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سه‌ره‌تای بەئەلیکترۆنیکردنی كاره‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ساڵی 2017ـەوە ده‌ستیپێكرد لە ڕێگەى سیسته‌مێكه‌وه‌ بە ناوی (mhe) کە دەکرێت هەم لە ئایۆئێس و هەم ئەندرۆید وەک ئەپێک دابگیردرێتە سەر مۆبایل و یا لاپتۆپ و دواتر ‌ کەسەکە به‌دواداچون بۆ نوسراوه‌كانی‌ لە وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ زانستی بکات.
هەمو کەسێک لە  لە ڕێگەى ئه‌و ئه‌پڵیكه‌یشنەى نێو‌ مۆبایله‌كه‌‌ی، ده‌توانێت به‌دواداچون بۆ کارەکەی بكات
بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتیشی، "هه‌ر هاوڵاتی و مامۆستا و فه‌رمانبه‌رێك، هه‌ر كارێكی له‌ وه‌زاره‌ت هەبێت، ته‌نیا لە ڕێگەى ئه‌و ئه‌پڵیكه‌یشنەى نێو‌ مۆبایله‌كه‌‌ی، ده‌توانێت به‌دواداچونی بۆ بكات و هه‌ر به‌ڕێزێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی تریش سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشه‌وه‌ نووسراوێكی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تمان کردبێت، دەتوانێت بە داخڵکردنى نێو و ژمارە و ڕێکەوتى نوسراو لە نێو ئەپى mhe، بۆى دەردەکەوێت کە نوسراوەکەى له‌ چ قۆناغێكدایه‌".
لە زاخۆوه‌ بۆ خانه‌قین، پێویست ناكات فەرمانبەر و مامۆستا و هاوڵاتیان سه‌ردانی وه‌زاره‌ت بكەن
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "لە زاخۆوه‌ بۆ خانه‌قین، پێویست ناكات فەرمانبەر و مامۆستا و هاوڵاتیان سه‌ردانی وه‌زاره‌ت بكەن، چونکە لە سیستەمەکە و چرکە نیشاندەدات کە نوسراوەکەى لە کوێیە و کەى واژۆ دەکرێت، چونکە ڕاستەوخۆ و دواى هەر ژورێک کە ببرێت سكان ده‌كرێت و دێتە نێو سیستەم و دەگاتە وه‌زاره‌تمان و ئێمه‌ش به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان له‌ ناو دیوانی وه‌زاره‌ت كارەکانى بۆ ئەنجام دەدەین".

بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتیشی، "سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ کە وەزارەت و فەرمانگەکان به‌ئه‌لیكترۆنی بكرێن بۆ ئەوەى ڕۆتین و تێچوو که‌م بكرێته‌وه‌ و هاوڵاتیان بتوانن لە کاتێکى کەم و بێ ماندوبون کارەکانیان جێبەجێ بکەن، بۆیە ئێمە کارمان لەسەر ئەم پرسە کردوە و ئێستا وەزارەتەکەمان 100% بەئەلیکترۆنى بوە و به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ نوسراوێكی فه‌رمیمان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردوه‌، بۆ ئەوەى هاوکارى وه‌زاره‌ته‌كانى تربین بەتایبەت وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان کە په‌یوه‌ندییەکى زۆریان به‌ ئیشوكاری هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن سود له‌م سیسته‌مه وەربگرن و ئێمه‌ ئاماده‌یی خۆمان نیشان داوە كه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ش بده‌ینه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی لای خۆیانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی بكه‌ن".

بەپەلە