مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی: ریفراندۆم تاجی ده‌ستكه‌وته‌كانمانه‌ و تا هه‌تایه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌

09:24 - 15/08/2022

2615جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان له‌په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی 76 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌ رایگه‌یاند، یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌كان كه‌ تاجی سه‌ركه‌وتنی پارتیه‌، ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییه‌ و تا ھه‌تایه‌ مایه‌ی شانازیی نیشتیمانپه‌روه‌رانی كوردستانه‌، وه‌ك ئه‌ستێره‌ به‌ ئاسمانی كوردستانه‌وه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌".

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "له‌ 16ی ئابی ساڵی 1946، له‌ نێو تاریكی زوڵم و ڕۆژگاری پڕ له‌ سته‌می ئه‌وكات و له‌ وه‌رچه‌رخانێكی مێژوییدا، پارتی دیموكراتی كوردستان دامه‌زرا و سه‌ركێشیی خه‌باتێكی نه‌پساوه‌ی له‌ پێناو ئازادی گه‌ل و خاك و نیشتیمان له‌ئه‌ستۆ گرت و له‌و ساوه‌ تا ئێستا، واته‌ 76 ساڵه‌، ده‌سته‌ویه‌خه‌ له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی قوربانیدانه‌ و بۆته‌ ناسنامه‌ی كوردایه‌تی و قۆناغ دوای قۆناغ، به‌ پێی ھه‌لومه‌رج و ده‌رفه‌ته‌كان ده‌ستكه‌وتگه‌لێكی فره‌لایه‌نی بۆ گه‌لی كوردستان ده‌ستھێناوه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ شانازییه‌وه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه‌".

پارتی به‌شداریی كارای له‌ پرۆسه‌ی ڕوخاندنی ڕژێمی به‌عس و پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ هه‌بو

راشیگه‌یاندوه‌، یه‌كێك له‌ده‌ستكه‌وته‌كان، "چاره‌سه‌ركردنی گرێی سایكۆلۆژیی ژێرده‌ستی و دروستكردنی ھیوا بۆ ڕۆڵه‌كانی گه‌ل، ھه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول و قوربانییه‌كانی و رێككه‌وتننامه‌ی یازده‌ی ئادار، چۆكدادان به‌ پیلانی شومی جه‌زائیر و شكاندنی نسكۆ و ھه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی نیشتیمانی، داڕشتنی پلان و نه‌خشه‌ی حه‌كیمانه‌ی ڕاپه‌ڕینی ئاداری ساڵی 1991و ڕابه‌رایه‌تیكردنی به‌ره‌ی كوردستانی له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانی و دواتر  خاوه‌ندارییه‌تیی یه‌كه‌م مانیفێستی ھه‌ڵبژاردنی دیموكراسییانه‌ی گه‌ل، شكاندنی سوپای ڕژێمی به‌عس  له‌ دوای كۆڕه‌وه‌ ملیۆنییه‌كه‌، به‌شداریكردنی له‌ دامه‌زراندنی ئه‌زمونی یه‌كه‌مین په‌رله‌مان و حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و سه‌رپێخستنی دامه‌زراوه‌كانی تری كوردستان و بڕیاری فیدڕالیه‌ت، به‌شداریی كارای له‌ پرۆسه‌ی ڕوخاندنی ڕژێمی به‌عس و پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ و نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق؛ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ردانه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، تاجی ده‌سكه‌وته‌كانیش ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی بو، كه‌ تا ھه‌تایه‌ مایه‌ی شانازیی نیشتیمانپه‌روه‌رانی كوردستانه‌، وه‌ك ئه‌ستێره‌ به‌ ئاسمانی كوردستانه‌وه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌".

پارتی خه‌بات ده‌كات له‌ پێناو  ئاشتی، ئازادی، دیموكراسی، پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "پارتی به‌ سودوه‌رگرتن له‌ جیھانبینیی (مسته‌فا بارزانی)ی ڕابه‌ری نه‌ته‌وه‌ و دامه‌زرێنه‌ری پارتی، له‌ ڕۆژی گه‌شی دامه‌زرداندنییه‌وه‌ تا ئێستا خه‌بات ده‌كات له‌ پێناو  ئاشتی، ئازادی، دیموكراسی، پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی، ھه‌روه‌ها كار ده‌كات له‌ پێناو پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و بوژانه‌وه‌ی ئابوری و گه‌شه‌كردنی كولتوری و فه‌راھه‌مكردنی باشترین ژیان بۆ ھاوڵاتیان، پێخه‌مه‌ت ئه‌و ئارمانجانه‌یش به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق له‌ كار و كۆششدایه‌ بۆ كوردستانێكی به‌ھێز و ژیانێكی باشتر".

ناوچه‌كه‌ و عێراق و كوردستان به‌ قۆناغێكی ھه‌ستیار و پڕ ئه‌ركدا تێده‌په‌ڕێت

هه‌ر له‌و په‌یامه‌یدا مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌ڵێت، "ناوچه‌كه‌ و عێراق و كوردستان به‌ قۆناغێكی ھه‌ستیار و پڕ ئه‌ركدا تێده‌په‌ڕێت، گرفته‌ سیاسی و ئابورییه‌كان تا دێت ھه‌ڵده‌كشێن، بۆیه‌ ده‌بێت ھه‌مومان ڕوه‌و چاره‌سه‌ر ھه‌نگاو بنێین، به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكان ببینین و له‌ په‌نجه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌وه‌ سه‌یری ئه‌ركه‌ ھه‌نوكه‌یی و ھه‌میشه‌ییه‌كان بكه‌ین، پارتی وه‌ك ھه‌میشه‌، ڕوی له‌ ئاشتی، چاره‌سه‌ر، یه‌كریزیی نێوخۆییدایه‌، له‌گه‌ڵ به‌غداش ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق و رێككه‌وتن و سازان به‌ بنه‌مای چاره‌سه‌ر  ده‌زانێت و له‌و پێناوه‌شدا ماندو نابێت و ھه‌مو ھه‌وڵه‌ سیاسی و دیبلۆماسییه‌كانی خۆی ده‌خاته‌وه‌ گه‌ڕ و شێلگیرانه‌ له‌و پێناوه‌دا خه‌بات ده‌كات".

نیشانەکردن

پارتی

بەپەلە