رێواز فایه‌ق: چاوه‌ڕوانیمان له‌ پارتی ئه‌وه‌یه‌ ده‌ست به‌ بنه‌ما و پڕه‌نسیپه‌ سه‌ره‌كیه‌كانیه‌وه‌ بگرێت

12:49 - 16/08/2022

1373جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌په‌یامێكدا بۆ ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، "پارتی هێزێكی مێژوكرده‌ له‌مێژوی رزگاریخوازی كوردستان و 76 ساڵ خه‌باتی له‌شاخ و پرۆسه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی ناوخۆی هه‌رێم و هه‌وراز و نشێوی زۆری تێپه‌ڕاندوه‌ تا گه‌یشتوه‌ به‌م قۆناغه‌، چاوه‌ڕوانیمان ئه‌وه‌یه‌ ده‌ست به‌بنه‌ما و پره‌نسیپه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی خۆیه‌وه‌ بگرێت".

رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ میدیاكان رایگه‌یاند، "به‌گه‌رمی پیرۆزبایی له‌پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌م به‌بۆنه‌ی 76ی ساڵیادی دامه‌زراندنی و ساڵیادی له‌دایكبونی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، ئومێدی گه‌شه‌كردن و به‌رده‌وامی بۆ پارتی و ته‌مه‌نی درێژ و له‌شی ساغ بۆ جه‌نابیان ده‌خوازم".

پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی مێژوكرده‌ له‌مێژوی رزگاریخوازی كوردستان
وتیشی، "پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی مێژوكرده‌ له‌مێژوی رزگاریخوازی كوردستان و 76 ساڵ خه‌باتی له‌شاخ و پرۆسه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی ناوخۆی هه‌رێم و هه‌وراز و نشێوی زۆری تێپه‌ڕاندوه‌، تا گه‌یشتوه‌ به‌م قۆناغه‌ و ئومێد و چاوه‌ڕوانیمان ئه‌وه‌یه‌ ده‌ست به‌بنه‌ما و پره‌نسیپه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی خۆی بگرێت و رۆڵی كاریگه‌ر بگێڕێت له‌دروستكردنی یه‌كریزی نیشتمانی و گوتارێكی نیشتمانی یه‌كگرتو له‌ئاستی ناوچه‌كه‌ و عێراق و ناوخۆ".
هیوادارین پارتی له‌گه‌ڵ هێزه‌ كاریگه‌ره‌كانی دیكه‌ی مه‌یدانی رۆڵی خۆی بگێڕێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هیوادارین پارتی له‌گه‌ڵ هێزه‌ كاریگه‌ره‌كانی دیكه‌ی مه‌یدانی سیاسه‌تكردن به‌دیاریكراوی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی خۆی بگێڕێت، چونكه‌ ئه‌م دو هێزه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌توانن ببنه‌ مایه‌ی سه‌قامگیری، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانیشیان باش نه‌بێت ده‌توانن رۆڵی خراپ بگێڕن و ناسه‌قامگیری دروستبكه‌ن".
ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و كۆی په‌رله‌مان ده‌بێت ره‌گه‌زی پاراستنی ئارامی بن
سه‌باره‌ت به‌ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، رێواز فایه‌ق رایگه‌یاند، "ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و كۆی په‌رله‌مانیش ده‌بێت ره‌گه‌زی پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری بێت له‌هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵبژاردن گرنگه‌ و كۆله‌كه‌ی دیموكراسیه‌ و ده‌بو هه‌ڵبژاردنمان له‌كاتی خۆی بكردایه‌ كه‌ 1ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی ئه‌مساڵ دیاریكرابو".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێمه‌ له‌په‌رله‌مان هه‌مو هه‌وڵێكی خۆماندا به‌یه‌كده‌نگی بڕیار بده‌ین، ئێستاش ده‌بێت له‌یه‌كتر نزیك ببینه‌وه‌ و هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌ندێك له‌داواكاریه‌كاینان سازش بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ خاڵی هاوبه‌ش چونكه‌ ئه‌گه‌ر سوربن له‌سه‌ر داواكاریه‌كانیان و سازش ده‌كه‌ن، كه‌واته‌ له‌خاڵی سفرداین و هیچمان نه‌كردوه‌".