هەواڵی ئەمڕۆ

جەمال کۆچەر هه‌ڵوێستی یه‌كگرتو له‌باره‌ی دۆخی عێراق و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌خاته‌ڕو

09:34 - 17/08/2022

1302جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

د. جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتو لە پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند، پرسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كاری دادگا و (ئینقلاب-كوده‌تایه)‌ نیه‌، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ڕێگه‌ی ده‌ستوریی و یاسایی بێت كه‌ له‌ ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وان ده‌بێت بزانن بۆچی په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ به‌چ یاسایه‌ک هه‌ڵبژاردن بكه‌ین؟ چونكه‌ تێبینیان له‌سه‌ر یاساكه‌ هه‌بو پێش هه‌ڵبژاردن، دوای هه‌ڵبژاردن هه‌ندێک لایه‌نی تر تێبینی هه‌یه‌.

د. جەمال کۆچەر له‌باره‌ی دۆخی عێراق و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندوه‌، "ئێستا سێ بۆچون هه‌یه‌، یه‌كه‌م بۆچونی ڕه‌وتی سه‌دریه‌ كه‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، بۆچونێكی تر هه‌یه‌ ده‌ڵێت نه‌خێر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته بوە‌ ئیتر باقبوڵی بكه‌ین و حكومه‌ت دروست بكه‌ین، لایه‌نی سێیه‌م، ئه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م په‌رله‌مانه‌ له ‌ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانه‌ یان له ‌ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تێكی ته‌واوه‌ كه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی داوا له‌سه‌رۆک كۆمار بكات سه‌رۆک كۆماریش داوا له‌په‌رله‌مان ده‌كات و په‌رله‌مانیش دانیشتنێک له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كات، به‌زۆرینه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌دات و خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌".

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێت به‌ڕای په‌رله‌مان بێت ئه‌مه‌ نه‌ كاری دادگایه‌ و نه‌ كاری (ئینقلاب-كوده‌تایه)‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێت به‌ڕای په‌رله‌مان بێت ئه‌مه‌ نه‌ كاری دادگایه‌ و نه‌ كاری (ئینقلاب-كوده‌تایه)‌، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ڕێگه‌ی ده‌ستوریی و یاسایی بێت كه‌ له‌ ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌یه‌ خاڵی دوه‌م، ده‌بێت بزانن بۆچی په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ به‌چ یاسایه‌ک هه‌ڵبژاردن بكه‌ین؟ چونكه‌ ئه‌وان تێبینیان له‌سه‌ر یاساكه‌ هه‌بو پێش هه‌ڵبژاردن، دوای هه‌ڵبژاردن هه‌ندێک لایه‌نی تر تێبینی هه‌یه‌.
ده‌بێت بزانین به‌ چ یاسایه‌ک به‌ چ كۆمیسیۆنێک له‌ چ كاتێک هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، هه‌تا ئێمه‌ بتوانین بڕیاری خۆمان بده‌ین
به‌بڕوای د. جەمال کۆچەر، "ئه‌وه‌ی سه‌در داوای ده‌كات جیاوازه‌ له‌وه‌ی كه‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی داوای ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌بێت بزانین به‌ چ یاسایه‌ک به‌ چ كۆمیسیۆنێک له‌ چ كاتێک هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، هه‌تا ئێمه‌ بتوانین بڕیاری خۆمان بده‌ین ئێمه‌ ناتوانین به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ بڕیار بده‌ین، چونكه‌ بوینه‌ قوربانی یاساكان له‌ هه‌ڵبژاردن، خاڵی سێیه‌م ئێمه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌مولایه‌ک پێكه‌وه‌ دابنیشین ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن كرا ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی داهاتو چ جیاوازی ده‌بێت له‌م ده‌رئه‌نجامه‌ی ئێستا؟ ئه‌گه‌ر جیاوازیه‌ک وانه‌بێت ئیتر بۆ ئه‌م هه‌رایه‌ بۆ بۆ خه‌ڵک بنێینه‌وە، دواتر بێینه‌وه‌ سه‌ر هه‌مان تاس و حه‌مام به‌یه‌كتری ڕازی نه‌بین و به‌ ئه‌نجامه‌كانیش ڕازی نه‌بین دابه‌ش بین به‌سه‌ر سێ جه‌مسه‌ر و ته‌واو".
سه‌دریش ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تێک دروستبو سه‌ر به‌كه‌سانی وه‌كو مالیكی بێت ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سوپای مه‌هدی كرا له‌گه‌ڵ هێزی سه‌درییه‌كان ده‌یكه‌ن
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌م بابه‌ته‌ ئێستا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ جیاوازه‌ له‌هه‌مو جارانی تر له‌خاڵێكدا مالیكی هه‌ست ده‌كات ئه‌گه‌ر حكومه‌ت سه‌دری بێت مانای ئه‌وه‌یه‌ زۆبه‌ی ئه‌وانه‌ی وه‌ک مالیكی واز ناهێنێت ئیتر به‌ڕێكاری یاسایی و به‌ زۆر شت ڕێگری لێده‌كرێت، له‌ هه‌مان كاتیشدا سه‌دریش ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تێک دروستبو سه‌ر به‌كه‌سانی وه‌كو مالیكی بێت ئیتر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سوپای مه‌هدی كرا له‌كاتی خۆیدا ئه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ هێزی سه‌درییه‌كان ده‌كه‌ن، بۆیە ئه‌م بێ متمانەییه‌ وایكردووه‌ كه‌س ئەویتر قبوڵ ناكات کە حكومه‌ت دروست بكات".

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتو ئەوەشی وت، "ئێمه‌ له‌ناو یه‌كگرتو ئه‌و پرسیاره‌مان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی تر كرا به‌هه‌مان شێواز سه‌درییه‌كان له‌ 73 وه‌ كردیانه‌ 80 یان 65 مالیكیش له‌ 38 بوه‌ 45 یان بوه‌ 35 ئیتر هه‌مان سیناریۆ و هه‌مان شه‌ڕه‌ ده‌م و هاوپه‌یمانی ئه‌ملا و ئه‌ولا و جارێكی تر ئه‌م فلیمه‌ له‌ سفره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین پرسیارێكه‌ ده‌بێت وه‌ڵاممان هه‌بێت".