هەواڵی ئەمڕۆ

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ: بۆ بڕیاری ئازادكردنی مه‌رجدار چاوه‌ڕوانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌كه‌ین

11:00 - 11/08/2022

1592جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤی هه‌رێم له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی ئازادكردنی مه‌رجدار رایگه‌یاند، جێبه‌جێكردنی بڕیاری ئازادكردنی مه‌رجدار له‌ئه‌ستۆی ده‌سته‌كه‌یاندا نیه‌، به‌ڵكو ئه‌و بڕیاره‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریه‌ و ئێستاش چاوه‌ڕوانی دوا بڕیاری ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌كه‌ن.


ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤی هه‌رێم له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، ماوه‌یه‌كه‌ تێبینیده‌كه‌ین كه‌ بابه‌تی (ئازادكردنی به‌مه‌رج)یان خستوه‌ته‌ ئه‌ستۆی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ، ئه‌م بابه‌ته‌ بۆته‌ بابه‌تی گه‌رمی میدیاكان و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین وه‌كو لایه‌نی چاودێرو داكۆكیكه‌ری مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان رونكردنه‌وه‌یه‌ك بخه‌ینه‌ به‌رده‌م ڕایگشتی.

ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ كاری پێویستی بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌نجامداوه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی مافی سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی هه‌رێم و سزادراوان به‌ تایبه‌ت

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "ڕایگشتی و هه‌مو میدیاكان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و سزادراوان و خانه‌واده‌كانیان ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ كاری پێویستی بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌نجامداوه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی مافی سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی هه‌رێم و سزادراوان به‌ تایبه‌ت، به‌ڵام كۆتا بڕیار له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ نیه‌ و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی فه‌رمی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی ده‌كه‌ین".

یه‌كه‌م: ئێمه‌ دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ بێ جیاكاری و به‌ بێ لایه‌نانه‌ كار له‌سه‌ر پاراستنی مافی راگیراوان و سزادراوان ده‌كات له‌ دیوانی ده‌سته‌ و هه‌مو نوسینگه‌كانی له‌ شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌م بابه‌ته‌شمان به‌ كردار سه‌لماندوه‌.

دوه‌م: ده‌سته‌ له‌سه‌ر ئاستی باڵا و ته‌نانه‌ت خودی سه‌رۆكی ده‌سته‌ش چه‌ندینجار سه‌ردانی چاكسازیه‌كانمان كردوه‌و له‌ نزیكه‌وه‌ چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ سزادراوان ئه‌نجامداوه‌ و سكاڵای ئه‌و سزادراوانه‌مان وه‌رگرتوه‌ كه‌ داوای ئازادكردنی به‌مه‌رج ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌ یه‌كێك له‌ كۆبونه‌وه‌ی شاندی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بون.

سێیه‌م: نوێنه‌ری ده‌سته‌ له‌ رۆژی 5-7-2022  به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌یوه‌ندیه‌كان و راگه‌یاندن  له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی كۆبۆوه‌ و به‌ نوسراوێكی فه‌رمی هه‌ڵوێستی ده‌سته‌ له‌سه‌ر بابه‌تی ئازادكردنی به‌مه‌رج گه‌یانده‌ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی.

چواره‌م: له‌ رۆژی 26-7-2022 شاندێكی باڵای ده‌سته‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی ده‌سته‌ و راوێژكاران و به‌رێوه‌به‌ری گشتی په‌یوه‌ندیه‌كان سه‌ردان و كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی ئه‌نجام دا و بابه‌تی ئازادكردنی به‌مه‌رج ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی ئاماژه‌ پێكراو بو.

پێنجه‌م: پاش چه‌ندین دیدار و كۆبونه‌وه‌ و ئه‌نجامدانی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌ردولا رێككه‌وتین كه‌سه‌ردانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم بكه‌ین بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رۆژی 1-8-2022 سه‌رۆكی ده‌سته‌ و سه‌رۆكی داواكاری گشتی سه‌ردانه‌كه‌یان ئه‌نجامداو پاش ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ كاركردن به‌ ئازادكردنی به‌مه‌رج به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك راناگیرێت و به‌مه‌رجێك مه‌رجه‌ یاساییه‌كان بیگرێته‌وه‌، داوا له‌ سزادراوانیش بكرێت ئه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ ده‌یگرێته‌وه‌ داوا پێشكه‌شی لایه‌نی یاسایی پێویست بكات و پاشان هه‌ردولایه‌نی په‌یوه‌ندار سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌ گوێره‌ی كه‌یسه‌كان بریاری پێویست ده‌ده‌ن.

شه‌شه‌م: بۆ زیاتر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ رۆژی 11-8-2022 ده‌سته‌كه‌مان دو نوسراوی فه‌رمی ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی كرد تاوه‌كو به‌ فه‌رمی وه‌ڵامی هه‌ردولا وه‌ربگرین و بتوانین وه‌ڵامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی به‌ سزادراوان و كه‌س و كاریان بده‌ینه‌وه‌ چونكه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌بێت هه‌ردو لایه‌نی دادوه‌ری بڕیاری لێوه‌ بده‌ن نه‌ك ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ.

حه‌وته‌م: له‌ رۆژی 11-8-2022 له‌به‌ر گرنگی ئه‌م بابه‌ته‌ و به‌هه‌ندوه‌رگرتنی له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی له‌دیوانی ده‌سته‌ ئه‌نجامدا له‌ كوبونه‌وه‌دا ئه‌نجومه‌نی كارگێری بڕیاریاندا ڕاپۆرتێكی تایبه‌ت به‌ كه‌یسی ئازادكردنی به‌مه‌رج بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بنێرن بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداریبن.

هه‌شته‌م: به‌و پێیه‌ش كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی لایه‌نێكی تری سه‌ره‌كی په‌یوه‌نداری ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ ئاگادارین كه‌ له‌ لای خۆیانه‌وه‌ ته‌واوی دۆسیه‌كانی ئه‌و سزاداراوانه‌ی ئاماده‌كردوه‌ كه‌ ئازادكردنی به‌مه‌رج ده‌یانگرێته‌وه‌ و تاوه‌كو بینێرن و بۆ داواكاری گشتی و بۆ ده‌ربرینی رای خۆیان و له‌وێشه‌وه‌ بینێرن بۆ دادگای كه‌تن.