هەواڵی ئەمڕۆ

کۆریای باکور دو موشەکی كروز تاقیده‌كاته‌وه‌

10:50 - 17/08/2022

1419جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

کۆریای باشور ئه‌مڕۆ چوارشەممە رایگه‌یاند، پیۆنگیانگ ئه‌مڕۆ دو موشەکی کروزی تاقیكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی موشه‌كییه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردودا.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، سەرچاوەیەکی سەربازی کۆریای باشور رایگه‌یاندوه‌، کۆریای باکور ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ دو موشەکی کروزی لە شارۆچکەی ئۆنچیۆن-ی كه‌ناری رۆژئاوا تاقیكردوه‌ته‌وه‌، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاته‌ڕو.

کۆریای باکور دو موشەکی کروزی لە ئۆنچیۆن لە باشوری پارێزگای پیۆنگیانه‌وه‌ بۆ دەریای ڕۆژئاوا تەقاندوە
به‌رپرسێكی سه‌ربازی كۆریای باشور رایگه‌یاندوه‌، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بۆمان دەرکەوت کە کۆریای باکور دو موشەکی کروزی لە ئۆنچیۆن لە باشوری پارێزگای پیۆنگیانه‌وه‌ بۆ دەریای ڕۆژئاوا تەقاندوە".
 کۆریای باشور و ویلایەتە یەکگرتوەکان ده‌ستیان به‌ ئه‌نجامدانی مانۆڕی سه‌ربازی هاوبه‌شكردوه‌
تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و دو موشه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆریای باكوره‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌ وڵاتانی کۆریای باشور و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئه‌مریكا ده‌ستیان به‌ ئه‌نجامدانی مانۆڕی سه‌ربازی هاوبه‌شكردوه‌.

هاوکات یۆن سوک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشور ئه‌مڕۆ چوارشەممە  لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، ئامادەیە هاوکاری ئابوری پێشکەش بە کۆریای باکور بکات ئەگەر کۆتایی بە بەرنامە ناوەکییەکەی بهێنێت.