وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئه‌وروپا داوا لە واشنتن دەکەن پڕۆسه‌ی ناردنی چه‌ك خێراتر بكات

10:47 - 14/08/2022

3113جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست بڵاویكرده‌وه‌، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئه‌وروپا كه‌ ئه‌ندامی ناتۆن داوایان لە ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئەمریکا کردوە، کە پڕۆسه‌ی ناردنی چەکەکانی خێراتر بکات و پێویسته‌ هێزه‌كانی ناتۆ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ناوچه‌كه‌ بڵاویان پێبكرێت.

رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ی واشنتن له‌ راپۆرتێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، بەرپرسانی وڵاتانی باڵتیک و ئەوروپای رۆژهەڵات داوایان لە ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئەمریکا كردوه‌، کە به‌رگری خۆی له‌و وڵاتانه‌دا زیادبكات و خێرا بكات له‌ گه‌یاندنی چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی و جێبەجێکردنی ده‌قی گرێبەستە بەرگرییەکان کە پێشتر ئەنجامدراون.

پێویستمان بە موشەکی HIMARS و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕادار هەیە
کۆستی سەلیم، راوێژکاری وەزارەتی بەرگری ئیستۆنیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەکەدا رایگه‌یاندوه‌، "پێویستمان بە موشەکی HIMARS و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕادار هەیە، ئەوانە ئەو شتەن کە ئێمە زۆر پێویستمانن بۆ به‌رگری له‌ خۆمان له‌ به‌رامبه‌ر روسیا".
دەسەڵاتدارانی پۆڵندا خێراکردنی گەیاندنی هەندێک جۆری چەک بۆ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا بە چارەسەر دەزانن
دەسەڵاتدارانی پۆڵندا پێیانوایە خێراکردنی گەیاندنی هەندێک جۆری چەک بۆ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا کە لەلایەن ئەمریکاوە بەڵێنیان پێدراوە، یارمەتی بەهێزکردنی توانای بەرگری پۆڵندا و وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ دەدات.

بەپێی ڕۆژنامەکە، پۆڵندا پێشبینی ئەوە دەکات کە سیستەمی موشەکی پاتریۆت و موشەکی HIMARS و فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 و تانکی ئەبرامز لە ویلایەتە یەکگرتوەکان بکڕێت.
پێویستە وەڵامێکی زیاتر و دڵنیاكه‌ره‌وه‌یان بدرێتەوە لەلایەن کۆمپانیاكانی تایبه‌ت دروستكردنی چه‌كی بەرگریی ئەمریکاوە
پاول سۆلۆچ، سەرۆکی نوسینگه‌ی ئاسایشی نەتەوەیی پۆڵندا بەم دواییانە لەگەڵ جۆن سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، پێویستە وەڵامێکی زیاتر و دڵنیاكه‌ره‌وه‌یان بدرێتەوە لەلایەن کۆمپانیاكانی تایبه‌ت دروستكردنی چه‌كی بەرگریی ئەمریکاوە بۆ دڵنیابون لە ئەگەرەکانی وەڵامدانەوەی هه‌ر هەڕەشەیه‌ك له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یه‌وه‌.

لەم چەند مانگەی دواییدا، زۆربەی وڵاتانی ئه‌وروپا چەکیان بۆ ئۆکرانیا دابینکردوە، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ روسیادا كه‌وته‌ جه‌نگه‌وه‌، ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری نوێنەری پنتاگنەوە ڕایگەیاندوە، پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاوا قەرەبوی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات بکەنه‌وه‌ بۆ ئەو چەکانەی کە بۆ ئۆکرانیایان دابینیان کردوە.

نیشانەکردن

ناتۆ ئەمریکا ئەوروپا